مەزهەب لە کۆمەڵگای چینایەتی ئەمرۆدا، لە هەمان حاڵدا کە بیروباوەڕی جەماوەرێکی بەرین لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش پێکدێنێ، ئامرازێکیشە بە دەست سەرمایەداران و دەوڵەتەوە تا لە ڕێگای ئەوەوە خەڵک بە هیوادار بوون بە ژیانێکی ئەفسانەیی لە دنیایەکی تر فریو بدەن و حاکمیەتی نیزامی سەرمایەداری و بەهەشتی ئەمرۆی خۆیان هەر لەم دنیایەدا درێژە پێبدەن.
ئایین بەردەوام و بە درێژایی مێژوو دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی بێ هیوایی و بێ توانایی جەماوەری خەڵک بووە لە دەست و پەنجە نەرم کردنیان لەگەڵ کۆسپەکانی سەر ڕێگای ژیانیان. ئینسانێک کە کۆیلەی مۆناسباتی نیزامی سەرمایەدارییە و بە تەنیایی ناتوانێ بارودۆخی ژیانی خۆی بگۆڕێت و لە بەرانبەر ڕەنج و ئازارێکدا کە خۆی و بنەماڵەکەی گیرۆدەی بوون، کارێکی لەدەست نایەت، کاتێک کە خۆی لاواز و داماو دەبینێ، بە ناچار روو دەکاتە ئاسمان، بەو هیوایەی هێزێکی بە تواناتر لە خۆی دەربکەوێ و ڕزگاری بکات. کاتێک کە لە دنیای واقعیدا هیچ هیوایەک بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئارەزوەکانی نامێنێتەوە، ئاوات دخوازێ کە بۆ دەست ڕاگەیشتن بە هیواکانی دوای مردن سەرلەنوێ زیندوو بێتەوە و بە ئاواتی دەست ڕاگەیشتن بە ڕیفاه و بەختەوەری لە دنیای خەیاڵی دوای مردندا، ڕەنج و ئازارەکانی دنیای ڕاستەقینە تەحەمول دەکات.
دەوڵەتانی سەرمایەداری بۆ درێژەدان بە سوڵتەی چەوسێنەرانەیان بە شێوەی جۆراوجۆر كاری سەرکوت كردن بهڕێوهدهبهن. سەرکوتی ڕاستەخۆ لە ڕێگای زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام و دروست کردنی فەزای پۆلیسی و وەحشەت لە کۆمەڵگادا تەنیا یەکێک لە شێوازەکانی سەرکوتە. شێوازی تری کە بە یارمەتی مەزهەب بەڕێوەدەچێت بریتیە لە دەروونی کردنەوەی سەرکوت. ئەوان بە یارمەتی ئایین دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی ناڕازیی لە ناخەوە کپ دەکەن. مەزهەب بەوان کە تەواوی تەمەنیان لە ڕەنج و ئازاردان و لە نیاز و کەم کوڕیدا دەژین فێردەکات کە تا کاتێک زیندون، تەسلیم و سەبور بن و بە هیوای پاداشتەکانی بەهەشت لە ئارامشدا بن. مەزهەب جۆرێک موخەدر و سڕکەری مەعنەویە کە تێیدا کۆیلەکانی سەرمایە، دڵخوازانە خۆیان لە ژیانێکی باشتر کە شایستەی ئینسان بێت بەدوور دەگرن.
