کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیفلاس بوونی دەوڵەت لەسەر بەستێنی گەندەڵی

61

رۆژی یەکشەممە ٢٦ی مانگی ڕەشەممە حەسەن روحانی لە سوخەنرانیەکیدا لە کەنگان لەوپەڕی داماویدا ڕاگەیاند کە دەوڵەت بۆ ساڵی داهاتو زیاد بوونێکی ٢٠ لەسەدی بە حقوقی کارمەندان و زیاتر لە ٢٠ لەسەدی بە حەقدەستی کرێکارانەوەی لە بەرچاوگرتوە. ئەو ڕایگەیاند کە دەوڵەت بۆ ئەوەی کە: “گەرچی ئەمساڵ تەوەڕوم زیاتر لە ٢٠ لەسەد بووە بەڵام توانایی ئێمە بۆ زیاد کرانی حقوق لەوە زیاتر نەبوو”، ئیعتیڕافی بە ئیفلاس بوونی ئابووری کۆماری ئیسلامی کرد. بەشوێن ئەودا رۆژی دووشەممە شوڕای باڵای کاری ڕژیم پێکهاتو لە نوێنەرانی خاوەنکاران، نوێنەرانی دەوڵەت و بەناو نوێنەرانی کرێکاران، دوای قسە و باس و چەنە لێدان لەسەر دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستەکان، بە زیاد کردنی ٤٠٧ هەزار تمەن واتە(٣٦ و نیو لەسەد)، ئاستی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ٩٨ی یەک ملیۆن و ٥٢٠ هەزار تمەن دیاری کرد. ئەگەربێت و هەموو مەزایای مافی مەسکەن و ئەولاد و بۆنی کرێکاری بۆ بنەماڵەیەکی٣/٣ کەسیشی پێوە زیاد بکرێت دەبێتە شتێکی نزیک لە دوو ملیۆن تمەن.

ئەوە لە حاڵێک دایە کە حەوتوی ڕابردو مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بە پەسند کردنی لایەحەیەکی فریوکارانە، دەوڵەتی موەزەف کرد تا بڕی ٤٠٠ هەزار تمەن بە حقوقی سەرجەم حقوق بگیرانی دەوڵەتەوە زیاد بکات. روحانی لە ڕەد کردنەوە و دژایەتی زارەکی لەگەڵ ئەم پەسند کراوەی مجلیسدا وتی: “نوێنەرانی مەجلیس لە پەسند کردنی لایەحەی بودجەدا زیاد بوونێکی ٢٠ لەسەدیان بە حقوقەکانەوە بە فۆرمۆلێکی تایبەتەوە پەسند کردوە. “محەممەد باقر نەوبەخت سەرۆکی سازمانی بەرنامە و بودجەش بە ناڕەزایەتی بەم پەسند کراوەی مەجلیس، دانی پێدانا کە:” لە بارودۆخێکدا کە تەحریمەکان بۆتە هۆی ئەوەی داهاتی وڵات بۆ یەک لەسەر سێ کەم بێتەوە، چۆن دەتوانن ئەم پەسند کراوە بەکردەوە دەربێنن؟”

بەم جۆرە دەوڵەت بۆ دابین کردنی ئەم بڕە کەمەش ناتوانێ زەمانەت بدات. روون و ئاشکرایە کە زیاد بوونی حەقدەستەکان نابێ ئەو جۆرەی کە حەسەن روحانی دەڵێ لەسەر بنەمای نرخی تەوەڕوم دیاری بکرێت. بەڵکو پێویستە لەسەر بنەمای هەزینەی سەبەدی بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی٤ کەسی حیساب بکرێت. لە بارودۆخی ئێستادا سەبەدی هەزینەی ئاسایی بنەماڵەیەک ٧ ملیۆن تمەنە. روحانی بە درۆ نرخی تەوەرومی کەمێک زیاتر لە ٢٠ لەسەد باس دەکات. نرخی تەوەرومی هەموو شوێنەکان لە ئێران تەنانەت بە ئامار و ئەرقامی خودی ڕژیم زیاتر لە ٤٣ لەسەدە. بەم حێسابە لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بە زیاد بوونی ٤٠٧ هەزار تمەن بەخششی شوڕای باڵای کارەوە هێشتا ٥ بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا دەمێنێتەوە. بەم جۆرە بە لەبەرچاو گرتنی داڕمانی ئەرزشی تمەن لەبەرانبەر باقی ئەرزەکاندا، توانایی کڕینی کرێکاران و موعەلیمان و توێژی کەم داهات بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو چەند قات دابەزیوە و ژیانی بنەماڵەکانیان موسیبەت و فەلاکەتبارتر دەکات.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە قەیرانی ساختاری و گەندەڵی و دزی نیهادینە بوو لە هەموو ناوه‌نده‌كانی ئەم ڕژیمە گەندەڵەشدا لە توند بوونەوەی تێکڕمانی ئابووری کۆماری ئیسلامی و پەرەسەندنی هەژاری و فەلاکەتی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا دەخیل بووە. ژمارە و ئاستی پەروەندەی دزیە گەورە و ئیختیلاسەکانی سەران و بەرپرسانی ڕژیم کە بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی تەحریمەکان و لاواز بوونی زیاتری نیزامی ئیسلامی زیادی کردوە، قەیرانی ئابووری ڕژیمی دوو چەندان بەرین کردوە.

