ئیجلاسی سەرانی ٢٨ وڵاتی یەکێتی ئۆرووپا لە رۆژەکانی پێنج شەممە و هەینی ٢٨ و ٢٩ ی ژوئێن بەڕێوەچوو. هەرچەند کە ئەو ئیجلاسە کۆمەڵێک دەستورکاری دیکەی لەوانە سیاسەتی بەرگری، تەمدید کردنەوەی تەحریم لەدژی روسیە و دارایی و بازهرگانی هەبوو، بەڵام بابەتی ناوەندی بریتی بوو له دۆزینەوەی ڕێگا چاەرەیەک بۆ قەیرانی پەنابەری بوو. لە ڕاستیدا لە یەک دوو حەوتوی ڕابردودا بابەتی پەنابەران ببوە گرنگ ترین کێشەی یەکێتی ئوروپا. کێشەیەک کە دەتوانێ یهكێتیی ئۆرووپا ههڵوهشێنێتهوه. سەرجەم هەوڵەکان لە لایەن وڵاتانی گرنگی ئوروپاوە بە تایبەت ئاڵمان بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک بۆ ئەم قەیرانە بێ ئاکام ماوەتەوە و کەلێنی نیوخۆی یەکێتیەکە قوڵتر بۆتەوە. ئەم بارودۆخە بوە ئامرازێک بۆ بەهێزتر بوونی ئەحزاب و جەریاناتی فاشیستی و ڕاسیستی لەنێوخۆی یەکێتی ئۆرووپادا، بەشێوەیەک کە ئیجلاسی نا ڕەسمی وڵاتانی ئەندام سێ روژ بەر لە ئیجلاسی ڕەسمی کە لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئوروپا بۆ دۆزینەوەی گەڵاڵەیەک بۆ دانی بە ئیجلاسی ڕەسمی بەڕێوەچوو بەرەو رووی بایکۆتی ١٠ وڵاتی ئۆرووپایی بۆوە. ئەم ئیجلاسە بێجگە لە هێندێک پێشنیار بۆ ئیجلاسی ڕەسمی سەمەرێکی تری نەبوو. هێندێک لە وڵاتانی ئۆرووپایی لەوانە مەجارستان، ئسلۆواکی، لەهستان، و کۆماری چێک لە کۆبوونەوەیەکی جوداگانەدا ڕۆژی ٢٠ی مانگی ژوئهن ڕەخنەیان لە پێکهاتنی ئیجلاسی ناڕەسمی گرت و ڕایانگەیاند کە هیچ بڕیارێکی یەکێتی ئەروپا سەبارەت بە قەبوڵ کردنی پەنابەران لە وڵاتەکانیاندا قەبوڵ ناکەن. کەلێن لەنێو دەوڵەتی ئاڵمان و هەڕەشەی وەزیری نێوخۆ سەبارەت بە گێڕانەوەی ئەو پەنابەرانەی کە لە وڵاتانی دیکەی ئوروپاوە هاتونەتە ئاڵمان و ئەگەری جیا بوونەوەی هەردوو حیزبی دیموکرات مەسیحی و سۆسیال مەسیحی کە ٤٧ ساڵ لەوە پێش فراکسیۆنێکی پاڕلمانیان پێکهێنا. لەخۆڕا نییە کە مەکرۆن سەرۆکی فەڕانسە دوای کۆتایی هاتنی ئیجلاسی ناڕەسمی وتی کە قەیرانی ئوروپا قەیرانی پەنابەری نییە بەڵکو قەیرانێکی سیاسیە. لە وەها فەزایەک دایە کە ئیجلاسی سەرانی یەکێتی ئوروپا پێکدێت. سەرەڕای ئەوەی کە سەرانی یەکێتی ئۆرووپا بە ڕادەی جۆراو جۆر لەوەی کە بەیانیەی هاوبەش لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڵاو بۆتەوە، ڕەزایەتیان نیشاندا بەڵام له ڕاستیدا بەیانیەکە فەرمانی شەڕە لەدژی پەنابەران و وهرچهرخانێكی ئاشکرای هەموو ٢٨ ئەندامەکەیە بەرەو توند کردنەوەی سیاسەتی پەنابەری. بڕیارێك کە سەرانی یەکێتی ئۆرووپا دوای کۆبوونەوە ٩ کاتژمێریەکەیان پێی گەیشتن لە ناوەرۆکی خۆیدا تەفاهوم لەسەر پاراستنی سنورەكانی یەکیتیی ئۆرووپا بۆ بەرگرتن لە هاتنی پەنابەرانە. دەزانین کە بەشیکی بەرینی پەنابەران لە وڵاتانی ئافریقاییەوە بەو بەلەمانەی کە لە