کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەرکی دەوڵەتە، بژیوی کرێکارانی بێکار دابین بکات

محەممەد باقر نەوبەخت، سەرۆکی سازمانی بەرنامە و بوددجە ڕۆژی شەممە لە کۆبونەوەیەکی خەبەریدا وتی، ” لەسەر بنەمای نوێ ترین ئامارەکان، لە هاوینی ئەمساڵدا نرخی بێکاری گەیشتۆتە ١١ لەسەد و نیو”. واتە گۆیا بە بەراورد بە ڕەقەمێک کە پارەکە ئیدیعا دەکرا، ٣ لە سەدیش دابەزیوە. هەڵبەت لە ئامارێک دا نەوبەخت ئیدیعای دەکات ئەگەری هەیە کۆڵبەری لە سەر سنورەکانیش کە پەڵەیەکی شەرمەزارییە بە نێوچاوانی ڕژیمی ئیسلامیەوە، وەک کار حیساب کرابێت. با لەوە بگەڕێین، ڕاستیەکان بێ بنەما بوونی ئیدیعاکانی نەوبەخت بە روونی پیشان ئەدەن.

لەپاڵ وتەکانی بەرپرسانی ورد و درشتدا، ئیلنا لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ناوه‌ڕۆكی نامه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ئەوستانداری لورستان نێردراوه‌ دەنووسێت:” بێکاری وەک خۆرەیەکی مەترسیدار کەوتۆتە گیانی لوڕستان، لەمرۆدا گرنگترین دڵەڕاوکێی بنەماڵە لوڕستانیەکان بێکار بوونی منداڵەکانیانە، ئەو منداڵانەی کە خاوەنی مەدرەکی زانکۆن و بۆ پێکهێنانی بنەماڵە، چاوەڕێی دۆزینەوەی کارێکن. ئاغای ئوستاندار لە بەرانبەر ئەم بارودۆخەدا بە بەغیرەت و دلاوەر ناو بردنی خەڵکی ئەم ئوستانە ناتوانێ دەرد و ئازارە چەند لایەنەکانیان دەرمان بکات.”

سەرۆکی شوڕای شاری ئابادان دەڵێ تەنیا لە ئاستی ئەم شارەدا ١٢٠ هەزار کەسی بێكارن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە شاری ئابادان بە بەرینایی پیشەسازیە نەوتیەکەی خاوەنی دەرفەتی پیشەیی زیاترە بە بەراورد لەگەڵ باقی شارەکانی ئێران.” ئوستانداری ئەلبورز دەڵێ:” لە حاڵێکدا کە لە دێهاتەکان قاعیدەتەن نابێ بێکاری بوونی هەبێت، بەڵام لە ئامارەکانی ئەم ئوستانداریەدا ٤ هەزار کەس لە دانێشتوانی ئاواییەکان ناوی خۆیان تۆمار کردوە.”

ڕاستیەکەی ئەوەیە ئامارە نا ڕەسمیەکان، باس لە بوونی لانیکەم ٨ ملیۆن هێزی بێکاری ئامادە بەکار واتە ڕەقەمێکی نزیک لە سێ بەرابەری ئامارەکانی سەرۆکی سازمانی بەرنامە و بوجە، دەکەن. لە بەرانبەر ئەم سەپۆلە بەرینەی بێکاریدا بە وتەی مودیری کوللی کاروباری فەننی بیمەی كۆمه‌ڵایه‌تیی لە سەرتاسەری وڵاتدا ٢١٢ هەزار کەس لە وڵاتدا بیمەی بێکاری ئەویش بۆ ماوەیەکی سنوردار، وەردەگرن.

دەوڵەتی روحانی لە حاڵێکدا لە زمان کاربەدەستانیەوە وعدەی ڕەخساندنی هەلی کار و نزم بوونەوەی ئاستی بێکاری ئەدات و بە خۆڵ کردنە چاوی خەڵکەوە ئاماری نا ڕاست بڵاو دەکاتەوە، کە رۆژانە ژمارەیەک لە کارخانە و ناوەندە خزمەتگوزاریەکانی سەر بە کەرتی تایبەت و دەوڵەتی، وەرشکست دەبن و کرێکارەکانیان بە خێڵی بێکاران پەیوەست دەبن. ئەو کرێکارانەی کە رۆژانە ژمارەیەکیان بە داخرانی دامەزراوە و ده‌زگا ئابووریەکان دەچنە ڕیزی خێڵی بەرینی ئەو لاوانەوە کە دۆزینەوەی کارێک بۆیان بۆتە ئاوات و ئارەزویەک بەم قسە بێ ناوەرۆکانە كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم ناکرێ بێدەنگ ڕابگرێت.

