سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ۶ی گەلاوێژ، لە کاتێکدا کە هێزە ئەمنییەکان لە ئێوارەی ڕۆژی پێشترەوە مەیدانی عەلیخانیی ئەیسفەهانیان بە شێوەیەکی بەربڵاو داگیر کردبوو، کۆماری ئیسلامی سزای ئێعدامی ئەبولفەزڵ سپاهی بادجانی و ئەمیرحوسێن سەفەری حسێن ئابادیی لەبەردەم ڕای گشتی جێبەجێ کرد. ئەم دوو کەسە، لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ بوون، کە تەنیا دە ڕۆژ دوای لەسێدارەدانی عیرفان ئیسفەندیاریی تەمەن نۆزدە ساڵ و گوڵمحەممەد محەممەدی، هاوڵاتیی تەمەن بیست و سێ ساڵی ئەفغانستان، لە گرتووخانەی دەستگرد لەسێدارەدران. بەم شێوەیە، لە کەمتر لە دە ڕۆژدا، لانیکەم چوار کەس لە تۆمەتبارانی یەک پەروەندەی قەزایی لەسێدارە دراون و دەیان دەستبەسەرکراوی دیکەش هێشتا مەترسیی بەڕێوەچوون یان دەرچوونی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ئەوەی لە مەیدانی عەلیخانی ڕووی دا، ناکرێت تەنیا لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارێکی دادوەریدا لێی تێبگەین. هەڵبژاردنی هەمان ئەو مەیدانەی کە ئەو ڕووداوەی تێدا ڕوویداوە، بەڕێکەوت نییە، ئەم هەڵبژاردنە، بەشێکە لە شانۆگەرییەکی حیساب بۆکراو. حکومت بە گەڕاندنەوەی لەسێدارەدان بۆ هەمان شوێنی ناڕەزایەتییەکان، دەیەوێت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان خۆپیشاندانی سیاسی و مەرگدا دروست بکات. وەک ئەوەی بڵێت هەر شەقامێک ببێتە شوێنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، دەکرێت بێتە شوێنی سێدارەش. ئەمە هەمان لۆژیکی ئەو سزادانە نمایشییەیە کە ئامانجەکەی تەنیا سزادانی کەسی سزادراو نییە، بەڵکوو گەیاندنی پەیامێکە بۆ تەواوی کۆمەڵگە.
جێگیربوونی بەربڵاو و پێشوەختەی هێزە ئەمنییەکان و هەوڵی ڕێکخراویان بۆ بڵاوەپێکردنی ئەو هاوڵاتییانەی کە بە مەبەستی ناڕەزایەتی یان تەنیا وەک شاهیدێک کۆببوونەوە، نیشانی دەدات کە حکومت هەر لە پێشترەوە کاردانەوەی ئەگەریی خەڵکی پێشبینی کردووە و بەرنامەرێژی کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی. ئەم ئامادەباشییە ئەمنییە خۆی لە خۆیدا دەرخەری شتێکی گرنگە. حکومەتێکی کە خۆی لە پێگەی دەسەڵاتێکی ڕەهادا دەبینێتەوە، پێویستی بەم ئاستە لە ئامادەکاری ئەمنیی پێشوەختە نییە. ئەم ئامادەیییە، زیاتر لەوەی کە نیشانەی هێز و دەسەڵات بێت، نیشانەی ترسە، ترسێک کە ڕەشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە حکومەت بەباشی لە لاوازی و لەرزۆکیی پایەکانی ئەو نیزامە نادادپەروەری خۆی تێدەگات.
مۆدێلی مێژوویی کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدا ڕوونە. لە ۴۷ ساڵی ڕابردوودا، هر کاتێک ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان پەرەیان سەندبێت و ترسی هەرەسهێنانی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی لە نێو ناوەندەکانی دەسەڵاتدا توندتر ببووبێتەوە، سەرکوت و توندوتیژیی ئاشکراش زیاتر بەسەر فەزای گشتیدا زاڵ بووە. لەسێدارەدان، ئەشکەنجە، شەلاق و سووکایەتی پێکردنی گشتی، لە زومرەی ئامرازە هەمیشەیییەکانی ئەم ڕژێمە بوون بەمەبەستی بەرهەمهێنانەوەی ترس و بێدەنگکردنی خەڵک. ئەوەی ئەمرۆ لە ئیسفەهان دەیبینین، هەوڵێکە بۆ ئاساییکردنەوەی توندوتیژیی لە بارودۆخێکدا کە کۆمەڵگە هێشتا یادەوەریی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی بە زیندوویی ڕاگرتووە.