رۆژی دووشەممە ٢٧ی مانگی ڕەشەمە قازی دادگای ویژەی تاوانە ئابووریەکان ئاشکرای کرد کە سەرپێچیەکانی بانکی سەرمایە وەک” گەندەڵیی گەورە” بە ئەژمار دێت کە تێیدا ١٤ هەزار میلیارد تمەن خیانەت بە سەروەت و سامانی سندوقی زەخیرەی فەرهەنگیان کراوە و تا ئێستا ٤٠٠ تاوانبار لەم پێوەندەدا شناسایی کراون. ئەحکامی ٣ ئەندامی پێشوی هەیئەت مودیرەی ئەم بانکە کە یەکێک لەوان وەزیری ڕیفاهی دەوڵەتی ئەحمەدی نیژاد بوو، دەرکراوە و هەرکامە و بە ٢٠ ساڵ زیندان و شێلاق مەحکوم کراون. وێڕای ئەوە بە وتەی کاربەدەستانی قەزایی ڕژیم لە ئێستادا لانیکەم ١٠ پەروەندەی” گەندەڵیی گەورە”ی ئابووری لەبەر دەستدان و کاریان لەسەر دەکرێت. تاوانباری سەرەکی گشت ئەم پەروەندانە کاربەدەستان و بەرپرسان و کەسانی سەربە حاکمیەتن. پەروەندەی گەندەڵی ماڵی” پیتروشیمی” کە لە جەریانی گەردشی ٦ ملیۆن یۆرۆیی لەنێو خۆ و دەرەوە بەڕێوەچووە،” پەروەندەی گەندەڵی سندوقی تەوسعەی ئێرانیەکان”، دوو پەروەندەی پێوەندیدار بە” دامەزراوەی ئەلبورز” و ” وەلی عەسەر” لە زومڕەی ئەوانن.

پەروەندەی گەندەڵی ماڵی گەورەی پیتروشیمی کە بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی تەحریمەکان و لەژێر پەردەی هەوڵدان بۆ دەور دانەوەیان بەڕێوەچووە، بۆ ١٤ کەس لە کەسانی نزیک و کاربەدەستانی ڕژیم پەروەندە پێکهاتوە. ئەم دزیانە بە شێوەیەک سەرسوڕهێنەرن کە” یەکێتی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتیەکانی ئەم بوارانە لەبەر مەترسی وەرشکست بوونی بەتەواوەتیدان.” لەبەر ئەوەی ئەرزی بەرهەمهاتوو لە هاناردە کردنی بەرهەمەکان نە گەڕوانەتەوە بۆ حیسابەکانی پێوەندیدار و ڕژاونەتە حیسابی تایبەتی ئەم کەسانەوە لەوانە مەرجان شێخ الاسلامی لە دەرەوەی وڵات. ئەم کەسە یەکێک لە مۆرە ناوزڕاوەکانی ڕژیمە کە جارێک لە لایەن ئیسلاح خوازان و جاریکیش لە لایەن ئوسولگەراکانەوە وەک کاندیدی نوێنەرایەتی مەجلیس ناسێندێراوە و سەڵاحیەتیشی لە لایەن شوڕای نیگابانەوە تەئید کرابوو و ئێستا لە کانادا نیشتەجێیە.

لەوێوە کە کانونی گەندەڵی و دزی و ئیختیلاسی ماڵی لە ئاستی باڵای ڕژیمدا، لە بەیتی ڕیبەریی، سپای پاسداران، دەوڵەت و ناوەندەکانی سەربە نیزامی ئیسلامیدا جێکەوتوە، پێکهاتنی پەروەندەی قەزایی لەو دادگایانەدا کە قازی و بەرپرسەکانی خۆیان بەشێک لەو سیستمەن و بەرپرسن، بێچگە لە شانۆیەک هیچیتر نییە. سەروەت و سامانی کۆمەڵگا یان دەچێتە گیرفانی هەراویانەوە یان دەرکرێتە هەزینەی ڕاگرتنی ئەم ڕژیمە گەندەڵە لە ڕێگای سیاسەتی زێدەخوازنە و پەرەدان بە دەمودەزگای ئەمنیەتی و سیخوڕی و سەرکوتەوە و کاتێکیش کە نۆبە دەگاتە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران و حقوق و مافی چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا، بە قەولی روحانی” دەوڵەت توانایی زیاد کردنی زیاتر لە بیست لەسەدی حقوقەکانی ئەوانی نییە.” ژیان و بەڕێچوونی زیاتر لە ٨٠ لەسەدی خەڵکی ئێران دەبێ چەند بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاریدا بمێننەوە. بێ هۆ نییە کە کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ستەمدیتوی ئێران ڕێگای ڕزگار بوونیان لە پێش هەموو شتێکدا لە روخاندنی بەتەواوەیەتی ئەم ڕژیمە دژی ئینسانیەدا دەبینن.