عەلی ڕەبیعی، لە کاربەدەستانی پێشوی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم و وەزیری ئێستای تەعاون و کاری کۆماری ئیسلامی، لە سەروی هەیئەتێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی چووە بۆ ژنێو، شوێنی بەڕێوەچونی یەکسەد و پەنجاهەمین ئیجلاسی سازمانی جیهانی کار. ڕەبیعی لە حاڵێکدا دەچێت بۆ ژنێو کە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ١٧ کرێکاری مەعدەنی تەڵای ئاق دەرەی لە ئوستانی ئەزەربایجانی رۆژئاوا بە تاوانی ناڕەزایەتی بە نوێ نەکرانەوەی قەراردادەکانیان لە لایەن خاوەنکارەوە، بە بەرچاوی خەڵکەوە شەلاقکاری کرد.شەلاق لێدان لە کرێکاران بەرەو رووی شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی کرێکاران و ڕیکخراوە مەدەنیەکان لە نێو خۆ و دەرەوەی وڵات بۆوە. یەکێک لە ڕاگەیەنەرە نێوخۆییەکان لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی ” حەدیسی بێ قەراری کرێکارانی ئاق دەرە/ هەم سەرەتان دەگرین و هەم شێلاقمان لێ ئەدرێت”، کە لەم پەیوەندیدا بڵاوی کردەوە دەنووسێ ” … ماڵە قوڕینەکانی دێ، ساڵانێکە کە لەبەر بەهێزی تەقینەوەکانی مەعدەن درزیان داوە، هەواڵی شەلاق لێدرانی کرێکارەکان کە گەیشت، ئەم درزانە قوڵتر بوونەوە، شەلاقیش سەرەتانێکی تر بوو، پیس بوونێکی تر، بەرهەمی هەمان ئەو زێڕەی کە لەژێر پێی گوند نشینەکانی ئاق دەرەی سەرودا، لەژێر خۆڵ و خاکی ماڵەکانیاندا نوستوە”.لە ماوەی حەفتەی ڕابردودا ژمارەیەک لە وڵاتانی ئوروپایی و کانادا بوونە مەیدانی ناڕەزایەتی داکۆکی کارانی بزوتنەوەی کرێکاری لەدژی ئەم جەنایەتەی کۆماری ئیسلامی. ناڕەزایەتیەک کە نە تەنیا بوو بە هۆی ڕێسوا بوونی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بەر شەلاقدانی کرێکاران، بەڵکو عەلی ڕەبیعی وەزیری کاری ناچار کرد کە مودیری گشتی تەعاون و کاری ئازەربایجانی رۆژئاوا لەسەر کار لابدات. ئەگەرچی داواکاریی ڕەبیعی لە دەزگایی قەزایی لەسەر بنەمای نەبەستنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاری بە تێکدانی نەزمی گشتیوە لەژێر گوشاری بیرورای گشتی و ناڕەزایەتی داکۆکی کارانی بزوتنەوەی کرێکاری لەدەرەوەی وڵات بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە نووسراوەکەی ڕەبیعیدا سەبارەت بەم روداوە، ئەوناوبراو خوازیاری دەربڕینی پەشیمانی کرێکاران لە بەرانبەر دەزگای قەزایی و سەرمایەداران دایە. داخوازیەک کە ناوەرۆکەکەی تەسلیم بوونی کرێکارانە بە سەرمایەداران و دەوڵەت بەڵام بە شێوەیەکی تر. داخوازیەک کە جیاوازی لەگەڵ لێدانی شێلاق لە کرێکاران بە بەرچاوی خەڵکەوە نییە.
