کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئێران ناوەندی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان

photo 2024 11 09 10 44 20

ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە مێژە بووەتە گۆڕەپانی نەبەردی نێوان کرێکاران و ڕێژیم و خاوەنکاران و هەروەها مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی ژنانی ئازادپۆش، دادخوازان، خوێندکاران و باقی بەشە پیشەیی و چین و توێژە ناڕەزایەتییەکانی دیکە لەدژی ڕێژیم. بۆ نموونە تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، شاهیدی بەڕێوەچوونی چەندین ئاکسیۆن و ویست و داخوازیی کرێکاران و خانەنشینان و هەروەها کاردانەوەکانی کۆماری ئیسلامی بووین لە بەرامبەر ئەو ناڕەزایەتیانەدا. هەرلەم هەفتەیەدا خەبات و ناڕەزایەتی و کۆڕ و کۆبوونەوەی پەرستاران گەلێک بەرچاو بوو. شۆڕای هەماهەنگی ناڕەزایەتی پەرستاران، بۆ ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، بە بۆنەی ڕۆژی پەرستار، بانگەشەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە و مانگرتنی ناڕەزایەتیی سەرتاسەری کردبوو. پەرستارانی شارە جۆراوجۆرەکان وەڵامی ئەرێنییان بەم بانگەوازە دایەوە. بە پێی ئەو ڕاپۆرتەکان، پەرستارانی ژن و پیاو لەو ڕۆژەدا لە ورمێ، هەمەدان، یەزد، ئەردەکان، جەهرۆم، فەسا، ڕامهورموز، بافق، مەیبەد، قوم، ئەهواز، تەبەس و مەشهەد، جگە لە بەشی فریاکەوتن و خزمەتگوزارییە پێویستەکان، سەرجەم بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانەکانیان داخست. ئەوان وێڕای وتنەوەی دروشم و پێداگریی لەسەر گەیشتن بە داواکارییەکانیان، دژ بە کێشە و گرفتی لەڕادەبەدەری کاریی و دواکەوتنی حەقدەست و هەروەها سیاسەتی پشتیوانی نەکردنی حکوومەت لە ستافی دەرمانی، ناڕەزایەتیان دەربڕی. پەرستارانی ناڕازی خوازیاری گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا بەمەبەستی باشترکردنی بارودۆخی بژێوی ژیانیان، لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی باجی پەرستاری، هەموارکردنەوەی ئاستی حەقدەستەکانیان لەسەر بنەمای ڕێژەی هەڵاوسان، بەتایبەتی مافی کارکردن، مافی نیشتەجێبوون، مافی هاتووچۆ، زیادکردنی حەقدەستی سەعاتەکانی ئیزافەکاریی بە پێی ڕێژەی هەڵاوسان، جێبەجێکردنی یاسای “ئیزافەکاریی ئیختیاری” بەبێ گوشارخستنەسەر کارمەندان و دامەزراندنی هێزی کاری نوێ، لەسەر بنەمای ستانداردی جیهانی واتە “رێژەی پەرستار بۆ هەر تەختێک” بوون. پەرستاران لە دروشمەکانیاند خوازیاری باشتربوونی بارودۆخی کار، ئاستی داهات و بژێوی ژیانیان بوون و هەروەها لە دژی بوونی گەندەڵی لە وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوە تەندروستییەکانی وڵات ناڕەزایەتیان دەربڕی. ئەوان هەروەها دژبە سەرکوت و دەستگیرکردنی بەشێک لە هاوکارەکانیان لەوانە موحەڕەم عەلی ڕەمەزانی نوێنەری یەکەمی پەرستارانی زەنجان، ناڕەزایەتیان دەربڕی و خوازیاری ئازادی دەستبەجێی ناوبراو بوون.

