کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیجلاسی گروپی بیست و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی

ئیجلاسی سەرانی ٢٠ وڵات ئێوارەی رۆژی شەممە ٨ی مانگی ژوئه‌ن کۆتایی هات. لەو کاتانەدا کە ئەوان لە ساڵۆنی ئیجلاسەکە هاتبوونە دەرێ و بەرەو فڕۆکەخانە دەڕۆیشتن، هامبۆرگ شاهیدی گەورەترین بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی لە دژی ئەوان بوو. ئەگەر ئەوان لە ساڵۆنە داخراوەکان و لەژێر پارێزگاری پۆلیسدا کۆبوونەوەکەیان بەڕێوەبرد، خۆپیشاندەران لە ئیستگای ناوەندی هامبۆرگەوە تا نزیک شوێنی کۆبوونەوەکەیان داگیر کردبوو وە شانۆیەکی پڕ شکۆیان لە هاوپشتی جیهانیی وێنا کرد. ئەوانەی کە پەیام هێنەری خەباتی چینایەتیی بوون، ئەوانەی کە بۆ ڕزگار کردنی ژینگە هاتبوون، ئەوانەی کە لە دژی شەڕ بوون، ئەوانەی کە ناڕازیی بوون لە بوونی بەملیۆن ئینسانی برسی لە ئافریقا، ئەوانەی کە لەدژی سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکان بوون، ئەوانەی کە دژ بە فاشیزم و ڕەگەزپەرستی و ئازاردانی ژنان دروشمیان ئەدا، هەموویان وێڕای جیاوازی لە داخوازیەکانیان و دروشمەکانیاندا، هاوارێکی هاوبەشی بەشەریەتی پێشکەوتنخواز و لەدژی کۆبوونەوەیەک بوون کە بەشدارانی یاریکەرانی سەرەکی سەرجەم قەیرانە موسیبەت بارەکانی دنیای ئەمڕۆن. ئەم نمایشی هێزە، لوتکەی ئەو ناڕەزایەتیانە بوو کە لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا شاری هامبۆرگی کردە مەیدانی بەرەوڕوو بوونەوەی بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی و ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانی نیزامی سەرمایەداری.

لە بارودۆخێکدا کە هەموو رۆژێک بەشێک لە کۆمەڵگا پەراویز دەخرێن، بۆ سەرکوتگەرانی ئەم خەڵکە، گرنگترین مەسەلە ئەوە بوو کە بەر بە شکڵ گرتنی بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی چەپ و دژی سەرمایەداری بگرن. لە دوو حەفتە لەوە پێشەوە وەزیری نێوخۆی ئاڵمان قەرادادی شینگنی سەبارەت بە هاتوچۆی ئازاد لە سەر سنوورەکانی وڵاتەکەی هەڵپەسارد تا لە ڕێگای کۆنتڕۆڵ کردنی سنورەکانەوە بەر بە هاتنی ئەوانەی کە خوازیاری پەیوەست بوون بەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیەوە بوون، بگرێت. لە چەند حەفتە پێشترەوە هێزە ئینتیزامییەکان لە بەردەم ناوەندە هەستیارەکانی شار و بە تایبەت شوێنی بەڕێوەچوونی ئیجلاسەکە ئامادە بوون. لە ڕاستیدا حکومەتێکی نیزامی ڕانەگەیەندراو دامەزرابوو. زیاتر لە ٢٠ هەزار هێزی ئینتیزامی لە ویلایەتە جۆراوجۆرەکان لە شاری هامبۆرگ جێگیر کرابوون. ٢٠ هێلیکوپتێر لە رۆژێک بەر لە کۆبوونەوەکەوە بەردەوام بە ئاسمانی هامبۆرگدا دەسوڕانەوە. هێزە تایبەتە دژی تیرۆرەکانی ئاڵمان و ئوتریش لەنێو شاردا جێگیر کران و بەوانیشەوە دەبێ هەزاران مەئموری لیباس سەخسی سازمانی ئیتلاعاتی ئاڵمان زیاد بکرێت. کاربەدەستانی ئینتیزامی ڕایانگەیاندبوو کە هەموو جۆرە خۆڕاگرییەک بۆ گەیاندنی سەرانی جی بیست بە شوێنی کۆبوونەوەکە و یان شوێنی مانەوەیان تێکدەشکێنن. ئەوان ڕایانگەیاندبوو کە تەنانەت یەک چرکەش ئیجازە نادەن کە کاروانی ماشێنەکانی سەرانی ئیجلاس ڕابگیرێن. ئەوان زیندانێکی کاتییان لە سنووری هامبۆرگ بە هەزینەیەکی زیاتر لە ٥ ملیۆن یۆرۆ دروست کرد، جێگایەک کە دەبێ ئاخرین مەقسەدی گیراوان لە رۆژەکانی پێش و ماوەی بەڕێوەچوونی ئیجلاسەکەدا بێت. زیندانێک کە پەنجا سلولی تاکەکەسی بە بەرینایی هەرکام ٣ میتری چوار گۆشە و حەفتا سلولی ٥ کەسی بە بەرینایی ٩ میتری چوار گۆشەی لەخۆ دەگرت. ئەوان پانتاییه‌كیان بە بەرینایی ٣٨ کیلۆمیتری چوارگۆشە لە ناوەندی شاردا کردبووە ناوچەی قەدەغە کراو بۆ هاتوچۆ و حەرەکەتی ناڕەزایەتیی. لە حاڵێکدا کە شکایەتە حقوقیەکان لە لایەن سازماندەرانی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانەوە لەدژی هەڵوەشانەوەی مافی دیمۆکراتیک کێشرایە دادگای باڵای ئاڵمان و ئەم دادگایە ئیجازەی هەڵدانی خێوەتی لە چەند پارک دەر کرد بەڵام کاربەدەستانی ئینتیزامی بە هێرشی وەحشیانە کردنەسەر شوێنی هەڵدەرانی چادرەکان نیشانیاندا کە هەموو زمان درێژیەکانی بۆرژوازی سەبارەت بە مافە دیموکراتیکەکان و لێک جیابوونی دەسەڵاتەکان لە جێگایەک کە دەوڵەتانی سەرمایەداری هەست بە مەترسی دەکەن، کارکردی خۆیان لە دەست داوە و بایی پوشێک بایه‌خیان نییە. لەگەڵ هەموو سەرکوتگەریەکاندا، بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی، سوور بوو لەسەر ئەوەیکە شەقامەکان داگیر بکات.169