عەلی ڕەبیعی لە حاڵێکدا پێدەنێتە ئیجلاسی ساڵانەی سازمانی جیهانی کارەوە، کە لە سەرودەمی بەڕێوەچونی ئەم ئیجلاسەدا ڕژیمی ئیسلامی تاوانبارە بەوەی کە داعش ئاسا شەریف ترین ئینسانەکان لەبەر دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی پێشێل بوونی سەرەتایی ترین مافەکانیان، بە بەرچاوی خەڵکەوە داوەتە بەر شەلاق. ساڵانێکە کە هەیئەتە نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئیجلاسی سازمانی جیهانی کار، بەرەو رووی ناڕەزایەتی کرێکاری لە شوێنی بەڕێوەچونی کۆبونەوەکە و وڵاتانی تریشدا بۆتەوە. ئەمساڵ و لە سەرودەمی بەڕێوەچونی ئەم کۆبونەوەیدا کە هاوکات بوو لەگەڵ شەلاق لێدرانی کرێکاران و مانگرتن لە خواردن و ناڕەزایەتی کرێکارانی زیندانی و زیندانیانی سیاسیش، پێتەختەکان و ژمارەیەک لە شارە گەورەکانی ئوروپایی بوونە مەیدانی ڕێسوا بوونی کۆماری ئیسلامی و وەزیری کارەکەی. ئەم ناڕەزایەتیانە تا ئێستا سرنجی ژمارەیەک لە رێکخراو و یەکێتیە کرێکایەکانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە و ئەوانیش خوازیاری مەحکوم کرانی ڕێسوایی شەلاق لێدانی کرێکاران لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیەوە بوون.
رۆژی دوو شەممە ٦ ی مانگی ژوئێن هاوکات لەگەڵ ئامادە بوونی هەیئەتی کۆماری ئیسلامی لە بەردەم شوێنی بەڕێوە چوونی ئەم ئیجلاسە، میتینگێکی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەچێت. رێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆونیستی ئێران لەم ناڕەزایەتیەدا بەشدارە و پشتیوانی لێدەکات. لە ڕاگەیاندنێکدا کە بەم مەبەستە دەر کراوە ، هاتووە ” ئەمرۆ لە حاڵێکدا شاهیدی حوزوری ژمارەیەک لە کەسانی سەربە دەزگا ئیتلاعاتی و ناوەندەکانی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی لە کۆبونەوەی ساڵانەی رێکخراوی جیهانی کارداین کە ویژدانە زیندوەکان لە دنیا شاهیدی لێدانی زەربەی شەلاقی ئەم ڕژیمە دژی کرێکاریە لە پشتی کرێکارانی مافخوازی مەعدەنی زێڕی ئاق دەرە لە ئازەربایجانی رۆژئاوا لە حەفتەی ڕابردودا بوون.”
ئەمرۆ لە حاڵێکدا شاهیدی تێپەڕ بوونی کۆمەڵیک جیرە خۆر بەناوی نوێنەری کرێکار بە کۆریدۆرەکانی مقەڕی سازمانی جیهانی کارداین کە نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکاران لە سیا چاڵەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە مایە دانان لە ژیان و گیانیان هاواری مافخوازانەی کریکاران بەگوێی خەڵکی دنیادا ئەدەن و خۆیان بوێرانە لە بەرانبەر ئەشکەنجەکانی کۆماری ئیسلامیدا خۆڕاگری دەکەن.
ئەگەرچی چاوەڕوانیەکی زۆر لە سازمانی جیهانی کار ناکرێت، بەڵام حوزوری ئەم جەنایەتکارە دژی کرێکاریانە لە ئیجلاسی سازمانی جیهانی کاردا لە حاڵێكدا کە کۆماری ئیسلامی بە کردەوە پا بەندی هیچ یەک لە تەعەهودەکانی لە چوارچێوەی قەول نامە و ئیستانداردە پەسند کراوەکانی رێکخراوی جیهانی کاردا نییە، جێگای شەرمەزارییە بۆ سەرانی ئەم ناوەندە جیهانییە. ئێمە حوزوری نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە سازمانی جیهانی کاردا مەحکوم و خوازیاری دەر کرانی کۆماری ئیسلامی لەم ڕێکخراوە جیهانیەداین. بەڵام ئەگەر بە پێی پێشینەی سازمانی جیهانی کار چاوەڕوانی ئەنجامدانی وەها کاردانەوەیەک لە سەرانی ئەم سازمانە ناکرێت، ئایا ئەوان لانیکەم بەڕەسمی شەلاق لێدان لە کرێکارانی ئاق دەرە مەحکوم دەکەن؟ لەو رۆژانەدا کە ئیجلاسی ساڵانەی سازمانی جیهانی کار لە ئارادایە، دەبێ بە هەموو ئیمکاناتێک سازمان و ڕێکخراوە کرێکاریەکان لە وڵاتانی جۆراو جۆر لەم کردارە جەنایەتکارانەیە ئاگادار بکرێنەوە و تەپڵی ڕیسوایی و مەحکومیەتی ڕژیمی ئیسلامی لە هەموو جێگایەک دەنگ بداتەوە.