هەڵسەنگاندن و توێژینەوهکان نیشانی دهدەن کە مامناوەندی هەزینەی مانگانەی بنەماڵەیەک لە ئێران گەیشتۆتە ٣ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار تمەن و ٢١ لەسەد لە بنەماڵە شاریەکانی ئێران و ٤٠ لەسەدی ئەو بنەماڵانەی لە دێهاتەکان نیشتەجێن گیرۆدەی هەژارین. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار و بانکی ناوەندی، نرخی کالای خۆراکی و خواردنەوەکان لە ساڵی ٩٥ دا بە بەراورد بە ساڵی ٨٨ ، ٣.٧ بەرابەر بووە و بنەماڵەکان بۆ قەرەبوی سەبەدی کەسری بودجە، مەسرەفی کالا خۆراکی و خواردنەوەکانیان ٢٨ لەسەد کەم کردۆتەوە. لە ئاوا بارودۆخێکدا کرێکاران خوازیاری دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەست لەسەر بنەمای سەبەدی هەزینەی کالا زەروریەکانی بنەماڵەیەکی ٤ کەسین. بەڵام محەممەد نەیشابوری وتەبێژی حیزبی ئیسلامی کار ڕایگەیاندوە؛” لانیکەمی حهقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی داهاتوو ٩ تا ١١ لەسەد زیاد دەبێت.
لانیکەمی حەقدەست لە ساڵی ٩٥ دا ٨١٢ هەزار تمەن دیاری کرا کە بە قەولی گەلێک لە کارناسان یەک لەسەر چواری ڕێژەیەک بوو کە لەسەر بنەمای واقعیەتەکان دەبوو دیاری بکرایە. واتە ئەگەر بە ٨١٢ هەزار تمەنەوە ١١ لەسەد زیاد بکەین حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ٩٦ دا دەبێتە ٩٠١ هەزار تمەن لە مانگدا کە دیسانیش ٣ جار لە خوار هێڵی هەژاریدایە. ئەم ڕێژەیە تەنیا شاملی بەشێکی کەم لە کرێکارانی ئێران دهبێت كه مەشمولی قانونی کارن و کرێکارانێك کە لە ژێر چەتری یاسای کاردا نین بارودۆخێکی گەلێک دژوارتر چاوەڕێیان دەکات. ئەم کرێکارانە لە ئەگەری پاراستنی کارەکەیاندا تەنیا بە هەبوونی دوو شوغڵ و خستنەبەر کاری باقی ئەندامانی بنەماڵە، وەک منداڵەکان، دەتوانن ژیانێکی هەژارانە بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەیان دابین بکەن. بەپێی وتەی محەممەد نەیشابوری وتەبێژی حیزبی ئیسلامی کار، کرێکارانی ئێران لە ساڵی داهاتودا نابێ چاوەروانی زیاد بوونێکی ئەوتۆ لە حەقدەست و باشتر بوون لە دۆخی ژیانیاندا بن. ئەوەی لە قسەکانی نەیشابوریدا دیارە دەوڵەتی رۆحانی بە روو هەڵماڵدراوی تەواوەوە هەروا بۆ هەرزان کردنی هێزی کار و داسەپاندنی هەژاری و برسیەتی رۆژ لە رۆژ زیاتر بەسەر بە ملیۆن بنەماڵەی کرێکاریدا هەوڵ ئەدات. ئەگەر دەوڵەتی رۆحانی تا ئیستا نەیتوانیوە لە ڕێگای گۆڕینی قانونی کارەوە هەرزان کردنی هێزی کار بە یاسایی و نیهادینە بکات لە هەوڵدایە کە لە ڕێگای جێگیر کردنی لانیکەمی حەقدەستەکانەوە بە بەشێک لە ئامانجەکانی بگات. دەوڵەت لە هەوڵدایە تا لە ڕێگای دەستکاری کردنی بە ئاشکرای نرخی ئاوسان و هێشتنەوەی مامناوەندی هەزینەی مانگانەی بنەماڵەیەک لە ئێران کە گەیشتۆتە ٣ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار تمەن ئەوەی کە خۆی ئەیهەوێت بەبێ کەم و کەسر بە پەسندی بگەیەنێ. کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی بە ئاگادار بوون لە قەیرانی توندی ئابووری و قەیرانە جۆراوجۆرەکانی دیكه کە بەرۆکیان گرتون، لە کاردانەوەی کرێکاران سەبارەت بەو موسیبەتانەی کە بەسەریاندا سەپاوە، نیگەرانن. ئەوان لە پەرەسەندنی خەبات و مانگرتنی کرێکاران دەترس. ئەوان دەزانن کە ئەگەر ئەم چینە بێتە مەیدان ناتوانن تاوانی ئەوەیان بخەیتە پاڵ کە لە لایەن دەوڵەتان و ڕاگەیەنەر و دەزگا جاسوسیە درەکیەکانەوە تەحریک کراون. ئەوان دەزانن کە لە ئەگەری روودانی وەها شتێکدا بە هاسانی ناتوانن هێز و دەزگا سەرکوتگەرەکانیان لە دژیان لە حاڵەتی بەسیج و ئامادە ڕابگرن.