زۆر حاڵەتدا نەک وەسیلەی ڕزگار بوونیان بەڵکو ئامرازی لەنیو چوونیانە، بەرو قەڵای ئوروپا دەکەونە ڕێ کە ئەگەر شانسیان هەبێت و نەبنه خۆراکی شەپۆلە خورۆشاوەکانی دەریای مەدیتەرانە، لە لایەن كهشتییه جهنگییهكانی ناتۆوە کە بە ڕواڵەت بۆ ڕزگار کردنیان هاتون، راو دەکرێن. بەم جۆرە خاڵی ناوەندی لە بەیانیەی ئیجلاسدا دروست کردنی وەها بەربەستێکە کە پەنابەران ئیمکانی چوون بۆ مەدیتەرانەیان نەبێت. لەبەر ئەوە ئیجلاس بڕیاریدا کە هێزی نیزامی لە سنورەکانی دەرەوەی ئوروپا، لە دەریای مەدیتەرانەدا و لە لێوارەکانی لیبی تا ٥٠ هەژار کەس زیاد بکەن. ئەوان جاریکی تر ٣ میلیارد یۆرۆیان ئەدەنە تورکیە تا سنورەکانی بۆ بەرگرتن لە چوونی پەنابەران بەرەو یۆنان بپارێزێت. هەڵبەت گشت ئەمانە لە بارودۆخیکی نا ئینسانی زاڵ بەسەر کەمپەکانی پەنابەریدا ئاگادارن. ئەوان دەزانن کە دەیان هەزار منداڵی ئاوارەی سوری لە تورکیە بە جێگای چوون بۆ قوتابخانە بوونەتە منداڵانی کار تا بتوانن پاروەنانیک بۆ بەڕطێچونی بنەمالەکیان دەستەبەر بکەن. گست ئەمانە خەبەریان هەیە کە سەدان هەزار کەس لە ئاوارە سوریەکان بەبێ هیچ قەرادادیک ناجارن کار بکەن و گەلیک جار رووی داوە کە خاوەنکاران لەدانی حەقدەستە کەمەکانیان خۆیان بواردوە. سەرانی یەکیتی ئوروپا جارەنووسی ئەم سی ملیۆن ئاوارەی سوریە ئەداتە دەست جەللادێک کە لە کاتی بەناو کودتاکەوە زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس لە نەیارانی زیندانی کردوە و هەروەها ژمارەیەکیشی لەسەر کار دوور لابردوە.
خاڵیکی دیکەی بەیانیەی هاوبەش دروست کردنی کەمپە لە لیبی، میسر، ئەلجهزایر و مەراکێش کە بۆ راکرتنی ئەو پەنابەرانەی کە دەیانەوێ بەرەو ئوروپا بچن و یان ئەو پەنابەرانەی کە لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا راو دەکرێن، تایبەت دراوە. ئەم بڕیارەی سەرانی یەکێتی ئوروپا هێچ شتێک نییە بێجگە لە گەڕانەوە بۆ سیاسەتەکانی کلۆنیالیستی ئوروپاییەکان لە پیوەند لەگەڵ قارەی ئافریقا کە لە بانسەری ئەوانەوە سەبارەت بە نیشتەجێ کردنی پەنابەران لەو وڵاتانەدا بڕیار ئەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا رای گشتی جیهان ئەو فیلمانەی کە هەر ساڵێک لەوە بەر لە فرۆشتنی پەنابەران لە بازاڕی کۆیلەی لیبی بڵاو بۆوە، لەبیر نەچۆتەوە. لانیکەم تا ئەم ساتە دەوڵەتانی میسر، ئەلجەزایر، و مەراکێش ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە دروست کردنی ئەو کەمپانە ڕاگەیاندوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەنیو هێندێک لە سەرانی کۆنەپەرست و گەندەڵی وڵاتانی ئەفریقاییدا کەسانیک هەن کە لە بەرانبەر وەرگرتنی یۆرۆدا بەشێک لە شەڕی یەکێتی ئەروپا لەدژی پەنابەران وەئەستۆ دەگرن. ئیجلاسەکە لەعەینی حاڵدا بۆ ڕازی کردنی ئەو بەشە لە دهوڵهتانی