ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٣١ی مانگی خه‌رمانان، ڕێكخراوی “لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی” ڕایگه‌یاند: سه‌ركوتی خوێناوی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له “ئێران” و كوشتنی ناڕازیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ڕژیمه‌وه به توندی مه‌حكووم ده‌كات و پێویسته كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستبه‌جێ چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزێته‌وه.
له‌به‌شێكی به‌یاننامه‌ی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه‌دا هاتووه، له‌ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا كه ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دژبه كوشتنی “مه‌هسا ئه‌مینی” ده‌ستیپێكردووه تا ئێستا لانیكه‌م ٨ كه‌س به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ڕژیم گیانیان به‌ختكردووه و به سه‌دان كه‌سیش له شاره جۆراوجۆره‌كانی “ئێران” بریندار كراون. ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌ی له كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌یدا خوازیاری پێكهێنانی به‌په‌له‌ی میكانیزمێك بۆ لێكۆڵینه‌وه له ڕووداوه‌كه و محاكمه‌ی تاوانباران بوو.