شورای باڵای کار، کە بە پێی مادەی ٤١ی یاسای کار وەزیفەیەتی لانیکەمی حەقدەست دیاری بکات ڕواڵەتی پێکهاتەیەکە لە نوێنەرانی دەوڵەت، خاوەنکاران و کرێکاران. هەر کەس چاوێک لە پێكهاتەی ئەم شوڕایە بکات خێرا بۆی دەردەکەوێ کە ئەوان لە ڕاستیدا نوێنەرانی بەرژەوەندی خاوەنکاران، واتە دەوڵەت، سپا و ئەوانی دیكهن و هیچی دیکە. ئەندامانی شوڕا بریتین لە: ئەلف- وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، کە سەرۆکی شوڕاکەیە. ب- ٢ کەس لە کەسانی شارەزا لە ماسایلی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا و بە پێشنیاری وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و پهسهندکردنی هەیئەتی وەزیران. ج- ٣ کەس لە نوێنەرانی خاوەنکاران. د- ٣ کەس لە نوێنەرانی کرێکاران بە ئینتیخابی کانونی باڵای شوڕا ئیسلامیەکانی کار، کە ڕێکخراوێکی زەرد و دژی کرێکاریە. ئەم شوڕایە لە ساڵی ١٣٦٩ بەملاوە، کە یاسای کار بە کردەوە دەرهاتوە، تا ئێستا لانیکەمی ئەو حەقدەستانەی بەسەر کرێکارانیدا سەپاندوە زۆربەیانی بەرەو ژێر هێڵی هەژاری پاڵ پێوەناوە. پێویستە کە کرێکاران و بە تایبەت هەڵسوڕاوانی کرێکاری بارودۆخی قەیراناوی ڕژیم بە ڕەسمیەت بناسن و ئیجازە نەدەن ئەم ئۆرگانە دژه کرێکاریە جارێکی دیكه لانیکەمی حەقدەستێکی وێرانگەر بەسەر کرێکاراندا بسەپێنێ. هەڵسوراوانی کرێکاری و کرێکارانی وشیار دەبێ لەسەر بەستێنی ئەم بارودۆخە بۆ دەستەبەرکردنی ئەم داخوازیانە دەست بدەنە خەباتێکی یەکگرتوانە. وەحدەتی کرێکاران و هاوکاری نزیکی تەشەکولەکان و هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە بەرەو پێش بردنی خەبات لە بارودۆخی ئێستادا لە هەر کاتێکی دیكه پێویست ترە.
دەوڵەتی رۆحانی بە هەوڵدان بۆ زیاد کردنی ١١ لەسەدی حەقدەستەکان هەوڵ ئەدات قەیرانی ئابووری سەرمایەداری ئێران بە پێنانە سەر شانی کرێکاران و بە داسەپاندنی هەژاری و فەلاکەتی رۆژ لە رۆژ زیاتر بەسەر بە ملیۆن بنەماڵەی کرێکاریدا کۆنترۆڵ بکات. هەوڵدان بۆ زیاد کرانی ١١ لەسەدی حەقدەستەکان لە حاڵێکدایە کە مامناوەندی هەزینەی مانگانەی بنەماڵەیەک لە ئێران ٣ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار تمەن بەراورد کراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ هەزینەی دابین کردنی لانیکەمی نیازەکانی بنەماڵەیەکی کرێکاریدا ناگونجێ. لە ئاوا بارودۆخێکدا زیاد کرانی حەقدەستەکان لەسەر بنەمای نرخی ئاوسانی ڕاگەیەندراو لە لایەن بانکی ناوەندیەوە مەوزوعیەتی خۆی لەدەست داوە. هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کرێکارانی بەشدار لە وەها خەباتێکدا دەبێ خوازیاری دابین بوونی لانیکەمی حەقدەستەکان تا ئاستی ٣ ملیۆن تەمەن بن لە مانگدا و گۆنجاو لەگەڵ هەزینەکانی دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی. ئەوان لە هەمانحاڵدا دەبێ خوازیاری دابین بوونی بیمەی بێکاری تا گەڕانەوە بۆسەر کاری هەموو کرێکاران بن. خەبات بۆ داسەپاندنی لانیکەمی حەقدەستێکی گونجاو لەگەڵ هەزینەکانی ژیانێکی ئینسانی بەبێ خەبات بۆ دەستەبهر بوونی مافی بێکاران و کرێکارانێک کە لەژێر چەتری یاسای کاردا نین گەلێک دژاور و تەنانەت نا مومکینیشە.
ئەگەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری لەسەر بەستێنی بارودۆخی ئێستا بتوانن کرێکاران بۆ دابین بوونی لانیکەمی حەقدەستی گونجاو و کافی بۆ ژیانێکی پڕ لە ڕیفاه و شایستەی ئینسانی سەدەی ٢١ و هەروەها دابین بوونی مافی کرێکارانێک کە لەژێر چەتری قانونی کاردا نین و بێکاران سازماندەیی و هیدایەت بکەن ئەو کاتە نیگرانی سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێتە لەرزەی مەرگ.