کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیختیلاسی میلیاردی و هەژاری ملیۆنی، دوو ڕووی دراوێكن

55

ئەگەرچی بابەتی ئیختیلاس بووه‌تە یەکێک لە پێناسەکانی هەمیشەیی ئەم ڕژیمە، بەڵام هه‌ندێک لەم نمونانە وەها لایەنی بەرینیان هەیە کە سەردێڕی هەواڵەکانیان به‌ خۆیانه‌وه‌ تەرخان كردووه‌.

لەم ڕۆژانەدا ئیختیلاسی ٦ و ٦ دەهومی میلیارد یۆرۆیی پێترۆشیمی لە بەندەرەکانی وڵاتدا یه‌كێك له‌ ئەم ئیختیلاسانەیە. ئەم پەروەندەیە ئێستا بووه‌تە سەردێڕی یەکەمی ڕۆژنامەکان. هاوکات کرێکارێک لە پەیامێکدا بۆ کاناڵی سەربەخۆی حەوت تەپە بە ئاماژە بەم هەواڵە دەنووسێ:” یەکێک لە بەرپرسان وتویەتی زیاد بوونی حەقدەستەکانی کرێکاران دەبێ بەشێوەیەک بێت کە چەرخی بەرهەمهێنان سەدەمە نەبینێ. من لەو کەسە دەپرسم کە بۆچی بۆ باشتربوونی چەرخی بەرهەمهێنان بەر بە دزی و ئیختیلاسەکان ناگری؟ بۆچی هەرکەسە و لەم بەرپرسانە کە دەستیان بە جێگایەک گەیشته‌ووە، پارەی خەڵکیان دزیوە و هەڵاتوون؟ ئێستا ئەم ئیختیلاسەی پێترۆشیمی کە وتراوە ٦ میلیارد یۆرۆ بووە، من نەمتوانی حیسابی بەکەم ئەمە بە تمەن دەبێتە چەندە. بۆچی ئەم گشتە دزی و ئیختیلاسە دەکرێت و چەرخی بەرهەمهێنان هیچ بەڵایەکی بەسەر نایەت. بەڵام کاتێک حەقدەستی ئێمـە کرێکاران دێتە گۆڕێ باس لە چەرخی بەرهەمهێنان دەکەن. تەنیا دەرەقەتی ئێمە کرێکاران و حەقدەستە کەمەکەمان دێن، بەڵام کاریان بە دزەکان نییە، ئێمە کرێکاران بەم حەقدەستە شەرماوەرانەیە ڕازی نابین.”

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە لە پشت گشت ئەم ئیختیلاسانەوە باڵا ترین کاربەدەستانی ڕژیم هەن. مەگەر ئەوەنییە کە لە پەروەندەی گەندەڵی و ئیختیلاسی بابەک زەنجانیدا ناوی هێندێک لە سیما ئەمنییەتییەکانی سەربە وەزاڕەتی ئیتلاعات و سازمانی ئیتلاعاتی سپا لە ڕاگەیەنەرەکاندا هاتووە، مەگەر هەر ئەم حەفتەیە نەبوو کە باس لە” سوڵتانی سکە” کرا و ئەمە گشتی لە بارودۆخێک دا لە کۆمەڵگادا دێتە گۆڕێ کە ڕۆژانە هەواڵی ناڕەزایەتیی و کۆبوونەوە بۆ حەقدەستی دواخراو دەبیسترێت: کۆبوونەوەی شۆفیرەکانی شیرکەتی حەفاری ئەهواز لە ناڕەزایەتیی بە نەدرانی ٦ مانگ حەقدەستی دواخراو، مانگرتنی سەد و شەش کەس لە کرێکارانی شیرکەتی گشت و سەنعەتی نەیشەکەری کارون لە ناڕەزایەتیی بە کەم بوونەوەی حەقدەست لە ٣ ملیۆنەوە بۆ یەک ملیۆن تمەن، کۆبوونەوەی خانەنشینانی فولاد لە ناڕەزایەتیی بە نەدرانی حقوق و جێژنانەیان، درێژەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی شارەداریی چگرد بەدوای واریز نەکردنی چەند مانگ حه‌قده‌ست، کۆبوونەوەی کرێکارانی شیرکەتی پوویش پەژوهێش بەدوای واریز نەکردنی جێژنانە و پاداش، ١١ مانگ حقوقی دواخراوی کرێکارانی شارەداریی ئەندیمێشک. ئەمانە تەنیا چەند نمونەیەکن لە شه‌لاقێکی بێڕەحمی کە لە جەستەی موزدبگیران دەسرەوێت.

