کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئایا ئاگر بڕ لە سوریە سەرەتایەکە بۆ کۆتایی هاتنی شەڕ؟

لە نیوەشەوی شەممە ٨ ی مانگی ڕەشەمەوە ئاگر بڕێكی کاتی بە نوێنەرایەتی لایەنە دەرگیرەکان لە شەڕی سوریەدا لە لایەن ئامریکا و روسیەوە ڕاگەیەندرا. هەڵبەت ئەم ئاتەش بەسە شەڕی نێوان ئەم دوو بلوکە لە دژی داعش و بەرەی نوسرە و قاعیدە ناگرێتەوە و شەڕ لەدژیان هەروا بەردەوام دەبێت. ژمارەیەک لە دەوڵەت و گروپە نەیارەکانی دەوڵەتی سوریە، گه‌ڵاڵه‌ی ئاگر بڕ بە تاکتیکی روسیە بۆ هێشتنەوەی ڕژیمی بەشار ئەسەد دەزانن. بەڕواڵەت ئامانجی ئەم ئاتەش بەسە دوو حەفتەییە، گەیاندنی یارمەتی ئینسان دۆستانە بۆ ئەو ئینسانانەیە کە لە لایەن هێزە درگیرەکانەوە گەمارۆ دروان و گیریان خواردەوە. تا ئێستا بەهۆی ئەم شەڕە دژی بەشەریەوە نزیکەی ٣٧٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە و دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون. لە ئاکامی ئەم کارەساتە ئینسانیەدا یازدەە ملیۆن کەس ئاوارە بوون. زۆربەی شار و دێهاتەکانی ئەم وڵاتە بوونەتە وێرانە. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسەکانی یارمەتی گەیاندن، هەزاران کەسیش بەهۆی گەمارۆکانەوە و بە بارمتە گیرانیان لە لایەن هێزە دەوڵەتی و گوروپە چەکدارەکانی ئوپوزسیۆنەوە بەرەو رووی کەم بوونی خۆراک و باقی پێداویستیەکانی ژیان بوونەتەوە تا جێگایەک کە ژمارەیەکیان لەبرسان گیانیان لەدەست داوە و یان توشی نەخۆشی و فەقری خۆراکی بونەتەوە.655

رۆژی چوار شەممە ٥ ی مانگی ڕەشەمە بۆ یەکەم جار ڕێکخراوەکانی یارمەتی گەیاندنی سەربە سازمانی نەتەوە یەکگرتوەکان باسیان لە گەیاندنی کۆمەڵێک یارمەتی کردوە بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکان لە ڕێگای زەوی و ئاسمانەوە. ڕەنگە ئەمە تەنیا دەستکەوتی ئەم رێككه‌تنه‌ بێت. بەڵام سەرەڕای ڕاگەیەندرانی ره‌زامه‌ندی به‌شێك لە هێزە دەرگیرەکان لە شەڕدا و هەوڵدانی روسیە و ئامریکا بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی لەم ئاتەش بەسە، رۆژی هەینی ٧ ی مانگ واتە رۆژێک بەر لە ڕێکەوتی دیاریکراو، هەم پوتین و هەم ئۆباما لە پێوەند لەگەڵ به‌رێوه‌چوونی به‌كرده‌وه‌ی ئەم ئاگر بڕ گومانیان دەربڕیوە. وادیارە کە دەوڵەتانی دەرگیر لەم شەڕە کۆنە پەره‌ساتانە و دژی بەشەریەدا هێشتا پێویستیان بە کاتی زیاتر هەیە بۆ دەستەبەر کردنی هاوسەنگی هێزی جێی سرنجیان بۆ شکڵ دان بە داهاتوی سیاسی ئەم ناوچەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانیان. کاتی زیاتریش واتا درێژەکێشانی ئەم کارەساتە ئینسانیەی لە ئارادایە لەم وڵاتەدا.
