2017-06-01 | ۱۳۹۶-۰۳-۱۱
حكوومەتی هەرێم سێ ساڵە هاوکارییەکانی ئێمەی بڕیوە
ئاژانس – هێمن حەسەن
ئیبراهیم عەلیزادە، سکرتێری کۆمەڵە (باڵی حزبی کۆمۆنیستی کوردستان)، باس لەوە دەکات هێشتا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زەمینەی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی نییە و دەڵێت: «نە حزبەکان نە خەڵک و نە هەلومەرجەکەش لەبار نین بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری.»
ئیبراهیم عەلیزادە، لە چاوپێکەوتنێکی «ئاژانس»دا ڕوونی دەکاتەوە، حکوومەتی هەرێم ماوەی سێ ساڵە هەموو هاوکارییەکی بڕیون کە پێشتر پێی داون و ڕایدەگەیەنێت، «حکوومەتی هەرێم لە ڕووی ئەخلاقی و ئەمنییەوە زەرەری لە خۆی داوە کە هاوکارییەکانی ئێمەی بڕیوە.» وەک ئاشکراشی دەکات، ئەوان بە هاوکاریی ئابوونەی ئەندامەکانیان ئیشوکارەکانیان دەکەن.
ئاژانس: پێم باشە سەرەتا لە هەڵبژاردنەكانی ئێرانەوە دەست پێ بكەین، ئاستی بەشداریی كورد لە هەڵبژاردنەكانی ئێراندا چۆن بوو؟
ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوان بەتایبەت لەم دەورەیەدا كە حزبە سیاسییەكانی كوردستان بە تێكڕا ئەو هەڵبژادنەیان بایكۆت كردبوو، بڵاوكردنەوەی زانیاریی چەواشە و پیشاندانی وێنەی بەشداریی كورد لە بەردەم چەند سندووقێكی دەنگدان لەم شار یان لەو شار زۆر بە گرنگ دەزانن، بەڵام لە حەقیقەتدا بە پێی ئەو زانیارییانەی ئێمە هەمانە لە بەشە كوردستانییەکاندا هەڵبژاردنێكی ساردوسڕ بەڕێوە چووە.
ئاژانس: ئێران دەڵێت كورد 60% بەشداریی هەڵبژاردنی كردووە؟
ئیبراهیم عەلیزادە: بە هیچ شێوەیەك ئەو ئامارانە جێگای متمانە نین و نابێت بڕوایان پێ بكەین، جا ئەوە نەك هەر بۆ ڕۆژهەڵات، بەڵكو بۆ هەموو ئێران جێگای بڕوا نییە، بۆیە ڕێژەكە بەو ئاستە نییە كە ڕژێمی جمهووری ئیسلامیی دەیڵێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە ڕێژەكە زۆر لە خوارترە، لە سەروو لە سەدا شەست خەڵكی ڕۆژهەڵات بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد، بە پێی ئەوەی كە خۆمان چاودێریمان كردووە لە زۆربەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتدا هەر شار چۆڵ بووە و خەڵكی چوونەتە دەرێ، خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان زۆر بە باشی بە دەم بانگەوازەكەوە هاتن، قبووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بۆ ئەو شكستە زۆر قورسە.
ئاژانس: لەسەر دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداریی، پێتان وایە كاتی هاتووە یان زووە؟
ئیبراهیم عەلیزادە: لام وایە هێشتا كاتی نەهاتووە و ئەو ئامادەییەش لەناو خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا نییە، خەڵكی پێی خۆشە ئەو خەباتە مەدەنییەی كە سەرەتاكانی سەری هەڵداوە و دەستی پێ كردووە بەرەو پێش بچێت، ئێمەش دەمانەوێت ئەو خەباتە بە كەمترین ئازار و زیان بە شوێنی خۆی بگەیەنین، ئینجا ڕابردووی خەباتی مەدەنی و چەكداریی ڕۆژهەڵات پێمان دەڵێت كە خەباتی چەكداریی نابووژێتەوە هەتا پێشتر بە ڕاددەیەكی پێویست خەباتی مەدەنی نەبووژابێتەوە و دەستكەوتگەلێكی بە دەست هێنابێت و خەباتی چەكدارییش پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی بكات و خێراییەكی زیاتری پێ ببەخشێت.
