ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی مانگی ڕەزبەر ڕێكخراوی ههواڵنێرانی بێسنوور، لە ڕاپۆرته تازەكهیدا لهسهر ” ڕۆژی ٢ی نۆوامبر ڕۆژی جیهانیی کۆتاییهێنان بە پارێزبەندیی لەسهر سزادان بۆ ئەو کەسانەیكه جەنایەتیان لەدژی ڕۆژنامەنووسان ئەنجام داوە” ناوی ٣٥ سەرۆک دەوڵەت و ڕێكخراوی جەنایەتکاری وەک دوژمنانی ئازادیی چاپەمەنییهكانی خستە لیستەکەیەوە. ڕەجەب تەیێب ئهردۆغان سەرۆک کۆماری تورکییەش یەکێک لەو کەسانەیە کە ناوی لەپاڵ ناوی ئەبوبەکر بەغدادیی ڕێبەری داعشدا لە لیستی نوێی دوژمنانی ئازادیی چاپەمەنیی ڕێكخراوی ههواڵنێرانی بێسنووردایە. لەم پێوەندەدا یەکێک لە مودیرانی بەشی ئاڵمانیی ئەم ڕێكخراوهیه ڕایگەیاند كه “ژمارەیەکی زۆر لە دەسەڵاتداران دەمێک ساڵە بە بێ ئەوەی سزا بدرێن، ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگریان ئازار داوە، ئەوان ئەشکەنجە دەدهن یان دەیانکوژن.”لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ” لە تورکییەی دوای کودهتای ١٥ی ژوئییەوە، چالاکیی ١٤٠ ناوەندی ڕاگەیاندن قەدەغە کراوە و ١٣٠ ڕۆژنامەنووسیش خراونەتە زیندانەوە.” هەڵبەت لەگەڵ قەدەغە کرانی ١٥ چاپەمەنیی و ڕاگەیاندنی دیكه لە شارەکانی کوردستان کە بەم شێوەیە ژمارەی ڕۆژنامە قەدەغەکراوەکان لە تورکییە گەیشتووهتە نزیکەی ١٦٠ ڕۆژنامە. دوایین حاڵەتی ئەم دەستدرێژییانە، هێرش بۆسەر کارمەندانی ڕۆژنامەی جۆمهورییەت بوو کە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی مانگی ڕەزبەر بەڕێوەچوو و تێیدا هێزە سەرکوتگەرە ئەمنییەتییەکانی تورکییە لهڕێگهی هێرشکردنە سەر نووسینگهی ئەم ڕۆژنامە سیکۆلارە و نەیاری دەوڵەت، ١٣ کەس لە کارمەندانی ئەم ڕۆژنامەیە لەوانە سەرنووسەرەکەیان دەستگیر کرد. بەمجۆرە ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو گەیشتە ١٤٣ کەس. بەڵام باقی هاوکارانی ڕۆژنامەنووسانی بهندکراو ڕۆژی دوایی لە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی “جۆمهوریەت”دا کە دوای گیرانی هاوکارەکانیان بڵاویان کردەوە، بوێرانە و بە خەتی گەورە و لە لاپەڕەی یەکەمدا بە سەردێڕی:” هێرشێکی دیكه لە دژی ئازادیی چاپەمەنییهكان”، لە ناوەرۆکی سەروتارەکەدا نووسیان ” ڕۆژی دووشەممە بە گیرانی ١٣ ڕۆژنامەنووس، نووسەر، ڕەخنەگر و چەند هاوکاری دیکەی ئەم ڕۆژنامەیە، هەوڵەکان بۆ چاوترسێن کردنی ڕۆژنامەنووسان لە تورکییە بەرینتر بۆوە. ئێمە تەسلیم نابین و درێژە بە خەبات دەدەین لەدژی سەرکوتی ئازادیی چاپەمەنییهكان.”
