بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی زایینی، ٨ هاووڵاتییان لەو زیندانەدا ئێعدام کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانبار، حوکمی لەسێدارەدانی ٨ هاووڵاتی بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست”، لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە جێبەجێ کرا. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، شوناسی دوو هاووڵاتی لەو ٨ هاووڵاتییە لەسێدارەدراوەی بە ناوەکانی “حوسێن غوڵامی” تەمەن ٢٨ ساڵ و “سامان دوستی” تەمەن ٣٠ ساڵ لە بەندی ١ی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕاگەیاندووە. هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو ٦ هاووڵاتییە ئێعدام کراوەی دیکە ڕوون نەبووەتەوە.