کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەرمیتا گراوند: تەنانەت تاریکترین شەویش کۆتایی دێت و خۆر دەدرەوشێتەوە

images 3

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دوای ماوەیەکی زۆر شاردنەوەی هەواڵی گیانبەختکردنی ئارمیتا گراوند، سەرەنجام ڕێگەیان بە ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی ئیرنا دا کە ڕۆژی ٢٨ی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ٦ی خەزەڵوەر ئەم هەواڵە بڵاو بکاتەوە. ئارمیتا تەمەن ١٧ ساڵ و خوێندکاری قۆناغی ١١ی ڕشتەی هونەر لە دەبیرستانیعروە الثەقی، ڕۆژی ١ی ئۆکتۆبر بەرابەر  لەگەڵ ٩ی ڕەزبەر لە وێستگەی میترۆی شوهەدای تاران لە لایەن مەئموورێکی کۆنترۆڵی حیجابەوە بە توندی پاڵی پێوەنرا. ئارمیتا کە وەرزشکارێکی تکواندۆ بوو، بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیجباری لەگەڵ مەئموورێکی ژنی کۆنترۆڵی حیجاب لێیان دەبێت بە کێشە و بەهۆی پاڵ پێوەنانی مەئموورە ژنەکەوە هاوسەنگی لەدەست دەدات و سەری لە ئاسنی واگۆنەکە دەکەوێت. بە وتەی یەکێک لە شایەتحاڵەکان، کاتێک ئارمیتا دەچێتە ناو واگۆنی میترۆکە، لەبەر ئەوەی حیجابی ئیسلامی ڕەچاونەکردووە لەلایەن مەئموورێکی ژنی کۆنترۆڵی حیجابەوە هۆشداریی پێدەدرێ و دەمەقاڵەی لەگەڵدا دەکات. بە وتەی ئەم شایەتحاڵەمەئموورە ژنەکە دەنگ بەرزدەکاتەوە و پێیدەڵێت، بۆچی حیجابت نییە؟ئارمیتاش لە وەڵامدا دەڵێت: مەگەر من بە تۆ دەڵێم بۆچی چارشێوەکەت لانابەی؟ بە وتەی شایەتحاڵێکی دیکە، دوای ئەوەی ئارمیتا گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نیزامی، مسافیرێک بە یەکێک لە مەئموورە ژنەکانی حیجاب دەڵێت، ئارمیتات کوشت، ژنەکە لە وەڵامدا بە تووڕەییە دەڵێت: هەقی بوو. ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەر، شارەوانی لە ترسان هەموو مەئموورە ژنەکانی کۆنترۆڵی حیجابی لە وێستگەی مێترۆکان کۆکردەوە و بە دوای ئەوەدا بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دژبەیەک لەلایەن بەرپرسان و ڕاگەیەنەرەکانی دەوڵەتییەوە دەستیپێکرد.

مەئموورانی ئیتلاعات ئارمیتایان بردە نەخۆشخانەی فەجری سەر بە هێزی ئاسمانی و لەلایەن لیباس شەخسییەکانەوە گەمارۆ درا بۆ ئەوەی هیچ زانیارییەک دزە نەکاتە دەرەوە. تەنانەت نەیانهێشت شەهێن ئەحمەدی دایکی ئارمیتاش، بچێتە ژووری فریاکەوتن ئەو شوێنەی کە ئارمیتای بە بێهۆشی لێ خەوێندرابوو، کاتێکیش ناڕەزایەتی دەربڕی، دەستبەسەریانکرد. ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەر، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی دەوڵەتیشەرقیشیان دەستبەسەر کرد لەبەر ئەوەی بەنیازبوو ڕاپۆرتە هەواڵێک سەبارەت بەو ڕووداوە ئامادە بکات. سەرەڕای هەمووی ئەمانە ڕۆژنامەنووسە جەماوەرییەکان دەستبەجێ هەواڵەکەیان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە و درۆ و چەواشەکارییەکانی ڕژیمیان سەبارەت بەوەی کە گوایە ئارمیتا بەهۆی لاوازیی جەستەییەوە بێهۆش بووە، ئاشکرا کرد. ئەوان بە خستنەڕووی ڕاستییەکان سەلماندیان کە جینایەتکارانی ڕژیم مەهسایەکی تریان لەگەڵ مەرگ بەرەوڕوو کردووەتەوە. هەروەها ڕۆژی ١١ی ڕەزبەر دوو شایەتحاڵ بە ڕۆژنامەی گاردیانیان ڕاگەیاند کە هەر کە ئارمیتا چووە ناو واگۆنەکە، مەئموورێکی کۆنترۆڵی حیجاب بەتووڕەییەوە بەو کچە تازەلاوەی وت کە بۆچی حیجابی ئیسلامیت ڕەچاونەکردووە و کاتێک لەگەڵ کاردانەوەی ئارمیتا بەرەوڕوو بووەوە، بە توندی پاڵی پێوەنا.

