کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئیجلاسی داووس لە سایەی بەردەوامی قەیرانی ئابووریدا

چل و شەشەمین کۆبونەوەی جیهانی ئابووری داووس رۆژی ٢٠ ژانویەی ٢٠١٦، بەرانبەر بە ٣٠ بەفرانباری ١٣٩٤ بە ئامادە بوونی سەدان کەس لە سیاسەتمەدارانی دەوڵەتانی بۆرژوایی و سەرمایەداری و بازرگانانی گەورەی جیهانی لە شارەدێیەک لە نێو شاخەکانی سوئیس دا دەستی بە کارەکانی کرد. کلاوس شواب، دامەزرێنەری ئەم کۆبونەوە ساڵانەی ئابووری، پێشتر لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری ئاسوشیتدپرس وتبوی کە داهاتوی ئوروپا بەدوای قەیرانی پەنابەراندا، دەرچوونی ئێران لە پەڕاوێز خرانێکی وێرانگەر، دابەزینی ئاستی نرخی نەوت و پڕکردنەوەی کەلێنی نابەرابەریەکان لە سەرتاسەری دنیادا، لە زومڕەی گرنگترین بابەتەکانی بەردەم ئیجلاسی داووس ی ئەمساڵ دەبێت. ئەم کۆبونەوەیە لە بارودۆخێکدا بەڕیوەچوو کە ڕەوتی دابەزینی ئەرزشی سەهام لە یەکەم مانگی ساڵەوە دەستی پێکرد بە شێوەیەک کە لە ویلایەتە یەکگرتوەکان بێ وێنە بووە و وڵاتانی وەک چین یش لە چەند ساڵی ڕابردودا دابەزینێکی لەم جۆرەی بەخۆیەوە نەبینیبوو. بازارەکانی سەهامی دنیا لە نیوەی یەکەمی ژانویەی ئەمساڵدا لەژێر کاریگەری قەیرانی ئابووری بە تایبەت هێور بوونەوەی ماتۆڕی گەشەی ئابووری چین و دابەزینی نرخی نەوتی خاودا، ٣ تڕلیۆن و ٢٠٠ ملیارد دۆلاریان لە دەست دا.638

ئەم دابەزینە وەک دەست پێکەری قەیرانێکی سێهەم بە حیساب دێت کە ئابووری ناسانی ماڕکسیست لە پێشدا پێش بینیان کردبوو. لە کۆبوونەوەی داووس دا لە قەولی یەکێک لە ئابووری ناسە بە ناوبانگەکانی دنیای بۆرژوازیەوە بە ناوی ” ویلیام وایت” وتراوە کە هەموو موهیماتی دامەزراوەی بانکی و دەوڵەتەکان بۆ بەرگرتن لە دابەزینی سەهام و نرخەکان بەکارهاتوە. ئەو بە ئاماژە بە کەڵەکە بوونی وامی وڵاتانی لە حاڵی دەرکەوتندا وەک چین، هێند، روسیە، بریزیل و ئافریقای جنوبی وتویەتی کە گەشەی ئابووریان لە ساڵەکانی بەر لە قەیرانی ٢٠٠٨ مەرهەمێک بەسەر ئازارەکانەوە بوو. بەڵام ئێستا خۆیان ئازار ئافەرینن و ناتوانن یەک تڕلیۆن دۆلاری وامەکانیان بدەنەوە بە بانکەکانی ئوروپایی.