بێکاری یەکێک لەو موسیبەتانەیە کە زائیدەی سیستمی سەرمایەدارییە. هەبوونی ئەڕتەشی زەخیرەی بێکاران هەمیشە سفرەیەکی ڕاخراوی پڕ لە نێعمەت بووە بۆ خاوەنانی سەرمایە. ئەم گرفتە لە دەورەی قەیرانی ئێستادا ئاستێکی سەرسوڕ هێنەری بە خۆیەوە گرتوە و بۆتە کارەساتێک. کۆماری ئیسلامی به‌ سیاسه‌ت و به‌كرده‌وه‌ هۆکاری زیاتر بوون و توند بوونەوەی ئەم موسیبەتە گەورانەیە.234

بێکاری واتە لە بەین بردنی ئەمنییەتی شوغڵی ده‌بێته‌هۆی دروست کردنی تەفرەقە لەنێو کرێکاراندا، جگه‌له‌ بنەماڵە کرێکاریەکان بەرەو ژیانێك لەژێر هێڵی هەژاریدا و تەحەمول کردنی مەرگی بە شێنەیی پاڵ پێوه‌ده‌نێ. بێکاری گرفتێکە کە ناکۆکی ڕەوانی، خەمۆکی و قینی پۆنگخواردو لە ئاسەوارە حەتمیەکانین. ئەم تڕاژیدیە غەم ئەنگیزە هەر ئەوەندە نییە، لێک هەڵوەشانی بنەماڵە کرێکاریەکان، چوون بەرەو ئیعتیاد و باقی خەسارە کۆمەلایەتییەکانی دیکە لە ئێران له‌ درێژەی بێکاری و هەژاری سەرچاوەیان گرتووە.

یەکێک لە گرنگرتین ئەو داخوازیانەی کە لە ناخی خەبات لە دژی بێکار سازیەکاندا دەبێ روو بە سەرمایەداران و دەوڵەتی سەرمایە بێتە گۆڕێ، داخوازی دابین بوونی بژێوی بێکارانە. ئەگەر بێت و دەوڵەت توانایی دابین کردنی کار بۆ بێکارانی نەبێت ئەرکی سەرشانیەتی بیمەی بێکاری کافییان بداتێ. ئەرکی دەوڵەتە بەڕێچونی کرێکارانی دەرکراو لە هەر کارخانە و ناوەندێکی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا دابین بکات. بیانوی وەک ئەوەی کارخانەکە وەرشکست بووە و هیتر نابێ لە کاربەدەستانی دەوڵەت و خاوەنانی پیشەسازیەکان قەبوڵ بکرێت. ئەمە مافێکی سەرەتایی کرێکارانە کە ئاماده‌ به‌ كارن، به‌ڵام به‌هۆكاری جۆراوجۆر كار بۆیان دابین ناكرێ.

لە ئاوا باردۆخێکدا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئەوەی گرنگە شکڵ گرتنی خۆڕاگرییە لە بەرانبەر شەپۆلی روو لە پەرەسەندنی بێکاریدا. دەکرێ لە بەرانبەر ئەم بارودۆخەدا دەست بدرێتە سەنگەر بەندی و خۆراگری کردن. وشیاری، تەشەکول و خەبات، لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی ئەم سەنگەر بەندیەن. هێرشی ڕیکخراوی سەرمایەداران لە ڕێگای دەسەڵاتی دەوڵەتیانەوە بۆسەر ئاستی ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران تەنیا بە وەجوڵە و حەرەکەت کەوتنی هێزی کرێکاران لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا تێک دەشکێت. هەموو نیشانەکان باس لەوە دەکەن کە ڕژیم ناتوانی ئەم شەپۆلی بێکارییە و داسەپاندنی بارودۆخە دژوار و تاقەت پڕوکێنەی ئێستا چاره‌ بكات بۆیه‌ به‌ سه‌ركوت كردن و هه‌ڕه‌شه‌ كردن و تۆقاندن جوابی نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ئەم هێرشە بۆسەر ئاستی بژێوی چینی کرێکار بەرەو رووی شەپۆلی بەهێزی خەباتی ئەم چینە دەبێتەوە.

کرێکاران لەم نەبەردە حەیاتیەدا پێوستیان بە هاوپشتی چینایەتی، بە وشیاری سەبارەت بە قازانج و بەرژەوەندی ئەمرۆ و سبەی رۆژیان، بە ناسینی توانایی ڕاستەقینەیان، بە تەشەکولە سینفی و سیاسیەکانیان، بە ڕێبەرانی خاوەن ئیعتبار و کارا خۆیان، بە دەرس وەرگرتن لە ڕابردویان و لە ئەزمونەکانی خەباتی جیهانی ئەم چینە یان هەیە.