ئه‌و ڕسته‌یه له لایه‌ن نوێنه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی ڕه‌شپێسته‌كان له ئاڵمان، ڕۆژی سێشه‌ممه ٩ی مانگی ژۆئه‌ن به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٢٠ی جۆزه‌ردان، له‌سه‌ر گڵكۆی “ئاڵبێرتۆ ئادریانۆ” له شاری “دسانۆ“ی ئاڵمان، وترا. ئادریانۆ باوكی سێ منداڵ بوو كه له ته‌مه‌نی ٣٩ ساڵی له ١٤ی مانگی ژۆئه‌نی ساڵی ٢٠٠٠، واته سێ ڕۆژ پاش برینداركرانی له لایه‌ن سێ كه‌سی نێئۆنازی، له نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ست دا. “ئێمه‌ی خه‌ڵكی ڕه‌شپێست چیتر نامانهه‌وێ بگرێن. ئێمه ده‌مانهه‌وێ ئه‌وه ببینین و له‌بیرمان نه‌چێته‌وه كه خوشك و براكانی ئێمه له سه‌رتاسه‌ری جیهان و هه‌موو ڕۆژێ له ماوه‌ی ئه‌و هه‌مووه ساڵه‌دا چی‌یان به‌سه‌ر هاتووه”، “له هه‌موو شوێنێك ئه‌و ترسه‌مان له دڵ دایه، ترسێك كه ناهێڵێ ئۆقره بگرێن. له‌وێ له‌و وڵاته‌ی كه لێی دایك بووین و لێره‌ش له‌و وڵاته‌ی كه كۆچمان كردووه بۆی“. دوو ڕۆژ دواتر پتر له ١٥٠ كه‌س له په‌نا گۆڕی “ئاوری یالوه” كۆبوونه‌وه. سێلوولهكهی ئه‌و هه‌ر له‌و ئه‌یاله‌ته‌ی ئاڵمان له ساڵی ٢٠٠٥دا به‌ده‌ستی پۆلیس ئاگری تێبه‌ردرا و ته‌نیا خۆڵه‌مێشێك له جه‌سته‌ی سووتاوی ته‌حویلی بنه‌ماڵه‌كه‌ی درایه‌وه. به‌شدار بووانی كۆبوونه‌وه‌كه ناوی ١٨٠ كه‌سیان نووسیبوو كه له نێوان ساڵه‌كانی ١٩٩٠ تا ٢٠١١ ببوونه قوربانیی توندوتیژیی پۆلیس یان ڕه‌وته نێئۆفاشیستیهكان. وته‌بێژی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه ده‌ڵێ: “سیاسه‌تی داسه‌پێندراو له لایه‌ن به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تیه‌وه دژبه كۆچبه‌ران، دژبه ڕه‌نگین پێسته‌كان، دژبه په‌نابه‌ران و دژبه بێبه‌شان، به‌ستێنێكه بۆ ڕاسیسم و بۆ سۆسیال داروینیسم و لۆژیكی بازاڕدۆزیی كۆمه‌ڵگا“. لێره، له ناوه‌ندی ئۆرووپای پێشكه‌وتوودا، ڕووداوێكی زۆر ده‌گمه‌ن نییه ئه‌گه‌ر به‌هۆی ڕه‌نگی پێستت، پۆلیس له‌ناكاو له به‌رامبه‌رتدا ڕاوه‌ستێ و داوای به‌ڵگه‌ی پێناسه‌ت لێ‌بكا، لێره ڕووداوێكی زۆر نایاب نییه كه په‌نابه‌ر له كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌ریدا بكه‌وێته به‌ر لێدان و توندوتیژی فیزیكی و یان مرۆڤێك به‌خاتری ڕه‌نگین پێست بوونه‌كه‌ی له زیندانه‌كاندا له‌ژێر ده‌ست و پێی پاسه‌وانانی زینداندا جه‌سته‌ی تێكبشكێت.