لەسەر ناوەرۆکی ئەم قەیرانە نایەکسانی لە دنیادا بە توندی زیادی کردوە. بەپێی ڕاپۆرتێک کە دامەزراوەی غەیرە ئینتفاعی ئاکسفام چەند رۆژ پێش کۆبونەوەی داووس ی ٢٠١٦ بڵاوی کردەوە نایەکسانی لە دنیادا بەتوندی زیادی کردوە. لە ڕاپۆرتی ئەم دامەزراوەیەدا بە کۆمەڵێک فاکت و بەڵکەی روونەوە هاتوە کە سەروەتی تەنیا ٦١ سەرمایەدار لە دنیادا بەرابەرە لەگەڵ سەروەتی ٣ ملیارد و ٥٠٠ ملیۆن کەس لە جەمعیتەتی دنیا. خاوەنانی ئەم سەرمایە نجومیانە گەلێک جار و لەم کۆبونەوانەی داووس دا جەختیان لەسەر مەترسیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی سەرچاوە گرتوو لەم نایەکسانیە زۆرانە کردۆتەوە و بەشوێن رێگا چارەوە بوون و هەن. بەڵام قانونی غەیرە قابیلی کۆنترۆڵی ڕقابەت لە ئابووری سەرمایەداریدا خودی ئەم هۆشداری دەرانەش بە ناچار بەشوێن خۆیدا دەکێشێ.

شۆڕشی چوارەمی سەنعەتی، واتە بەکارهێنانی بەرینی ڕوباتەکان و هۆشی مەسنوعی بە تایبەت لە مەیدانی خزمەتگوزاریدا، وەک پزیشکی، و کاریگەریەکانی لەسەر ژیانی خەڵک و پیشەی کرێکاران لەو بابەتانەن کە لە ئیجلاسی داووس دا قسەیان لەبارەوە کراوە. داهێنان و نوێئاوەری، کە لە زومرەی ئیمتیازات و دەستکەوتەکانی بەشەرن لە سیستمی سەرمایەداریدا نە تەنیا نابنە هۆی فەراغەت و کرانەوە، بەڵکەو دەبنە هۆکاری لەبین چوونی هەلی کار و بێکار سازی بەرین. سەرمایەدارانی لە حاڵی ڕقابەتدا، کە بەشوێن سودی زیاتروەن، قەت لە ئاستی کەڵاندا ناتوانن بە بەکارهێنانی دەستکەوتە نوێیەکانی تێنولۆژی لە کاتژمێری کاریی کرێکاران کەم بکەنەوە. لە ئاکامدا لە هێزی کار کەم دەبێتەوە و بە پەرەسەندنی ئاستی کارەساتی بێکاری ئاسایش لەخەڵک زەوت دەکەن. لە دنیای سەرمایەدا سێ شۆڕشی پیشەسازی تر رویانداوە کە بۆ کرێکاران بە جێگای زیاد کردنی کاتی بەتاڵی و فەرغەت موسیبەتیان بەرهەمهێناوە. لە شۆڕشی یەکەمدا، هەڵم بوو بە بزوێنەری ماشێنەکان و بێکاری زۆری لێکەوتەوە. لە شۆڕشی دووهەمدا داهێنانی کارەبا هەر ئەم کاریگەریەی هەبوو وە لە شۆڕشی سێهەمدا کامپیوتێڕ و ئینترنێت یش وەها دەور و نەخشێکیان گێڕا. کارناسان وتویانە کە بە بەکار هێنانی بەرینی ڕوباتەکان و هۆشی مەسنوعی لە ئوروپا حەوت ملیۆن هەلی کار، لە بواری مونشیگەری و پزیشکی و کاری تری لەم جۆرەدا، لە بەین چوون و لە جێگایان دوو ملیۆن کار و پیشەی نوێ بە حەقدەستی کەمەوە فەراهەن دەبێت.قەیرانی پەنابەری یەکێکی تر لە بابەتەکانی جێی سرنجی کۆبونەوەی داووس بوو. شەڕە نیابەتی و ئیمپڕیالیستیەکان لە خاوەرمیانە و باکوری ئافریقا، توند بوونەوەی چەوسانەوە و وێران بوونی هەمە لایەنەی ژینگە لە لایەن سەرمایەدارانەوە ٦٠ ملیۆ ئینسانی ئاوارە کردوە. تەنیا یەک ملیۆن لەم ئاوارانە توانیویانە خۆیان بگەیەننە ئوروپا. ئێستا سەرمایەداران و سیاسەتمەداران ئەم موسیبەتەی خۆیان فەراهەمیان کردوە وەک کارەسات لەقەڵەم ئەدەن و سەبارەت بە ئاسەوارەکانی