کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیسماعیل بەخشی ئازاد کرا، خەبات بۆ ئازادی باقی زیندانیە سیاسیەکان بەردەوامە

279

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە رۆژی چوار شەممە ٢١ ی مانگی سەرماوەز لە ڕاگەیاندنێکدا هەواڵی ئازاد بوونی ئیسماعیل بەخشی یەکێک لە نوێنەرانی کرێکارانی ئەم موجتەمەعە پیشەسازیەی ڕاگەیاند. سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە لەم ڕاگەیاندنەدا ئازاد بوونی ئیسماعیل بەخشی بە کرێکارانی حەوت تەپە، بە ئیسماعیل و بنەماڵەکەی، بە وەکیلەکەی، بە سەرجەم ڕێکخراوە کرێکاری و کرێکاران لە ئێران و جیهان و هەموو ئەو کەس و ناوەند و ڕاگەیاندنانەی کە پشتیوانیان لە ئیسماعیل بەخشی و باقی دەست بەسەر کراوەکانی حەوت تەپە کردوە پیرۆزبایی وتوە. لەم ڕاگەیاندنەدا جەخت کراوەتەوە کە ئازادی ئیسماعیل بەخشی بێ گومان بەرهەمی خۆڕاگری ئەو و گوشاری یەکگرتوانەی کریکاران و ڕای گشتی بووە. سەندیکای کرێکارانی نەشکەری حەوت تەپە لە کۆتاییدا خوازیاری ئازاد کرانی هەرچی زوتر و بێ شەرت و مەرجی عەلی نەجاتی، ئەندامی هەیئەت مودیرەی ئەم سەندیکایە و هەروەها سپیدە قولیان لە گیراوەکانی کۆبوونەوەی بنەماڵەی کرێکارانی حەوت تەپە بووە.

ئازادی ئیسماعیل بەخشی لە زیندان لە حاڵێکدایە کە مانگرتنی کرێکارانی فولادی ئەهواز چۆتە نێو ٣٣ هەمین رۆژی خۆیەوە و ٢٥ رۆژە کە ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەوان لە بەردەم ناوەندە دەوڵەتیەکاندا بۆ بەدواداچوونی داخوازیەکانیان درێژەی هەیە. کرێکران لەم رۆژانەشدا بە دانی دروشمی وەک” نەهەڕەشە نە زیندان ئیتر گەڵکی نەماوە”، ” کرێکار دەمرێت زەلیلی قەبوڵ ناکات”، ” ڕادەوێستین، دەمرین زەلیلی قەبوڵ ناکەین”، کرێکارانی ئێران یەکگرتن یەکگرتن”، ” وڵاتەکەمان دزخانەیە، لەدنیادا تاقانەیە” و ” تەوەڕوم گرانی، جواب دەرەوە روحانی” خوازیاری پێڕاگەیشتن بە داخوازیەکانیان و ئازادی کرێکاران، خوێندکاران و مامۆستایانی زیندانی بوون. لە هەمانحاڵدا هەڕەشەکان و هەوڵەکانی ڕژیم بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتیانەش دەرێژەی هەیە. لە جەریانی کۆبوونەوەی رۆژی سێ شەممە ٢٠ ی مانگی سەرماوەزی كرێكاراندا یەکێک لە نوێنەرانی کرێکاران بە ناوی” مەیسەم ئالی مێهدی” لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەست بەسەر کرا و دوای چەند کاتژمێرێک بازجویی بە هەوڵی هاوکارانی و لەنێو پێشوازی ئەواندا ئازاد کرا.

ئازاد بوونی ئیسماعیل بەخشی لە بارودۆخێکدا کە ئازادی کرێکارانی زیندانی بۆتە یەکێک لە داخوازیە کانی بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوەی خوێندکاری و ئازادیخوازان و لە سەرتاسەری ئێراندا، بێ گومان یەکێک لە دەستکەوتەکانی ئەم هاوپشتییە جەماوەریەیە. ئەم هاوپشتی خەباتکارانە تا کۆتایی هاتن بە پەروەندە سازییە ئەمنیەتیەکان لەدژی ئیسماعیل بەخشی و تا ئازادی عەلی نەجاتی و سپیدە قولیان و سەرجەم هەڵسوڕاوانی کرێکاری و زیندانیانی سیاسی بەند کراو درێژەی دەبێت. ئەگەرچی ئیسماعیل بەخشی لەژێر گوشاری خەباتی کرێکاری و جەماوەریدا ئازاد کرا، بەڵام هێشتا دەیان کەس لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی خوێندکاری کە لە جەریانی ئاخێزی مانگی بەفرانباری ڕابردودا گیراون، دەیان کەس لە شۆفیر کامیۆنەکان کە لە جەریانی مانگرتنی سەرتاسەریاندا گیراون و چەندین کەس لە موعه‌لیمانی تێکۆشەر و دەیان کەس لە تێکۆشەران و هەڵسوڕاوانی سیاسی هەروا لە زینداندان و هەر رۆژە و لە بێدادگایەکی کۆماری ئیسلامیدا بۆ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و خەباتکارانی سیاسی حوکمی بازداشت و زیندان و شێلاق دەر دەکرێت.