پێکهێنانی ئیجلاسی ئاڵترناتیو لە رۆژەکانی ٥ و ٦ی ژوئیە و بەڕێوەچوونی زیاتر لە ١٢٠ جەلەسە بە بەشداری خاوەن ڕایان و هەڵسوڕاوانی بوارە جۆراوجۆرەکان دەبوو لە خزمەت قوڵتر بوونەوەی وشیاری خەڵک بۆ ناسینی نیزامی سەرمایەداری بێت. هاوکات ڕێپێوانە ناڕزایەتیەکان دەستیان پێکرد. ٢٥ ڕێپێوانی ناڕەزایەتیی ڕاگەیەندرابوون. یەکەم ڕێپێوان رۆژی شەممە یەکی ژوئیە بە بەشداری زیاتر لە ١٥ هەزار کەس لەدژی گلوبالیزاسیۆن، وێران بوونی ژینگە، لەدژی شەڕ، و بۆ دیفاع لە ئاشتی بەڕێوەچوو. رۆژی چوارشەممە ڕێپێوانێک لەدژی هەڵویست گرتنە دژ بە ژنەکانی ترامپ لە لایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە و بە پشتیوانی ئەحزاب و سازمانە ڕادیکاڵە چەپەکان بەڕێوەچوو. رۆژی پێنجشەممە میلیتانت ترین بەشی بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی ڕێپێوانی ڕاگەیاند. هێزی ئینتیزامی بە تەجهیزاتی تایبەتەوە بەر لە کۆبونەوەکە ئامادە بوو. زیاتر لە ١٥ هەزار کەس بە دەنگ ئەم بانگەوازەوە هاتن و لەو شوێنە ئامادە بوون. هێشتا ڕێپێوانەکە دەستی پێنەکردبوو کە پۆلیس بە بیانوی بوونی نزیک بە یەک هەزار کەس کە دەموچاوی خۆیان داپۆشیبوو، بە وەحشیانە ترین شێوە لە پێشەوە و دواوەی خۆپیشاندانەکە بە ماشێنی ئاوپاش، گازی فرمێسک ڕێژ و لێدان و ئازاردانی خۆپیشاندەران، دەست پێکرد. ئەم هێرشە بە چەشنێک وەحشیانە بوو کە ئەو کەسانەش کە لە ڕێپیوانەکەدا بەشدار نەبوون و لە کەنار مەسیری ڕێپێوانەکەدا ڕاوەستا بوون، لە دەربڕینی ئەم گشتە نەفرەتە لە لایەن هێزی ئینتیزامییەوە توشی سەرسوڕمان کرد. لە جەریانی ئەم هێرشەدا ژمارەیەکی زۆر لە بەشداران بریندار بوون. قینێک کە لەم هێزی ناڕەزایەتیەدا کەڵەکە ببوو بە تاریک بوونی هەوا بوو بە مەیدانی بێ وێنە ترین شەڕی خیابانی لە هامبورگ. لە خۆڕا نەبوو کە شارەداری هامبورگ ڕایگەیاند کە وەها بارودۆخێک لە شەڕی جیهانیی دووهەمەوە تا ئێستا بێ وێنە بووە. نابێ لەبیر بچێتەوە کە لە هەموو ماوەی حەفتەدا لەگەڵ جەوی ترس و وەحشەتێک کە هێزە ئینتیزامییەکان دروستیان کردبوو، مێدیای بۆرژوازی لە لایەکەوە داوایان لە خەڵک دەکرد بەشداری ناڕەزایەتیەکان نەبن و لە لایەکی دیکەوە هەوڵیان ئەدا بە وێنا کردنی سەحنەی خەیاڵی، پشێوی لە لایەن بەشگەلێک لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتیەوە بتوانن کەلێن بخەنە نێوان بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکەوە. ڕێپێوانی زیاترلە سەد هەزار کەس لە رۆژی شەممەدا و بە ئامادە بوونی ئەوانەی کە گۆیا سەبەبکارانی پشێوی لە رۆژەکانی ڕابردوودا لە شاری هامبۆرگ بوون، هەموو ستراتیژی سەرکوت گەرانەی هێزی ئینتیزامی و هەوڵدان بۆ دروستکردنی کەلێن لە نێوان گرایشاتی جۆراوجۆری بزوتنەوەی ناڕەزایەتیان توشی شکستی بە تەواوەتی کرد.