ڕۆژی شه‌ممه پاریس بۆ جارێكی دیكه شایه‌دی خۆپیشاندانی دژه ڕاسیسم و توندوتیژیی پۆلیس بوو. ناڕازیان به‌خاتری مه‌رگی “ئاداما ترائوره”، پیاوه ڕهشپێستهكهی كه له ساڵی ٢٠١٦دا له لایه‌ن پۆلیسه‌وه كوژرا، كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌ژێر ناوی “عه‌داڵه‌ت بۆ ئاداما” به‌ڕێوه‌برد. نزیك به ١٥ هه‌زار كه‌س له گۆڕه‌پانی كۆماری له پاریس كۆبوونه‌وه و خۆیان به به‌شێك له بزووتنه‌وه‌ی هاوپشتی له كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیی ڕه‌شپێسته‌كان پێناسه كرد. خوشكی “ئاداما” له وته‌كانی دا ڕایگه‌یاند “ئه‌وه‌ی وا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مرێكا ڕوویدا له فه‌رانسه‌ش ڕوو ده‌دا“. بێگومان حه‌ق به‌و بوو. كێ ده‌توانێ په‌لاماری به‌رده‌وام و وه‌حشیانه‌ی پۆلیسی فه‌ڕانسه بۆسه‌ر په‌راوێزی شاره گه‌وره‌كان به‌تایبه‌ت پاریس فه‌رامۆش كات. ئه‌و ناوچانه‌ی كه دانیشتووانی په‌نابه‌رانی ڕه‌نگین پێستی غه‌یره ئۆرووپایین، مه‌یدانی هێرش و په‌لاماری به‌رده‌وامی پۆلیسن. هه‌مووی ئه‌وانه به‌ناو ئه‌و مرۆڤه ده‌ره‌جه دوویانهن كه نه‌سل له‌دوای نه‌سل له كلۆنیهكانی فه‌ڕانسه‌دا كرانه كۆیله و له سه‌رده‌مێكیشدا بوون به قوربانیی بێ ده‌سه‌ڵاتی شه‌ڕی داگیركارانه‌ی بورژوازیی فه‌ڕانسه. ئێستاش له مالی، سیاسه‌تی كلۆنیزاسیۆنی ئیمپریالیسمی فه‌ڕانسه به زه‌بری هێزێكی چه‌ند هه‌زار كه‌سی، به‌كرده‌وه ده‌ردێت.
شه‌وی هه‌ینی، “ریشاد برووكز” پیاوه ڕه‌شپێسته ٢٧ ساڵه‌كه‌ی كه له به‌رامبه‌ر پاركینگی ڕێستوورانێكدا له ماشێنهكهیدا خه‌وتبوو، له لایه‌ن پۆلیسی ئاتلانتاوه ته‌قه‌ی لێكرا و گیانی له‌ده‌ست دا. دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی پیاوێكی ڕه‌شپێست له ڕۆژی سێشه‌ممه كه به دارێكه‌وه هه‌ڵاوه‌سرابوو، خۆی بوو به هانده‌رێكی تازه بۆ هاتنه سه‌ر شه‌قامی ده‌یان هه‌زار كه‌س له كالیفۆرنیا.
له هۆله‌ند له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا له‌سه‌ر بانگه‌وازی “گیانی ڕهسپێستهكان بایه‌خی هه‌یه” ده‌یان هه‌زار كه‌س له پاركی ناوه‌ندی ئامستێردام، پێته‌ختی ئه‌م وڵاته، كۆبوونه‌وه. هه‌ر له‌م ڕۆژه‌دا له شاری “زوله” چه‌ند وێنه‌یه‌ك له “تومی هولتنز” به‌رز كرابۆوه. ئه‌و له ١٤ی مانگی مارس، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٢٥ی ڕه‌شه‌ممه، پاش ده‌ستبه‌سه‌ركرانی له لایه‌ن پۆلیسه‌وه، گیانی له‌ده‌ست دا. زۆرێك ئه‌وكات بایه‌خیان به مه‌رگی ئه‌و نه‌دا. به‌ڵام ئێستا مه‌رگی دڵته‌زێنی “جۆرج فلۆید” بوو به‌هۆی ئه‌وه‌یكه مه‌رگی ئه‌ویش كه له ژێر چه‌كمه‌كانی پۆلیسدا گیانی له‌ده‌ست دابوو، سه‌ره‌نجی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و خۆی ڕاكێشێت. له ئێستادا له هۆله‌ند، مێژووی خوێناویی داگیركاریی ئه‌م وڵاته و جه‌نایاتێك كه كۆیلهدارانی هۆله‌ندی له ناوچه داگیركراوه‌كاندا ئه‌نجامیان داوه، هه‌ڵدراوه‌ته‌وه. لێره بۆجارێكی دیكه خه‌ڵك له ڕوانگه‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌ی وا كرانه كۆیله ده‌ڕواننه ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی كه سه‌مبۆلی سه‌رده‌می تاڵ و خوێناویی جه‌نایه‌تی كۆیلهداران بوون.