لەگەڵ ئەوەدا کە چەند رۆژێکی بۆ کۆتایی ساڵ نەماوە هێشتاش بابەتی دیاری کرانی لانیکەمی حەقدەستەکان بە هیچکوێ نەگەیشتوون. ئەوەش لە بارودۆخێک دایە کە قەیرانی ئابووری هێرشی وەحشیانەی بۆسەر سفرەی بەملیۆن ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش هێناوە. “پەرویز سەداقەت” ئابووریناس لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنیری ئیلنا، بەم شێوەیە ئاماژەدەکات” لە دوایین مۆحاسبەی کومیتەی حەقدەستدا، سەبەدی بەڕێچوونی٣ ملیۆن و ٧٥٩ هەزار تمەنی دیاری کراوە. ئەم ڕەقەمە بە تەئیدی هەر سێ گرووپی وتووێژکار گەیشتووە. ئەگەر ڕەقەمەکە وەک ساڵی پێشوو تەنیا ڕێككه‌تنی سەرکاغەز بێت و لەسەر حەقدەست ئیجرا نەکرێت چ فایدەیەکی هەیە. مۆحاسبەی لانیکەمی حەقدەستی سەبەدی بەڕێچوون بووه‌تە سوننەتێکی عورفی کە دەوڵەتەکان و خاوەنکاران بتوانن ئیستدلال بکەن کە زیاد کرانی هەزینەکانی ژیانی کرێکارانمان قەبوڵە بەڵام ناتوانین بیدەین.”

ئەگەر بۆ سەرمایەداران و دەوڵەت و کاربەدەستانیان ئەم ئامار و ئەرقامە کۆمەڵێک هێڵی سەر کاغەن بەڵام بۆ کرێکاران نانێکە کە لە سفرەكانیان ئەدزرێت. بۆ حقوقبگیران ئەم ڕەقمانە، کۆمەڵێک ژمارەی بێگانه‌ن کە لەسەر کاغەز دەنووسرێن و تا سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان دانی پێدا بنێن. بۆ کرێکاران ئەم ڕەقامە ده‌نگێكی شومن کە سکی برسی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەبێ بیبیستن. تازە لەبیری ناکەین کە ڕەقەمی واقعی و ڕەقەمی پێشنیار کراو تەنانەت بەناو نوێنەرانی کرێکاران لە شوڕای باڵای کاردا گەلێک واوەتر لەم ڕەقەمانەیە. هەروەها ئەوەی کە تەنانەت سەرانی خۆدی ڕژیمیش باس لە توەڕومی ٤٠ لەسەدی دەکەن کە تازە ئەویش تەوەرومێکی مامناوەندیە لەبەر ئەوەی کە تەوەروم لەسەر کالا ئەساسیەکان زیاتر لە ٢٠٠ تا ٣٠٠ لەسەدە. ئەمەش گشت دراوەکان نیشان نادات کە مەحدوییەتەکانی هەڵگێڕ و وەرگێڕ کردنی پارەی بانکەکان و گوشاری تەحریمەکان لە ساڵی داهاتوودا ئاکامێکی بێجگە لە داکشانی ئاستی ئەرزشی ڕیاڵی نابێت. لەم نێوانەدا لەوێدا کە دەگاتە سەر لابرانی ماڵیات لەسەر سەرمایەداران، لەوێدا کە بە میلیارد دۆلار دەرێژێتە کاناڵە ناڕەسمییەکانەوە، لەوێدا کە بە هەزاران میلیارد تمەن یارانە بە شاراوەیی سازمان ئەدرێت، لەوێدا کە بەمیلیارد تمەن سەرفی دامەزراوەکانی چەواشە کردنی کۆمەڵگای دەکەن و یان دامەزراوە مەزهەبیەکان لە دانی ماڵیات دەبەخشن، و یان بە میلیارد دۆلار سەرفی بەرزە فڕیەکانی ڕژیم دەکرێت، باسێک لە گرفتی ماڵی نییە، بەڵام کە باسی زیاد کرانی حەقدەست دەکرێت یەکسان لەگەڵ سەبەدی هەزینەی بەڕێچوون، هاوار و دادی سەرمایەداران و دەوڵەت بەرز دەبێتەوە.

له‌ڕاستیدا یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان کە بۆتە هۆی ئەوەیکە دەوڵەت و سەرمایەداران ئیجازە بە خۆیان بدەن کە بێ ڕەحمانە هێرش بکەنەسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران و دەوڵەتیش لە هەر دەرفەتێکدا شانی لەژێر باری بەرپرسیاریەتی خزمەتگوازاری گشتی دەر بکێشێ، نەبوونی ڕێكخراوی سەربەخۆ، سەرتاسەری و ڕادیکاڵی کرێکارییە. و لەم نێوانەدا ئەوەی کە بە نه‌سیبی بە ملیۆن کەس لە خەڵک دەبێت تەنیا هەژاری بێ ئەوپەڕ، کارتۆن خەوی، خزین بەرەو قوڵایی کۆمەڵگە و فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستەیە. بەڵام هیچ هۆکارێک بوونی نییە تا بەملیۆن کەس لەو هێزەی کە سەرجەم ئەرزشەکانی ئەم کۆمەڵگایە بەرهەمدێنن، بەملیۆن کەس لەو خەڵکەی کە هەموو ڕۆژێ لەژێر دەندەی چەرخەکانی ماشێنی بێ ڕەحمی سەرمایەداریدا دەپلیشێنەوە، بەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ڕازی بن. نابێ بە حەقدەستەکانی چەند جار لەژێر هێڵی هەژاریشدا ڕازی بن. ئەمە مافی ئێمەیە کە ژیانێکی شیاوی ئینسانمان هەبێت.