کاتێک کە هەواڵی بێهۆشبوونی ئارمیتا گراوەند بوو بە مانشێتی سەرەکی ڕاگەیەنەرەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بەرپرسانی ئیتلاعات ویدیۆیەکی مۆنتاژکراوی ڕووداوەکەیان بڵاوکردەوە، بەڵام هیچ کەس باوەڕی پێ نەکرد. ئارمیتا ڕۆژی ١٣ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٨٥ لە گوندێکی سەر بە لوڕستان لەدایکبوو، لە شاری کرماشان گەورە بوو و دواتر لە تاران درێژەی بە خوێندن دا. ناوبراو کچێکی نوێخواز، بوێر، وشیار و ئازادیخواز بوو کە لە ڕێگەی تابلۆ و وێنەکێشان و وشە شیرینەکانییەوە بیرۆکەکانی خۆی دەربڕی. ئەو کە پێشتر پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانیژن، ژیان، ئازادیکردبوو، وێڕای ئاماژە بە ناوی مەهسا ئەمینی و یادکردنەوە لە گیانبەختکردووانی تر، نووسیویەتی: “ڕژێمێکی کە خیانەت لە گەنج و لاوەکانی دەکات هیچ داهاتوویەکی نییە“. ئارمیتا لە یەکێک لە ستۆریەکانی لە ئینستاگرام لەگەڵ دانانی وێنەی پەنجەرەیەکی کە هەوای بوومەلێڵی سەرلەبەیانی نیشان دەدات، نووسیویەتی، تەنانەت تاریکترین شەویش کۆتایی دێت و خۆر دەدرەوشێتەوە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە ماوەیەکی زۆر بوو ڕێگەیان بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانبەختکردنی ئارمیتا گراوند نەدەدا، هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشی جینایەتکارانەی ئەرتەشی دژە ئینسانی ئیسرائیل و چوونی ئەو هێزانە بۆ ناو خاکی غەززە و ڕاکێشرانی سەرنج و بیروڕای ناوەوە و دەرەوە بەرەولای ئەو شەڕە، ئیزنیان دا کە هەواڵەکە بڵاوبکرێتەوە. ئەوان کە هاوشانی بزووتنەوەی حەماس هۆکاربوون لە هاندانی هێزە جینایەتکارەکانی ئیسرائیل بۆ  داڕشتن و بەڕێوەبردنی پلانی جینۆساید لەدژی خەڵکی غەززە، هیوادارن بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانبەختکردنی ئارمیتا، شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیسەرهەڵنەداتەوە. بەڵام وادیارە کە بەرپرسانی جینایەتکاری ڕژیم بەهەڵەدا چوون، هەر کە ئەو هەواڵە بڵاوکرایەوە، ناوی ئارمیتا بوو بە یەکەم سەردێڕی هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. زۆرێک لە کەسایەتییە ناسراو و بەناوبانگەکانى دەرەوەی وڵات و ئینسانە بوێر و کاریگەرەکانی ناوخۆی وڵات، لەدژی درۆ و چەواشەکارییەکانی ڕژیم و دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵ بەهمەن گراوەند و شەهێن ئەحمەدی دایک و باوکی ئارمیتا، لێدوانیان دا. فاتمە حەیدەری، خوشکی جەواد حەیدەری، یەکێک لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، سەبارەت بە مەرگی ئارمیتا زیاتر لەوەی کە دڵتەنگ بم، تووڕەم، لەبەرئەوەی کەیەکێکی دیکە لە ئێمەیان کوشت. کامێلیا سەجادیان دایکی محەممەد حسێن تورکمان یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە، نووسیویەتی: خوێنی گەشی جگەرگۆشەکانمان پێشێل نابێت.