بەڵام خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە کە ئەم ئاساییکردنەوەی توندوتیژییە، خۆی بەرهەمی قەیرانێکی قووڵترە. حکومەتێک کە ئامرازی سەرەکیی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی، بریتی بێت لە نمانیشی ئاشکرای مەرگ، حکومەتێکە کە ڕێگە ئاساییەکانی دەسەڵاتدارێتی لەدەست داوە. لەسێدارەدان لەبەردەم ڕای گشتیدا، نەک نیشانەی سەقامگیری، بەڵکوو نیشانەی داماوی و سەرلێشێواوی حکومەتە لە ئاست چارەسەرکردنی ئەو دژوازییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییانەی کە لە ناخی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا ڕەنگیان دایەوە، دژوازییەکی سەرچاوەگرتوو لە هەژاری، بێکاری، هەڵاوسان و نادادپەروەریی، کە سەرکوت و توندوتیژیی چارەسەریان ناکات، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت بۆ ماوەیەک دوایان بخات.
لە بەرامبەر ئەم شانۆگەرییەدا، پرسیاری سەرەکی بۆ کۆمەڵگە و بۆ هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان ئەوەیە کە: چۆن دەکرێت ڕێگری لەوە بکرێت کە شەقام و مەیدان بکرێتە شوێنی نمایشکردنی تاوان، بێئەوەی گیانی هاوڵاتییان بکەوێتە مەترسییەوە؟ یەکەم هەنگاو، بریتییە لە نەچوونی ئاگایانە بۆ تماشاکردنی ئەو ڕووداوانە. لەسێدارەدانی ئاشکرا بۆ کاریگەرییدانان، پێویستی بە تەماشاکەر هەیە، خۆ بواردنی بەکۆمەڵ و نەچوون بۆ سەیرکردنی ئەو دیمەنانە، یەکەم شێوازی خۆڕاگریی مەدەنییە لە بەرامبەر ئەو کردەوەیەدا. بەڵام ڕەتکردنەوە بە تەنیایی بەس نییە. بەڵگەدارکردنی ئەم تاوانانە، گەیاندنی زانیاریی بەربڵاو بە سەرانسەری ئێران و جیهان، ناڕەزایەتیی بەکۆمەڵ و هاوپشتیی ڕێکخراو لە نێوان بنەماڵەی سزادراوان، هەڵسووڕاوانی مەدەنی و هێزە سیاسییەکان، دەتوانێت ئەم ڕێوڕەسمە قێزەونە بکات بە ڕق و نەفرەتێکی هەرچی زیاتر بەرامبەر بە ڕژێم و تێچووی سیاسیی بۆ حکومەت بباتە سەرێ.
واقیعییەت ئەوەیە کە خەبات لەدژی سزای لەسێدارەدان ناتوانرێت لە خەبات لەدژی تەواوەتی سیستەمی سەرکوتی چینایەتی و سیاسی جیا بکرێتەوە. لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییە، ئەڵقەیەکە لە هەمان ئەو زنجیرەیەی کە کرێکارانی ناڕازی دژبە حەقدەستە دواکەوتووەکان، ژنانی بێکاری سەرپەرشتی بنەماڵە، کۆڵبەران لە کوردستان و سووختبەران لە بەلووچستانیش لەخۆ دەگرێت. وەڵامدانەوە بەم زنجیرەیە، تەنیا دەتوانێت بریتی بێت لە هاوپشتییەکی بەربڵاوی چینایەتی و سیاسی، هاوپشتییەکی کە سنوورە نەتەوەیی و جوگرافییەکان تێدەپەڕێنێت، هەروەک چۆن لە لەسێدارەدانی هاوبەشی هاوڵاتییەکی ئێرانی و هاوڵاتییەکی ئەفغانستانی لە یەک کەیسدا، دەرکەوت کە سەرکوت نەتەوە ناناسێت.
لەسێدارەدان بۆ تەماشاکردن نابێت، بەڵام بێدەنگ بوونیش لە بەرامبەریدا ڕێگەیەک بەرەو ڕزگاری ناکاتەوە. تەنیا بە ناڕەزایەتیی یەکگرتووانە، بەردەوام و وشیارانەیە کە دەکرێت کۆتایی بەم نمایشی مەرگ بهێنرێت و ڕێگە بۆ کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرانەتر و ئازاد لەسەر بنەمای ئەمنییەت و خۆشگوزەرانی و بەدوور لە توندوتیژیی حکومی خۆش بکرێت.