ئێستا لە بارودۆخێکدا کە خەباتی بەرین و درێژ ماوەی کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز و ئەو پشتیوانیە بەرینەی کە لە نێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات لە داخوازی و خەباتی ئەم کرێکارانە کراوە فەزای سیاسی کۆمەڵگای خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، بزوتنەوەی کرێکاری و ئازادی خوازنەنی ئێرانی گەیاندۆتە قۆناغێکی گونجاو تر تا خەبات بۆ ئازادی کرێکارانی بەند کراو و سەرجەم زیندانیانی سیاسی بەرەو پێش بەرێت.

کاتێک کە بنەماڵەی کرێکارانی حەوت تەپە کۆرپە لە باوەشدا دروشمیان ئه‌دا ” ئێمە منداڵانی حەوت تەپەین، برسین”، کاتێک کە کرێکارانی فولاد لە جەریانی ڕێپێواندا ئەم پلاکاردەیان هەڵکردبوو کە لەسەری نووسراو بوو” بە نانەواخانەکان بڵێن تا نانمان بەقەرز بدەنێ” بە شێوەیەکی هەست پێکراو دواهاتەکانی سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکان بەسەر ژیانیانەوە بە هاوزنجیرانیان و بە هاو چینە هەژارەکانیان لە کۆمەڵگادا نیشاندا. کاتێک کە کرێکارانی حەوت تەپە دروشمی” نان، کار، ئازادی، بەڕێوەبردنی شوڕایی”ان بەرز کردەوە، لە سەرجەم بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان و لە نێو توێژی ستەم لێکراوی ئەم کۆمەڵگایەدا ئەو هەستەی دروست کرد کە ئازاری هاوبەش و داخوازی هاوبەشیان لە گەروی کرێکارانی حەوت تەپەوە بانگەواز دەکرێت. هەر ئەم هاواری ڕەنج و ئازارە هاوبەش و داخوازییە هابەشە لەم خەباتە بەرینەدا بوو کە ئەم ئاستەی لە هاوپشتی چینایەتی و جەماوەری هەڵخڕاند.

کرێکارانی حەت تەپە و فولادی ئەهواز بە هەڵکردنی پەرچەمی خەباتی بۆ نان، کار، ئازادی و بەڕێوەبەرایتەی شوڕایی و بە ئیعتیبارێک کە یەکێک لە مێحوەری ترین سیاسەتە ئابووریەکانی دەوڵەت واتە خوسوسی سازی برده‌ ژیر پرسیار و رێك لە بارودۆخێکدا کە خامنەیی و روحانی ئەمریکایان بە هۆکاری هەژاری و فەلاکەتی ئابووری دەناساند، ئەوان بە وشیاری سیاسیەوە دوژمنی چینایەتیان لە نێوخۆدا کردە ئامانجی خەباتیان، کاریگەریەکی قوڵیان لەسەر فەزای کۆمەڵگا دانا و ئاسۆیەکی بەرین تریان بە رووی بزوتنەوەی کرێکاریدا کردەوە. بزوتنەوەی کرێکاری ئێران و کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز لە پێشیانەوە، بە پشتیوانی ئەم دەستکەوتانەی کە دەستەبەر بوون و پشتگیری و پشتیوانیەکی بەرین کە لە ئاستی کۆمەڵگادا هەڵیخڕاندوە نە تەنیا دەتوانێ باقی کرێکارانی زیندانی ڕزگار بکات و کۆتایی بە پەروەندە سازیە ئەمنیەتیەکان لەدژی کرێکاران بێنێ، بەڵکو دەتوانێ پەرچەمی خەبات بۆ ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی بە دەستە بگرێت.