ئیجلاسی جی بیست نیشانیدا کە بەرژەوەندی ناکۆکی نێوان بەشداران و ئەو ڕقابەتە سەختانەی کە لە نێوانیاندا هەیە، بۆتە هۆی ئەوەیکە ئەوان نەتوانن بگەنە ڕێگا چارەیەکی یەکدەست بۆ بەرەوپێش بردنی ستراتیژیەکانیان. نە مەسەلەی توجاڕەتی ئازاد، نە قەیرانی برسیەتی لە ئافریقا، نە خەبات لەدژی تیرۆریزم و نە تەعەهود بە تەوافوق نامەی پاریس لە پێوەند لەگەڵ ژینگەدا، خاڵێکی هاوبەشی نوێی لە نێوانیاندا دروست نەکرد. هێشتا چەند ساتێک لە وتووێژی رۆژنامەوانی میزبانی کۆبوونەوەکە، سەدری ئەعزەمی ئاڵمان سەبارەت بە پابەند بوونی هەمە لایەنەی بەشداران بێجگە لە ئامریکا لە پابەند بوون بە تەوافوقنامەی پاریس تێنەپەڕی بوو کە ئۆردوغان لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند کە ئەویش خۆی هاو جیهەت لەگەڵ ترامپ بینیوە و تەوافوقنامەی پاریس ئیمزا ناکەت.

ئەگەر ئیجلاسی جی بیست بە هەزینەیەکی سەدان ملیۆن یۆرۆیی تەنیا نمایشی کەلێنەکانی نێوان سەرانی بەشدار بوو، بە پێچەانەوە بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی پەیام هێنەری بوونی هێز و توانێکی واقعی بۆ چەپی کۆمەڵگا بوو. ئێستا مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە هێزە ناڕازیی و چەپ و ڕادیکاڵەکانی کۆمەڵگا چۆن دەتوانن لەم پوتانسیەلە بە هێزە، بۆ بەرەو پێش چوونی داهاتویان کەڵک وەربگرن.

نوێنەری حیزبی کومونیستی ئێران لە پەیامی خۆیدا لە دەستپێکی خۆپیشانداکەدا روو بە بەشداران ڕایگەیاند “ئەگەر ئیجلاسی گروپی ٢٠ خاوەنی هیچ چەشنە مەشروعیەتێک نین، ئێمە مەشروعیەتی خۆمان لە زیاتر لە یەک میلیارد لە جەمعیەتی دنیا کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، لە زیاتر لە ٦٥ ملیۆن کۆچبەر، لە بزوتنەوەی ڕەش پێستەکان لە ئامریکا و لە بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان لە باشوری جیهان وەردەگرین.” ئەو قسەکانی خۆی بە دروشمی بژی شۆڕش، بژی سۆسیالیزم و بژی هاوپشتی جیهانی کۆتایی پێهێنا.