به پێی ڕاپۆرتهكان، پهروهندهی “حەیدەر قوربانی” بەندکراوی سیاسیی بەڕێ کراوە بۆ بەشی جێبەجێکرانی حوکمەکانی دادسەرای سنە بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی ناوبراو و به ئەگەری زۆر، لە ماوهی رۆژانی داهاتوودا ئەو حوکمە جێبەجێ بکرێ.
به پێی ئهم ڕاپۆرته، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژ، حوکمی سێدارەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامیاران لە لایەن لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات پەسەند کرا و پارێزەرەکانی ئەو حوکمەیان بە بنەماڵەكهی ڕاگەیاندووە. شایانی باسه، ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکی دادگای ڕژیم له شاری سنە بە تۆمەتی “هاوکاری و ئەندامبوون لە یهكێك له حیزبه نهیارهكانی ڕژیم” حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەو حوکمە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی پارهكه، لە زیندانی سنە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە. شایانی باسه، “حەیدەر قوربانی” وێڕای كهسێكی دیكه به ناوی “مەحموود سادقی” لە ڕیکەوتی ١٤ی ڕەزبەری پارهكه، لە پهروهندهیهكی دیکەدا و لە لایەن لقی ١ی دادگای تاوانەکانی ئۆستانی كوردستان بە تۆمەتی “هاوکاری کردن و کارئاسانی بۆ کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران لە کامیاران” دادگایی و بە پێی ئەو حوکمە، حەیدەر قوربانی به ١١٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندان و لێدانی ٢٠٠ زهربه شهلاق و مەحموود سادقی به ٤٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندان و لێدانی ٢٠٠ زهربه شهلاق مهحكووم كرابوون.