به پێی ڕاپۆرتی رێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو، بەرەبەیانى ڕۆژی شه‌ممه ٢٣ی ڕه‌شه‌ممه، “مستەفا سەلیمى” یه‌كێك له هه‌ڵاتووانی زیندانی سه‌قز، له سێداره درا.
به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، پێشتر کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردبووه‌وه، مستەفا سەلیمی به‌ندكراوی سیاسیی بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یه‌كێك له حیزبه نه‌یاره‌كانی ڕژیم” سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو. شایانی باسه، ناوبراو یەکێک بوو لەو به‌ندكراوانه‌ی كه لە ماوەی رابردوودا توانی بووی لە زیندانی سەقز ڕابكات و دواى ئەوەى روویکردە هەرێمی کوردستان، لە پێنجوێن دەستگیركرا و رادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران كرایه‌وه. ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٧ی ڕه‌شه‌ممه‌ی پاره‌كه، نزیکەی ٨٠ بەندکراو لە زیندانی سەقز له ناڕه‌زایه‌تیی به دۆخی ناله‌باری زیندان و دابین نه‌كرانی ئیمكاناتی بێهداشتی و پێشگیرانه بۆ به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ویرووسی كۆرۆنا له‌م زیندانه ده‌ستیاندابووه ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیی و ڕایانكردبوو. شایانی باسه، ڕاده‌ست كردنه‌وه‌ی مسته‌فا سه‌لیمی له لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تییه‌كی به‌رینی خه‌ڵكانی ئازادیخواز و تێكۆشه‌ری سیاسی له ڕێگای تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه و ئه‌م تێكۆشه‌رانه ئه‌م ڕاده‌ست كردنه‌وه‌یه به نیشانه‌ی هاوده‌ستی له‌گه‌ڵ ڕژیمی جه‌نایه‌تكاری كۆماری ئیسلامی ده‌زانن و مه‌حكوومیان كردووه.