ئاژانس: كەواتە مەسەلەكە خەڵكی ڕۆژهەڵاتە ئامادە نییە یان ئێوە ئامادە نین یاخود ئێران بە هێزی ئێوە ناجووڵێت؟
ئیبراهیم عەلیزادە: ئەو هۆكارانە هەموویان هەن و كاریگەریی خۆیان هەیە، دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری مەرجی خۆی هەیە، یەكێك لەوانە دەبێت خەڵك ئامادەیی ئەوەی هەبێت پەیوەندیی بە پێشمەرگەوە بكات و ڕیزەكانی خەباتەكە قەرەباڵغتر و بەهێزتر بكات، ئێمە بەردەوام بانگەوازی هاتنەڕیزی پێشمەرگە دەكەین، پارتەكانی دیكەش هەروا، ئەی بۆ بە هەزاران كەس نایەت بۆچی بە دەیان دێت، ئەمە ئەوە نیشان دەدات كە خەڵك ئەو ئامادەییەی نییە.
ئاژانس: ئەی خەڵك بۆ ئامادە نییە و بە دەم بانگەوازەكانتانەوە نایەت؟
ئیبراهیم عەلیزادە: ئەمە بۆ خەڵكیش خەریكە دەبێتە بۆچوونێكی جێگیر كە شۆڕش هەر خەباتی چەكداریی نییە، بەڵكو گەلێك بواری جوراوجۆری هەیە، ئێستا لە لایەكەوە كۆمەڵگەی ئێمە نەكەوتووەتە قۆناغی شۆڕشگێڕانەوە، نە ئەو خەباتە مەدەنییە هێندە گەشەی كردووە نە خەڵكیش ئامادەیە لە ئاستێكی بەریندا دەست بۆ چەك بەرێت، لە لایەكی دیكەشەوە دووژمنیش لە ڕووی سەربازییەوە زۆر زاڵە. لە نموونەی باشووری كوردستاندا دیتمان كاتێك بارودۆخی ڕاپەرین ڕەخسا، هێزی پێشمەرگە كارەكەی تەواو كرد، من ناڵێم ئێمەش چاوەڕێ بكەین تا وەكو باشوور وەها هەلێكمان بۆ دێتە پێش، بەڵام ئەوەش خۆی ئەزموونێكە.
ئاژانس: ناوە ناوە لە سنوورەكانی هەرێم حزبی دیموكرات چالاكییەك لە دژی ئێران دەكات ئەمە چۆن دەبینیت؟
ئیبراهیم عەلیزادە: من پێم وایە ئەوەی دیموكراتی كورستانی ئێران دەستی داوەتێ مەرج و پێداویستییەكانی دابین نەكراوە، تۆ ناتوانی لەسەر حیسابی ئەوەی كەی سنوورت بۆ دەكرێتەوە و ڕێگەت پێ دەدرێت چالاكیی چەكداری بكەی، كەی لەسەرت دادەخرێت تەواوی كەی. چونكە ئەوە دەبێت لەسەر حیسابی ئامادەیی كۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بێت، ناكرێت كەی مۆڵەتیان پێ دای بچیت چالاكی بكەی كەی مۆڵەتیان پێ نەدای ڕابوەستی.
