ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه ٧ی ڕێبه‌ندان، له‌لایه‌ن لقی جێبه‌جێكاری سزاكانی دادگای ئینقلابی تارانه‌وه په‌یوه‌ندی ته‌له‌فوونیان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی چوار به‌ندكراوی سیاسی مه‌حكووم به ئێعدام به ناوه‌كانی “وه‌فا ئازه‌ربار”، “موحسن مه‌زڵووم”، “محه‌ممه‌د فه‌رامه‌رزی” و “پژمان فاتحی” گرتووه تاكوو دوایین دیداریان له‌گه‌ڵ ڕۆڵه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن.
ئه‌و هه‌وڵه‌ی ڕژیم هاوكات بووه له‌گه‌ڵ چالاكی به‌رده‌وامی ئێرانیانی ئازادیخواز له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ ڕاگرتنی سزای ئێعدام، به‌ڵام كۆماری ئیسلامی به ڕه‌دكردنی داخوازی پێداچوونه‌وه به په‌روه‌نده‌ی ئه‌و چوار به‌ندكراوه سیاسیه له دیوانی باڵای وڵات، به‌ستێنی بۆ له‌سێداره‌دانیان ئاماده كردووه. به‌پێی زانیارییه‌كان، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و چوار به‌ندكراوه ئێستا له‌به‌ر درگای زیندانی ئێڤین دا كۆبوونه‌ته‌وه و چاوه‌ڕێی پشتیوانی ئێرانیانی ئازادیخواز ده‌كه‌ن.