خەریکن زێدەگۆیی دەکەن و زیاتر لەوەی هەیە گەورەی دەکەنەوە. یەکێک لە سەرچاوەکانی ئەم ئاوارە بوونە شەڕێکی داسەپاوە بەسەر خەڵکی سوریەدا. بارودۆخی سوریەش یەکێک لەو بابەتانە بووە کە لە پشت درگا داخراوەکاندا باسی لەبارەوە کراوە. مەزوعی داهاتوی یەکێتی ئوروپا و حەوزەی یۆرۆ و گرفتە ئابووریەکانی یۆنان و هەروەها مانەوە یان نەمانەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئوروپادا خاوەنی گرینگیەکی تایبەت بوون لەم کۆبونەوەیەدا. دابەزینی نرخی نەوتیش یەکێک لە بابەتەکانی جێی سرنج بووە.نەهاوەندیان سەرۆکی دەفتەری رۆحانی و محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە بە نوێنەرایەتی لە کۆماری ئیسلامی لە کۆبونەوەی ساڵانەی مەجمەعی جیهانی ئابووری لە داووس ی ٢٠١٦ دا بەشدار بوون. ئەوان هەوڵیاندا سەرمایە گوزاران قانع بکەن کە بە هێزی کاری شارەزا و گەلێک هەرزان و بوونی زەخیرەی زۆری نەوتی و گاز و بازاڕی ٨٠ ملیۆنی دەتوانن بە کەڵک وەرگرتن لە ئیمتیازاتی زۆر پوڵەکانیان بێنن بۆ ئێران و سود و قازنجی کەڵان بەرنەوە. نەهاوەندیان، بە لەبەرچاو نەگرتنی قەیرانە روو لە قوڵ بوونەوە ئابووریەکان لە ئێران و دنیادا، ئاماژەی بە گەشەی ئابووری ٥ لەسەدی پێش بینی کراو لە دەورانی دوای تەحریمەکان لە ساڵی داهاتودا و گەشەی ٨ لەسەدی ئابووری پێش بینی کراو لە ٥ ساڵی هاتودا کرد. ئەو و زەریف هەوڵیاندا، بە چاوپۆشی کردن لە خەباتی کرێکاری و خۆڕاگریە جەماوەریەکانی ژنان و باقی چین و توێژەکان لە ئێران، ئارامشی گۆڕستانی و لەرزۆکی مەوجود لە وڵاتدا لەلای سەرمایە گوزاران بە هەمیشەیی پیشانبدەن و ئەوان و کاربەدەستانی دەوڵەتی دڵنیا بکەنەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا و لەوانە لە سوریەش ئامادەی سازشە.لە ئیجلاسی داووس کە بە ئامانجی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری پێکهاتبوو، هەموان باسیان لە بارودۆخی خراپی ئابووری کرد. ” ویلیام وایت” کە لە ئێستادا سەرۆکایەتی مەجمەعی بانکە ناوەندیەکانی سازمانی هاوکاریە ئابووریەکان و تەوسعەی لە ئەستۆیە لە جەریانی ئیجلاسی داووس دا لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی ئینگلیسی تلەگراف دا وتی:” نیزامی ماڵی جیهانی بە شێوەیەکی مەترسیدار لەرزۆک و نا سەقامگیرە. بەهمەن و ڕندویەک لە وەرشکست بوون بەرەو ئوروپا دەخزێت تا سەقامگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو ناوچەیە بخاتە بواری تاقی کردنەوە. لە ڕکودی ئابووری دواتردا ئاشکرا دەبێت کە بەشێکی گەورە لە وامەکان ئیتر قەت ناکرێ وەربگیرێنەوە. بارودۆخی ئەمرۆ خراپترە لە ساڵی ٢٠٠٧”. داهاتوویی ئه‌م بارۆدوخه‌ به‌ ره‌وتی پێشره‌فت و ته‌كامۆڵی خه‌باتی چینایه‌تی كرێكاران و بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی ئه‌م چینه‌ گرێ خۆاردووه‌.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-