چەند ڕۆژ لەمهوبهر لە درێژەی هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکییە بۆ کپکردنی هەموو دەنگێکی مافخوازانه و ئازادیخوازانە، لە ئیستانبول پۆلیسی تورکییە بە بیانووی لایەنگریی لە کوردەکان، هێرشی کردەسەر کاناڵی “IMC TV” کە ڕەخنەگری سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئهردۆغانە و دایانخست. بڕیاره ١١ فرستندەی دیكهش هەر بەمجۆره بیانووانەوە دابخەن. ئەم کردارە سەرکوتگەرانە هەڵبەت بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی کارمەندانی ئەم كهناڵه بۆوە کە هاواریان دەکرد” ئێوە قەت ناتوانن هەواڵنێران ناچار بە بێدەنگ بوون بکەن.”
هەڵبەت ئەوە تەنیا دەوڵەتی تورکییە نییە کە لەبەر گرتن وبهندکردن و سەرکوتی ڕۆژنامەنووسان دەچێتە لیستی دوژمنانی ئازادیی چاپەمەنییەوە. بەداخەوە ڕۆژنامەنووسان و وێبلاگ نووسان و هەواڵنێران لە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتاندا دەکەونەبەر بەدواداچوون و ئەزیەت و ئازار و تەنانەت تێرۆریش دەکرێن. نموونەیەکی بەرچاوی دیكهی سەرکوتگەریی و کوشتاری ڕۆژنامەنووسان و وێبلاگ نووسان، ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامیی لە ئێرانە. ئەم ڕژیمەش ساڵانێکە کە هەموو جۆرە دەنگێکی ئازادیخوازانە و پێشکەوتنخوازانهی بە شێوەیەکی دڕندانه سەرکوت کردووە و ڕێگهی چالاكیی بە هیچ ڕاگەیەنەرێک نەداوە کە بە هەر شێوەیەک دژایەتیی حاکمیەتی کردبێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە هەمان سەرەتای بەدەسەڵات گەیشنیەوە لە زومرەی یەکێک لە دوژمنانی ئازادیی چاپەمەنییهكان بووە.
بەڵام ئەوە تەنها هەواڵنێران و گوزارشگەران نین کە دەکەونەبەر بەدواداچوون و ئەزیەت و ئازاری دەوڵەتی جەنایەتکاری تورکییە. لە ماوهی چوار مانگی ڕابردوودا ڕژیمی تورکییە هەموو دهنگێکی بە ئاستەم نەیاریشی داوەتەبەر هێرش. ههتا ئێستا زیاتر لە سەدوسی هەزار کەسیشی بە بیانووی لایەنگریی لە فەتحۆڵڵا گۆلەن گرتووە. زیاتر لە سەد هەزار کەس لە مۆعەلیمان، مافناسان، پزیشکان و پەرهستاران و کارمەندانی دەوڵەت بەم بیانووە لەسەرکار لادراون. ڕۆژی شەممە ٨ ی مانگی ڕەزبەر ڕۆژنامەی حۆڕرییەت، ناوی ١٠ هەزار کەسی دهركراوی دیکەی لە کارمەندانی دەوڵەت و کەرتی خزمەتگوزاریی بڵاو کردووهتەوە.
لەگەڵ شکستهێنانی ئۆلگوی حاکمییەتی ئیسلامی سیاسیی و ناکامی سیاسەتە نێوخۆیی و ناوچەییەکانی ڕژیمی تورکییە، خەونەکانی ئهردۆغان بۆ گەڕانەوە بۆ ئیقتداری ئێمپڕاتۆڕییەتی عوسمانیش بەبا چوون. کودهتای ١٥ی ژوئییە لە تورکییە بەهانەیەک بووە بهدهست دەوڵەتی ئهردۆغانهوه، ههتا بەو بیانووەشهوە لهڕێگهی هێرشکردنەسەر ئازادیی و تێكڕای دەستکەوتەکانی خەباتی چەندین ساڵەی کرێکاران و جەماوەری زۆرلێکراو لە گشت بوارە گرنگهكانی کۆمەڵگهی تورکییەدا، هەوڵ بدات ئەو شکستانەی قەرەبوو بکاتەوە و سیاسەتەکانی بەرێتە پێشێ، ههتا بەڵکوو ئاواتە پوچ و مەزنخوازانەکەی بەکردەوە دەربێنێ.