ئاژانس: یەكگرتوویی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لەسەر هەڵبژاردن چەند كاریگەریی هەبووە هەم بۆ كاركردنی پێكەوەیی هەمیش لەناو خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا؟
ئیبراهیم عەلیزادە: ئەم بایكۆتكردنە هاوبەشەی حزبەكانی ڕۆژهەڵات كاریگەرییەكانی زۆرتر بوون وەك لە هەڵبژاردنەكە، چونكە ماوەیەكی زۆر بوو حزبەكانی ڕۆژهەڵات كاری هاوبەش و هەماهەنگیی بەكردەوەیان بە یەكەوە نەبوو، چەند هەماهەنگی و جموجۆڵێكی دیكەش وای كرد جۆرێك لە دڵخۆشی لەناو خەڵكی كوردستان درووست بكات.
ئاژانس: ئێوە چۆن خوێندنەوە بۆ لاچوونی خالیدی عەزیزی سكرتێری حدك دەكەن، هەندێ بۆچوون هەیە كە دەڵێت ئەو ڕێگر بووە لە كاری هاوبەشی پارتەكان؟
ئیبراهیم عەلیزادە: من نازانم هۆكاری لاچوونی ئەو لە پۆستەكەی چییە، بەڵام دەزانین كە حزبی دیموكراتی كوردستان تا ڕادەیەك خەریكە پێداچوونەوە دەكات بەو سیاسەتانەی كە كاك خالیدی عەزیزی دایڕشتبوون.
ئاژانس: زۆر جار تێبینی دەكرێت كە بەرپرسانی پارتەكانی ڕۆژهەڵات دەڵێن شەش حزبی ڕۆژهەڵات، بەڵام پەژاكیش هەیە، ئێوە پەژاك بە حزبی ڕۆژهەڵاتی كوردستان نازانن؟
ئیبراهیم عەلیزادە: بێگومان ئێمە بە حزبێكی ڕۆژهەڵاتی دەزانین و چالاكە لە ڕۆژهەڵات، ڕاستە ئەوان پابەندی ئایدۆلۆژیای ئۆجەلان و هاوپەیمانی پەكەكەن و ئێمە لەگەڵ بەرنامە و كارەكانیان نین، ئێمە ئیستاش بە ڕوونیی نازانین پەژاك بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان چی دەوێت و لە چ ڕێگەیەكەوە جێبەجێی دەكات، بەڵام ناتوانین ئینكاری لەوە بكەین كە ئەوان ڕۆژهەڵاتی نین، ئەوانیش لە خەڵكی دی كەمتر نین بێنە ناو كۆڕ و كۆبوونەوەكانەوە، ئێمە ناكۆك نین لەگەڵ بوونی ئەوان، بەڵام لایەنەكانی تری ڕۆژهەڵات ئەو هەڵوێستەی ئیمەیان نییە. لە مەسەلەی هەڵبژاردندا كاتێك ئێمە كۆبوونەوهكانمان بە ئاكامیش گەیشتبوو ئەوان هێشتا لە سەر بایكۆتكردن ساغ نەبووبوونەوە.
ئاژانس: ئەوانیش بە ئێوە دەڵێن زوو ڕاتانگەیاند، جگە لەوەش ئەوان سیستمی فیدراڵییان بۆ ئێران دەوێت؟
ئیبراهیم عەلیزادە: ئەوان دەیانگوت با بزانین كاندیدەكان بۆ كورد چییان پێیە، ئێمە زۆر باش دڵنیا بووین لەوەی كە هیچ كامیان هیچیان نە بۆ كورد و نە بۆ غەیری كورد پێ نییە، كەواتە بۆچی هەڵوێست دوا بخرێت، ئێمە پێمان وا نییە فیدراڵی كێشەی كورد لە ئێران چارەسەر دەكات، بەڵكو دەبێت مافی چارەنووس بە خەڵكی كوردستان بدرێت، واتە سەرەتا ئازادییەك هەبێت و هیچ فشارێك لەسەر جەماوەر نەبێت، دواتر ڕیفراندۆم بكرێت و پرس بە خەڵكی ڕۆژهەڵات بكرێت كە دەیەوێت لە ئێراندا بمێنێتەوە یان دەوڵەتی سەربەخۆ.
