رۆژی چوار شەممە ١٤ ی مانگی سەماوەز دوو رۆژ بەر لە ١٦ ی ئازەر رۆژی خوێندکار، حەسەن روحانی لە سوخەنرانیەکدا روو بە خوێندکاران لە زانکۆی سمنان وێڕای ڕەد کردنەوەی قەیرانیی بوونی بارودۆخی ئەمرۆی ئێران وتی:” پێموانیە وڵاتێکی وەک ئێران لە دنیادا هەبێت کە خوێندکاران بتوانن ئاوا بە ئازادی بۆچوون و ڕەخنەکانیان بێننە گۆڕێ.” ئەو بە بێ شەرمی تەواوەوە ئیدیعای کرد:” بە شێوەی ئاسایی زانکۆکانی وڵاتی ئێمە ئازاد ترین زانکۆکانن لەباری دەربڕینی ڕەخنە و خوێندکاران زۆر بە هاسانی بۆچوونەکانیان دیننە گۆڕێ”. هەڵبەت جێگای بیستنی ئهو جۆره قسانه سەرسوڕمان نییە لەبەر ئەوەی خەڵک پێشتریش درۆی لەم جۆرەیان وەک:” لە ئێراندا زیندانی سیاسیمان نییە، له ڕووحانی بیستوە. هەواڵنێری ئیسنا( هەواڵنێری خوێندکارانی کۆماری ئیسلامی) ش لە سەرودەمی رۆژی خوێندکار، لە ڕاپۆرتێکیاندا وای نیشان دهدات کە لە زانکۆکانی ئێران هەواڵێک لە جموجوڵی خوێندکاران بە بۆنەی رۆژی خوێندکارەوە نییە و دەنووسێت:” لە زانکۆ جۆراو جۆرەکاندا فەزایەکی ئارام و بێ هیچ حەرەکەت و هەیەجانێک بۆ رۆژی خوێندکار هەیە و خوێندکاران بەبێ قسەو باسی پێوەندیدار بە کەش و هەوای رۆژی خوێندکار دەبیندرێن.
ئەم ئیدیعا بێ شەرمانەیە لە حاڵێکدا دەکرێن کە دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ زانست و زانکۆدا لە هەمان سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕژیمی ئیسلامیەوە لە دەستوری کاردا بووە و لە کۆماری ئیسلامیدا خوێندکارانی تێکۆشەر هەمیشە لەبەرخاتری دەربڕینی بیروبۆچونیان لەژێر گوشاردا بوون. هێرش بۆسەر زانکۆی تاران بە فەرمانی بەنی سەدر لە ساڵی ١٣٥٩ بە ئامانجی سەرکوتی خوێندکارانی چەپ و کومونیست، دەستوری خومەینی بۆ دامەزراندنی” ستادی ئینقلابی فەرهەنگی کە دواتر بەناو بوو بە” شوڕای باڵای شۆڕشی فەرهەنگی”، هێمای ئەم هێرشەی کۆماری ئیسلامی بۆسەر زانکۆکان بوو. ئەم شوڕایە لە هەمان کاتدا لە پەسند کراوێکدا ڕایگەیاند کە:” لە ئێران کەسانێک دەتوانن لە زانکۆکاندا بخوێنن و یان کار بکەن کە بێجگە لە شەرایەتی زانستی، خاوەنی شەرایەتی مەزهەبی، سیاسی و ئەخلاقی ئیسلامیش بن”. بەم جۆرە توانی بە بردنی کەسانی سهر به ڕژیم و بەسیجی و حیزب الهی وەک خوێندکار بەبێ هیچ پێوانه و سەڵاحیەتێکی زانستی، هێرشیان کردە سەر دفتەری تەشەکولە سەربەخۆکانی خوێنکاری و هەوڵیاندا تەشەکولە خوێدنکاریەکانی سەر بە خۆیان دروست بکەن. ناوەند و ئۆرگانی جۆراو جۆری سەرکوت لە وانە کۆمیتەکانی ئینزیباتی، حەراسەتی زانکۆ، دەفتەری ئیتلاعاتی سپا، وەزارەتی ئیتلاعات، ناوەندی نوێنەرایەتی ڕێبەری لە زانکۆکانی بۆ کۆنترۆڵ کردنی خوێندکاران و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی جەهل و خورافە دامهزراند. دوژمنایەتی بەردەوامی عەلی خامنەیی لەگەڵ عولومی ئینسانی و دەرکرانی تەرحی ئەمنیەتی ئەستێرەدار کردن و دەرکردنی خوێندکاران و ئوستادانی چەپ و ڕادیکاڵ بەشێکی تر لە دژایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ زانکۆ و ئازادی بەیان و ئەندیشە بووە لە ئێران.