دوژمنایەتیی دەوڵەتی ئیسلامیی تورکییە لەگەڵ خەباتی کرێکاران لە کارگه و کارخانەکان و هێرشی وهحشییانه بۆسهر ڕێوڕهسمهكانی یەکی مانگی مەی و تەنانەت دوژمنایەتیکردن لەگەڵ شوێنی بەڕێوەچونی ئەم مەڕاسمانە واتە مەیدانی “تەقسیم” و پارکی “گزی” و وێرانکردنی وەک هێمای خەباتی چینی کرێکاریش، دەرخەری گۆشەیەکە لە کینەی چینایەتیی ئەم دەوڵەتە کۆنەپەرهستە سەرمایەدارییە لەگەڵ چینی کرێکار.
هێرش و لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکییە بۆسەر کوردستان دوای شکستی ” ئاکپارتی” واته حیزبەکەی ئهردۆغان لە هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووشدا بەشێکی دیكهیه لە پیلانەکانی ڕژیمی فاشیستی تورکییە بۆ ژیاندنهوهی دەسەڵاتی چەند ساڵ لەمهوبهری. ترس و نیگەرانیی حکومەتی ئهردۆغان، لە پەرەسەندنی بزووتنەوەیەکی جەماوەریی بەرینە کە لە کورستان لەدژی ئیختیناق و دیکتاتۆڕیی و پێشێل بوونی مافە ئینسانییەکانی خەڵک کەوتووهتەڕێ. خەڵکی کوردستان دەیانەوێ خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاریی بکەن و کاروباری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگه بەدەست خۆیانەوە بێت. ئهردۆغان وەک باقی حاکمانی دیکتاتۆڕ و پارێزەری سەرمایە ئەم بزووتنەوە جەماوەریی و ڕەوایە، بە دوژمنی خۆی دەزانێت و ئهمه وەکوو کۆسپێکی سەر ڕێگهی وەدیهاتنی خەونەکانی و سەرکەوتنی بەرنامەکانی دەبینێ.
هێرش بۆسەر شار و گوندهكانی کوردستان چ لە تورکییە و چ لە عێراق و سورییە، هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی ئەم بزووتنەوەیە و وەرگرتنەوەی دەستکەوتەکانی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی تورکیە.
بەڵام قەیرانێک کە حکومەتی سەرمایەداریی ئیسلامیی تورکییەی داگرتووە و بووهته هۆی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ئهردۆغان، نە بە هێرشکردنەسەر ڕۆژنامەنووسان و گرتن و ئەشکەنجەدانیان و نە بە هێرشی وەحشییانە بۆسەر کوردستان و گرتنی شارەدارە هەڵبژێردراوەکانی خەڵک و نە بە قانونی کردنی سەرلەنوێی سزای ئێعدام، و نە بە گرتن و دەرکردنی بە سەدان هەزار کەس لە خەڵکی تورکییە و گشت ئهمانهش چارەسەر نابێت. دەوڵەتی تورکییە ناتوانێ بەم کردارانەی بەر بە گەشەی فەرهەنگی سیکۆلار و بییری ئازادانهی خەڵک بگرێت. ناتوانێ لە بەرامبهر پەرەسەندنی ڕۆژانەی ناڕەزایەتیی مافخوازانە و ئازادیخوازانەی جەماوەری خەڵک بۆ باشترکردنی ژیانیان، چ لە بواری ئابووریی و چ لەدژی ئیختیناق و دیکتاتۆڕیی لە سەرتاسەری تورکییەدا خۆڕاگرێت و سەرئەنجام مەحکووم بە شکستە.