ئۆرووپایی کە گەلێک جار رایانگەیاندوە هیچ پەنابەرێک قەبوڵ ناکەن تا ئیمزای خۆیان لەسەر بەیانیەکە بدەن بڕیاریاندا کە ئەگەر وێڕای سەرجەم کۆسپەکان پەنابەران بتوانن خۆیان بگەیەننە ئۆرووپا لەو کەمپە ناوەندیانەدا کە قەرارە دروست بکرێن ڕابگیرێن و دواتر بە ڕەزامەندی ولاتانی ئەندام دەنێردرێن بۆ ئەو وڵاتانە و پەنابەران ئیتر خۆیان مافی هەڵبژاردنیان نییە. هەڵبەت تا ئێستا هیچ وڵاتێکی ئوروپایی ئامادەگی خۆی بۆ دروست کردنی وەها کەمپێک ڕانەگەیاندوە. بەم جۆرە روون دەبێتەوە کە لهم بهینهدا تهنیا خاڵێك كه بهكردهوه بهڕێوهدهچێ زیاد کردنی كهشتییه جەنگییەکانە بۆ ڕاو کردنی پەنابەران لە مەدیتەرانەدا و گیڕانەوەیان بۆ لیوارەکانی ئافریقا. نوقم بوونی زیاتر لە ١٠٠ کەس تەنیا لە یەک رۆژ لە حەوتوی ڕابردودا لە کەناراوەکانی لیبی و سەرگەردان بوونیزیاتر لە ٧٠٠ پەنابەر لە گەشتیەکیەکانی سازمانە ڕزگارکەرەکان بۆ ماوەی یەک حەفتە و ڕاگەیاندنی دادگایی کردنی خاوەن کەشتیەکانی ڕزگارکەر سەرەتای ئەو شتەیە کە قەرارە بە شێوەی ڕەسمی بهڕێوه بچێت. و ئەمە هیچ شتێک نییە بێجگە لە فەرمانی کوشتنی پەنابەران لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا.
ئیجلاسی سەرانی یەکێتی ئوروپا ڕەنگە توانیبێتی كێشهی دەوڵەتی ئاڵمان و قوڵ بوونەوەی قەیرانی سیاسی لە ئوروپا وەدوا بخات بەڵام ڕێگا چارەیەکی بۆ قەیرانی پەنابەری نەدۆزیەوە. رەنگە یەکیتی ئوروپا بە ئەنجامدانی کۆمەڵیک مەعامەلەی کەسیف لەگەڵ هێندێک لە سەرانی وڵاتانی ئافریقایی پەنابەران لە زیندانە مەترسیدارەکاندا کە بەناوی کەمپی پەنابەران قەرارە لە ولاتانی لێواری مەدیتەرانە دروست بکرێن بەند بکات و چاوی خۆی لە حاند گیان لەدەستدانی بە هەزاران کەس لە کۆچبەران لە وڵاتانی ئافریقایی بنوقێنێ. بەڵام تا کاتێک کە سوریە هەروا شوێنی تەڕاتێنی هێزە ئیمپڕیالیستیەکان ڕقابەتی زل هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەیی وەک ئێران، تورکیە و عەرەبستانە، تا کاتێک کە وڵاتی مالی جەولانگای ئەڕتەشی ناتۆ و گوروپە کۆنەپەرستە مەزهەبیەکانە، تا کاتێک کە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس تەنیا لە جوار وڵاتی سودان، نیجێریە، سۆمالی و یەمەن لەگەڵ برسیەتی و مەرگدا دەستو پەنجە نەرم دەکەن، هیچ هۆکارێک بوونی نییە کە بە ملیۆن ئینسان بە هیوای ژیانێکی باشتر، وەجوڵە نەکەون و چارەنوسیان ندەن بەدەم شەپۆلە خورۆشاوەکانی دەریاوە. کاتێک سەروەتی ژمارەیەکی کەمتر لە پەنجەکانی دەست زیاترە لە سەروەتی نیوی جەمعیەتی دنیا، کاتێک وێنەکانی جەستە پوکاوە و بێ هێزەکانی منداڵانی ئافریقایی و دایکەکانیان لە مێدیای گشتیدا پیشان ئەدرێت، هیچ ئینسانێکی خاوەن وێژدان ناتوانی بە هیچ بیانویەک لە خەبات بۆ تێکشکاندنی ئەم نیزامە دژی ئینسانیە خۆی بێ مەسئولیەت بکات.