له شاری بریستۆلی بریتانیا ناڕازیان په‌یكه‌ری بازرگانی كۆیله و یه‌كێك له سهمبۆلهكانی ئه‌مشاره واته “ئێدوارد كالستۆن“یان سه‌رنخوون كرد و فرێیاندا ناو ڕووباره‌وه. له شاری “ئانتۆرپ“ی بێلژیك “په‌یكه‌ری “لێئۆپۆلدی دووهه‌م” كه له ساڵی ١٨٦٥ تا ١٩٠٩ پاشای ئه‌م وڵاته بوو هێنایانه خوارێ. بێلژیك به‌خاتری تاڵانكردنی مه‌عده‌نی ئه‌ڵماسی كۆنگۆ بوو به یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتانی ئۆرووپایی. ئه‌و پاشا بێلژیكیه له ده‌ورانی دسه‌ڵاته‌كه‌ی له كۆنگۆ، پتر له ١٠ ملیۆن كه‌سی له خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته كوشت. له‌ئێستادا سه‌رده‌می پاشایه‌تی ئه‌و، به‌تایبه‌تی، له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می په‌ڕاندنی ده‌ستی كرێكارانی مه‌عده‌نه‌كان، په‌یوه‌ند دراوه.
ئێستا ده‌توانین به‌وه بگه‌ین كه بۆچی كوژرانی “جۆرج فلۆید” بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تیی جیهانیی وه‌ڕێخستووه كه توندوتیژیی سیستماتیكی ئۆرگانه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی بورژوازیی له گوشه و كه‌ناری جیهان خستووه‌ته به‌رچاوی خه‌ڵك. ئه‌گه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی “گیانی ڕه‌شپێست بایه‌خی هه‌یه” ڕۆڵێكی گرینگی له په‌ره‌سه‌ندن و درێژه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی ئێستادا هه‌یه، به‌ڵام نابێ له‌بیرمان چێته‌وه كه ئه‌م بزهووتنهوه ناڕه‌زایه‌تیه، ئاسۆ دیاریكراوه‌كانی خۆی تێپه‌ڕاندووه. مێژووی كوشت و كوشتاری دانیشتووانی خۆجێیی ناوچه داگیركراوه‌كان، مێژووی به‌تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی سرووشتی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه و مێژووی ئاواژووی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگای سه‌نعه‌تیی ئۆرووپا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له‌ژێر سوڵته‌ی مێژوونووسانی كۆمه‌ڵگه‌ی سپیه‌وه هاتووه‌ته ده‌ر و خراوه‌ته به‌ر چاوی مرۆڤی پێشكه‌وتووه‌وه. ئیتر به سه‌ختی ده‌كرێ حاشا له‌وه بكرێت كه كه‌ڵه‌كه كردنی سه‌رمایه له كۆمه‌ڵگه‌ی سپی‌دا، له ڕێگه‌ی كاری هه‌رزان و زۆر جار كاری بێ مزد و به‌كۆیله گرتنی دانیشتووانی ناوچه داگیركراوه‌كان بووه. نابێ بۆ ساتێكیش له‌بیرمان بچێته‌وه كه كۆیلهتیی مۆدێرنی ئه‌مڕۆ، له‌سه‌ر بناغه‌كانی كۆیلهتیی چوار سه‌ده‌ی ڕابردوو بینا كراوه.