ئاژانس: پڕۆژەی یەكگرتنەوەی كۆمەڵەكان بە كوێ گەیشت، چی هۆكارێك هەیە ناهێڵێت یەك بگرنەوە؟
ئیبراهیم عەلیزادە: تا ئەو جێگەیەی بە ئێمەوە پەیوەستە، جیاوازییەكان ئەوەندە زۆر بوون لە نێوانماندا كە بە شێوەیەكی شارستانییانە لە یەك جیا بووینەوە و بووین بە دوو حزبی جیاواز، ئیستا بە هیچ جۆرێك پرسی یەكگرتنەوە لە گۆڕێدا نییە، بەڵام ئەوە بە واتای ئەوە نییە كە ئێمە لەگەڵ ئەوان لە پێناوی بەرژەوەندییەكانی باڵای خەڵكی كوردستان نەتوانین هاوكاریی دیاریكراومان هەبێت.
ئاژانس: چەند ڕۆژێک پێش ئێستا كۆمەڵەی شۆڕشگێڕان پلاتفۆڕمێكی بڵاو كردەوە بۆ كاری هاوبەشی حزبەكانی ڕۆژهەڵات، ئێوە وەڵامتان بۆ ئەو پلاتفۆڕمە چی دەبێت؟
ئیبراهیم عەلیزادە: من پڕۆژەكەم نەبینیوە، بەڵام ئێمە لە پێنج ساڵ لەوە پێشەوە بۆ ئەو مەبەستە پلان و نەخشەڕێگامان هەبووە و لە كۆنگرەماندا پەسەندمان كردووە و بڵاومان كردووەتەوە.
ئاژانس: دواپرسیارم ئەوەیە باری داراییتان چۆنە لەم قەیرانەی هەرێمدا؟
ئیبراهیم عەلیزادە: حكوومەتی هەرێمی كوردستان سێ ساڵ و نیوە هەموو هاوكارییەكی لە ئێمە بڕیوە، پێشتریش هاوكارییەكان بەو ڕادەیە نەبوون كە هەموو كاروبارەكانی ئێمە بە تەواوی هەڵسووڕێنێت، ئێستاش هەوڵمان داوە خۆمان لەگەڵ بارودۆخەكە بگونجێنین بۆ ئەو مەبەستەش یەكەم شت لە خەرجییەكانمان كەم كردەوە، ئینجا ئابوونەی ئەندامەكانمان لە ئەورووپا زیاد كرد و هەروەها داوامان لێ كردن هەرچەند دەتوانن لە بانكەكان قەرز وەربگرن تا كاتێكی تر بیدەینەوە، بە هەر جۆرێ بێت تا ئێرە هێناومانە و لەسەر پای خۆمان ڕاوەستاوین و هیوادارین بەردەوامی پێ بدەین. بەڵام حكوومەتی هەرێم دوو زەرەری كردووە، یەكەم لە ڕووی ئەخلاقییەوە زەڕبەی لە متمانەی خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان داوە، پەیوەندیی خەڵكی ئەمدیو و ئەودیو وا ئاسان بە دەست نەهاتبوو كە ئاوا ئاسان زیانی پێ بگەیەنن، ئەو خەڵكانەی لێرەن لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمن و لە ژیانیان بەرپرسە، بەڵام تاكو ئێستا نەهاتوون لێمان بپرسن چۆن دەژین، دووەم ئێمە دەتوانین دەورێكی گرینگمان هەبێ لە پێكهێنانی هاوسەنگییهکی باشتر لە نێوان كۆماری ئیسلامی و حكوومەتی هەریم. زەعیفبوونی ئێمە لەم ڕووەشەوە ڕاستەوخۆ بە زەرەری حكوومەتی هەرێمە و زیان بە قووڵایی ئەمنیی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت. ئەوان لەو ماوەیەدا نەك زیانیان بە ئێمە بەڵكوو زیانیان بە خۆشیان گەیاندووە.