ڕزگار بوونی ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش لە چنگ ئەم هۆکارەی سەرکوتی دەروونی بە ڕۆشنگەری و لێکدانەوەی زانستی بابەتە جیهانیەکان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا مومکین دەبێت، بەڵام ئەم ڕزگار بوونە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا تەنیا کاتێک ئیمکانی هەیە کە بارودۆخی مادیی ژیانی ئینسان گۆڕابێت و ئەو هێزە سروشتی و کۆمەڵایەتیەی کە ئینسان لە ترسیان پاڵیان بە مەزهەبەوە داوە هاتبێتە ژێر ڕکێف و کۆنترۆڵی چینی کرێكار و ئەفکاری ئینسانی پێشڕەو و پێشکەوتن خوازەوە. لەم ڕاستایەدا و بۆ دەست ڕاگەیشتن بە وەها ئامانجێکە کە جیایی دین لە دەوڵەت تەرح دەکرێت. له ڕاستیدا ئایین بێجگە لەوەی کە سەربەخۆ لە دەوڵەت بێت یان نەبێت، ئامرازی دەروونیی کردنەوەی سەرکوتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشێکە کە لەدەست ئەم نیزامە وەتەنگ هاتون و لێی ناڕازین و ئەمە دەزانین. بەڵام دەستەبەر بوونی داخوازی جیایی دین لە دەوڵەت، ئەم ئامرازەی سەرکوت لە دەست سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان دەردێنێ. جیایی دین لە دەوڵەت واتا هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە ئیمتیاز و هەڵاواردنێک لە پیشەی دەوڵەتی و حقوقی کەسەکان لەسەر حیسابی مەزهەب و پلەی مەزهەبی ئەوان و یان باوەڕ و بێ باوەڕ بوونیان بە مەزهەب؛ واتە هەڵوەشاندەنەوەی دانی یارمەتی ماڵی و غەیرە ماڵی دەوڵەتی بە چالاکی و دامەزراوە مەزهەبیەکان، واتە هەڵوەشانەوەی وانهی مەزهەبی لە مەدرەسە و دامەزراوە ئاموزشیە دەوڵەتیەکان؛ واتە هیچ مەزهەبێک وەک مەزهەبی ڕەسمیی بە ڕسمیەت نهناسرێت، مەزهەب وەک ئەمرێکی تایبەتیی کەسەکان چاو لێ بكرێت و سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵ لە ئیختیار کردن و یان نەکردنی هەر مەزهەبێکدا ئازاد بن.” جیایی دین لە دەوڵەت” دروشمێکە کە وێڕای نیشاندانی دژایەتیمان لەگەڵ مەزهەب وەک ئەمرێکی دەوڵەتی، تەعەهودیشمان بە ئەسڵی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بیروباوهڕ بەیان دەکات. واتە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چینی کرێکار چ وەک ئوپوزسیۆن و چ دوای بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی، بە توندی دژایەتیی هەموو جۆرە ڕەچاو کردنێکی گوشار و زوڵم و زۆر و پشكنینی بیروبۆچوون و هەڵاواردن و مەحدودیەتی یاسایی لەدژی کسانی مەزهەبی دەکات و بۆ ڕەخنە و وەلانانی بیروبۆچوون و نەزەراتی مەزهەبی لە کۆمەڵگادا، هیچ شێوازێک بێجگە لە خەباتی نەزەری، رۆشنگەری و ئاموزش و قەناعەت پێهێنان بە ڕێگه پێدراو نازانێت. داخوازی جیایی دین لە دەوڵەت دەستی دەوڵەتەکان لە برەودان بە مەزهەب بە کەڵک وەرگرتن لە سەروەت و ئیمکاناتی گشتی کۆمەڵگا، کورت دەکاتەوە. لەم ڕوەوە جیایی دین لە دەوڵەت و بوونی مەزهەب بە ئەمرێکی خوسوسی ئینسانەکان یەکێک لەو دروشم و داخوازیانەیە کە ئێمە کومونیستەکان خەباتی بۆ دەکەین، بەڵام بێجگە لە ئێمە بەشێک لە ئوپوزسیۆنی بۆرژواییش سەرفی نەزەر لەوەی کە لە داهاتودا تا چ ئاستێک بەمەوە پێبەند بن هەر ئەم دروشمە ئەڵێنەوە و هێندێک جار جاڕچی و موبەلیغی ئیدە غەیرە مەزهەبیەکانیشن و خۆیان بە سیکۆلار ناودەبەن. بەڵام ئەوەی کە هەڵوێستی ئێمە لە هەڵوێستی جەریاناتی بۆرژوایی جیا دەکاتەوە تەنیا سیکۆلاریسم و داخوازی جیایی دین لە دەوڵەت نییە، بەڵکوو لە هەمان حاڵدا روون کردنەوە و لەقاودانی دەور و نەخشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مەزهەبە لە خزمەت بە نیزامی چینایەتی سەرمایەداریشدا.
ئێمە لە خەبات دژی مەزهەبدا ههرگیز سوکایەتی بە بیروباوەڕی خەڵک ناکەین، کاری ئێمە رۆشنگەری و روون کردنەوەی لەسەر خۆ و بەڵگەمەندی دنیا بینی كۆمۆنیستی لە بەرانبەر دیاردەی مەزهەب دایە. وەها سیاسەت و هەڵوێستێك، تەفرەقە و جیایی دەروست ناکات بەڵکوو هۆکاری پتەو بوونی زیاتری وەحدەت و یەک ڕیزییە. نە تەنیا ڕیزی هاوپشتی خەباتکارانەی چینی کرێکار لەدژی سەرمایەداران لاواز ناکات، بەڵکوو بەهۆی خسڵەتی ڕاستگۆیانه، زانستی، واقع بینانە و دڵسۆزانەی، ڕیزهكانی نەبەردی چینایەتی کرێکاران پتەو تریش دەکات.