کرێکارانی فەرمی کەرتی پیشەسازیی، ئەرکانی سالس

و پەیمانی، بۆ ماوەی چەندین هەفتەی بەردەوام، مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. بەپێی ڕاپۆرتەکانی شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی فەرمی نەوت (ئەرکانی سالس)، ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەر، چواردەیەمین هەفتەی سێشەممە ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی ئەرکانی سالس و پشتیوانیی شیرکەتە پەیمانکارییەکان بەمەبەستى بەدواداچوون بۆ ویست و داواکارییەکانیان و هەروەها لەدژی بەڵێنییە درۆینەکانی خاوەنکاران بەڕێوەچوو. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، سەرەڕای هەڕەشەکانی حەراسەت و بەڕێوەبەرانی ناوەندەکانی کار، ئەم کۆبوونەوانە لە پاڵاوگەکانی سێیەم، پێنجەم، حەوتەم، هەشتەم، نۆیەم، دەیەم و دوانزەهەمی کۆمەڵگەی پاڵاوگەکانی گازی پارسی باشوور، لەدژی حەقدەستی ناعادڵانە و درۆ و دەلەسەی بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندانە بەرێوە چوون. داواکارییە سەرەکییەکانی هاوکارانی ئەرکانی سالس بریتین لە: مافی ڕێکخراوبوون، مافی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین، نەهێشتنی یەکجاریی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، گەڕانەوەی دەستبەجێ و بێ شەرت و مەرجی سەرجەم کرێکارانی لەسەرکار دەرکراو و هەروەها کۆتاییهێنان بە هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی لەگەڵ کرێکارانی ناڕازی، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی پێشوو، بەتایبەتی پرسی مەرەخەسی بە حەقدەستەوە و پێدانی هەزینەی کەمپ (هەزینەی بڕینی ئەو ئیمکاناتە خۆشبژێویانەی) کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی کۆمەڵگەی گازەوە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، جێبەجێکردنی دروستی تەرحی تەبەقەبەندی کار و سیستەمی حەقدەستی دادپەروەرانە و هاوتای کرێکارانی فەرمی و گرێبەست بەپێی ڕێککەوتنەکانی پێشوو لەگەڵ وەزارەتی نەوت، جێبەجێکردنی تەرحی تەبەقەبەندی پیشە بۆ ئەو شۆفێرانەی کە خاوەنی ئۆتۆمبێلە کرێگرتەکان نین، ڕێکخستنی هاتوچۆ و ڕەخساندنی ئەمنییەتی پیشەیی بۆ ئەوان و هەروەها جێبەجێکردنی بێ جیاوازی ١٤ ڕۆژ کارکردن و ١٤ ڕۆژ پشوو بۆ کرێکارانی بەشی کارگێڕی و پشتیوانی.

جگە لە کرێکارانی لەسەرکار، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینانی کەرتە جیاوازەکانیش هەموو هەفتەیەک لە شارە جۆراوجۆرەکان بەڕێوە چووە. ئەوان بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی تەرحی یەکسانکردنی حەقدەست و یارمەتییەکان، پەرەسەندنی کێشە ئابوورییەکان، نەبوونی پاڵپشتی بیمەی دەرمانی و بێبەشبوون لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، ناڕازین. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو کۆبوونەوە مەدەنی و سیاسییانە بەردەوام بوون. داواکاری سەرەکی خانەنشینان لەو کۆبوونەوانەدا بریتی بوون لە ئازادیی تێکۆشەرانی سیاسی و کرێکاریی “شەریفە محەممەدی، وریشه مورادی، نەسیم سیمیاری و پەخشان عەزیزی. هەروەها لە دژی نایەکسانی یاسایی ژنان و پیاوان، گرانی، هەژاری و گەندەڵی، هەڵاوسان و بارودۆخی دژواری ژیانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی. بەردەوامیی هەماهەنگ و هاوکاتی کرێکارانی فەرمی نەوت، ئەرکانی سالس، پەیمانی، بەشە جۆراوجۆرەکانی پەرستاری لە شارە جیاوازەکان و هەروەها خانەنشینانی کیشوەری و فەرهەنگی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، نیشانەی ئاستێکی بەرچاوە لە پەیوەندی و ڕێکخراوبوون. لە هەمان کاتدا داواکاری مافی ڕێکخراوبوون، هەڵوەشاندنەوەی سزای قورسی زیندان، ئازادی زیندانیانی سیاسی و ناڕەزایەتی لە دژی گەندەڵی، ئاراستەی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان بەرەو بە سیاسیی بوونی داواکارییەکان نیشان دەدات. هەڵسوڕاوانی ئەو بوارانە، دەزانن کە ویست و داواکارییەکانیان، تەنیا بە بەهێزکردنی ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانە لە ڕێگەی بەهێزکردنی ڕێکخراوەکانەوە دەستەبەر دەبێت.