روحانی لە حاڵێکدا ئیدیعای بوونی ئازادی بەیان و ئەندیشەی لە ئێراندا هەیە کە لە کاتی سەرۆک کۆماری خودی ئەودا و لە جەریانی ناڕەزایەتی گشتی مانگی بەفرانباری پارەکەدا ژمارەیەک لە خوێنەکاران گیران و دوای ئەشکەنجەدانێکی وەحشیانە لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتیەکانەوە، بە پەروەندە سازی درۆینە لە دادگا فەرمایشەریەکاندا بە ئەحکامی قورسەوە زیندانی کران و لەگەڵ بێبەش بوون لە درێژەی خوێندندا بەرەو روو بوونەوە. لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا ڕژیم لە ترسی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی بزوتنەوەی خوێندکاری لەسەر بنەمای هەمان پەسندکراوی دژی زانستی و کۆنەپەرستانەی شوڕای باڵای فەرهەنگی و مۆری تەئیدی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، سەهمیەی هاوسەران و منداڵانی( ئیسارگەران، گیانبازان و ڕەزمەندەگان بە ئامادە بوونی لانیکەم ٦ مانگ لە بەرەکانی شەڕ) لە کۆنکۆری زانکۆکاندا بۆ ٣٠ لەسەد زیاد کرد. بەم ئامانجەی کە بتوانێ بە هێزی بەکرێگیراوی بەسیج وەک خوێندکار بچێتە شەڕ لەگەڵ بزوتنەوەی خوێندکاری.
بەم حاڵەوە سەرەڕای بوونی فەزایەکی ئەمنیەتی و هەوراز و نشیوەکانی بزوتنەوەی خوێندکاری لە چەند ساڵی ڕابردودا، زانکۆکان هەمیشە سەنگەری خۆراگری و یەکێک لە ئۆرگانە سەرەکیەکانی ناڕەزایەتی و خەبات لەدژی حاکمیەتی دیکتاتۆڕی و یاسا کۆنەپەرستانەکان بووە و دەبێت. ئەم بزوتنەوەیە کەم و زۆر هەروا زیندوە و خاوەنی پوتانسیەلێکی مادی و کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵە و لەهەر دەرفەتێک کە بۆی مومکین بێت لە فێعل و ئینفیعالاتی سیاسی کۆمەڵگادا خۆی نیشان ئەدات. وەک ئەوەی کە بزوتنەوەی خوێندکاری لە حاڵی پەرەسەندن و سەرتاسەری بوونەوەی ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباریشدا دەورێکی بەرچاوی هەبوو. لەم رۆژانەی دوایشدا خوێندکارانی تێکۆشەر لە گەلێک لە زانکۆکاندا لەوانە لە زانکۆی تاران، ئەمیر کەبیر، ئەهواز، و نەوشیرەوان ی بابول کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و جەلەساتی سیاسیان بەرپا کردوە. لەم کۆبوونەوانەدا بە دانی دروشمی” منداڵی کرێکارانین- پشتیوانیانین، خوێندکار وشیارە پشتیوانی کرێکارە، کرێکاری زیندانی، خوێندکاری زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت، نە هەڕەشە نە زیندان ئیتتر کاریگەری نییە، خوێندکار- کرێکار- موعەلیم یەکبگرن یەکبگرن” و بە دەستەوەگرتنی پلاکارد ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە نەبوونی ئازادی لە زانکۆکاندا دەربڕی. دەنگی پشتیوانی خوێندکاران لە کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە و کرێکارانی فولادی ئەهواز و مۆعهلیمان کە لە ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆکانی وڵاتدا بەرز بوویەوە، بەرگوێی ئەوان کەوت و وڵامێکی پڕ لە پێزانینیان دایەوە. لەم ناڕەزایەتیانەدا خوێندکارانی تێکۆشەر سەرەڕای کۆنترۆڵی توندی ئەمنیەتی لە بەرانبەر گۆپاڵ بەدەستانی بەسیجیدا وێستانەوە و هاوپشتی خۆیان لەگەڵ کرێکاراندا ڕاگەیاند.
بەڵام بە سەرنجدان بە زەرفیەت و پوتانسیەلی بەرزی بزوتنەوەی خوێندکاری لە ئێران و ئەزمون و سوننەتێکی خەبات کارانەی دەوڵەمەند، ئەم ئاستە لە خۆ دەرخستنی بزوتنەوەی خوێندکاری بە هیچ شێوەیەک کافی نییە. لە بارودۆخی سیاسی ئێستای ئێراندا، هاتنە مەیدانی بزوتنەوەی خوێندکاری لە ئاستی جەماوەری و سەرتاسەریدا پێویستیەکی کۆمەڵایەتی سیاسییە و تای تەرازوی هێز بە قازانجی بەرەی کرێکاران و جەماوەری خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی قورس تر دەکات. بێ گومان زۆری پێناچێت کە بزوتنەوەی خوێندکاری لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاخێزێکی جەماوەری گشتیدا، ترس و نیگەرانی ڕژیم دەکاتە ئەمرێکی واقعی و حکومەتی ئیسلامی سەرمایەش بە تۆفانی بەهێزی خۆی دەخاتە زبڵدانی مێژەوەوە.