هەر چەندرۆژ بەر لە ده‌ستپێكی ئاتەش بەسەکە هەم ئامریکا و روسیە و هەم دەوڵەتانی ناوچەکە لەوانە تورکیە، عەرەبستانی سعودی، قەتەر و کۆماری ئیسلامی و گوروپە کۆنە پەرستە جەنایەتکارە ئیسلامیەکان بۆ بەهێز کردنی پێگەی نیزامی خۆیان ئێقداماتی نیزامی زیاتریان ئەنجامداوە. رۆژی پێنج شەممە ٦ ی مانگی ڕەشەمە چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیە ڕایگەیاند کە ژمارەیەک لە فرۆکە شەڕکەرەکانی سعودیی و ئیماراتی و کادرە نیزامیەکانیان لەژێر ناوی ” شەڕ لەگەڵ داعش بەپێی داواکاری گشتی”، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ بەهێز کردنی گوروپەکانی سەربە خۆیان و بەهێز کردنی پێگەی جەنگیان لە سوریە، گەیشتونەتە پێگەی نیزامی ئینجرلیکی تورکیە. هەر لەم پێوەندیەدا وەزیری دەرەوەی سعودیە داواکاری چەکدار کردنی نەیارانی ده‌وڵه‌تی سوریە بە موشەکی زەوی بە ئاسمان بوو تا ئه‌و هاوسەنگی هێزه‌ی کە بە هاتنی روسیە لە شەڕی سوریەدا پێكهاتووه‌ بە قازانجی ئەوان بگۆڕێت. لە لایەکی دیکەوە رۆژێک بەر لە به‌ڕێوه‌چوونی ئاگر بڕەکە فرۆکە جەنگیەکانی روسیە بەتوندی هێرشەکانیان بۆسەر پێگەی نەیارانی ڕژیمی سوریە زیاد کرد. جان کری لە كۆبوونه‌وه‌ی کومیتەی پێوەندیەکانی دەرەوەی سەنای ئامریکادا وتی:” ئەگەر بێت و ڕێكاری ئاگر بڕ بێ ئاکام بمێنێتەوە، تەرحی ” بی” جێگای دەگرێتەوە کە هێرشی نیزامی ئامریکاش لەخۆ دەگرێت.”
داود ئۆغڵوش کە نیگەرانی کاریگەری و ئاسەوارەکانی بەرەوپێش چوونی هێزە کوردیەکانی سوریەیە لە شکستدانی داعشدا، بە بەستنەوەی حیزبی یەکێتی دیموکڕاتیک ” پ ی د” بە ” پ ک ک ” وە بۆ پەرەدان بە شەڕ لەگەڵ کوردەکان لە سوریە خەریکی دۆزینەوەی بەهانەیە، ڕایگەیاندوە کە ” پ ی د” یارمەتی لە روسیە و دەوڵەتی سوریە وەردەگرێت و تورکیە عەمەلیات و هێرشی نیزامی بۆسەر هێزەکانی پ ی د درێژە پێئەدات. ئەمە بۆ ده‌سه‌ڵاتی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنەکانی کوردستان جێگای نیگەرانیە. بە تایبەت ئەوەی کە وەزیری دەرەوەی بریتانیاش رۆژی سێ شەممەی ڕابردو لە سوخەنڕانیەکدا لە پاڕلمانی ئەم وڵاتە کوردەکانی سوریەی تاوانبار بە هاوکاری کردنی ڕژیمی بەشار ئەسەد و هێزە ئاسمانیەکانی روسیە کرد. ئەمانە بەگشتی نیشانەی ئەوەن کە خەڵکی ئەم وڵاتە دەبێ دواهاتی کارەساتباری دەورەیەکی دیکە لە شەڕ و خوێن ڕشتن و وێرانی و ئاوارە بوون تەحەمول بکەن، تا هاوسەنگی جێی سرنجی زل هێزە جیهانی و ناوچەییەکان لە سوریە فەراهەم بێت.لەم نێوانەدا دوژمنایەتی دەوڵەتی تورکیە و هاوپایمانەکانی لەگەڵ ده‌سه‌ڵاتی جەماوەری بەتایبەت لە بەشی کوردستانی ئەم وڵاتەدا، سرۆشتی و چاوەروان کراوە. مەسەلەی ئەساسی ئەوەیە کە ئایا کوردستانی سوریە و حکومەتی خۆ بەڕیوەبەری کە تا ئێستا توانیویەتی لە بەرانبەر دەوڵەت و جەریاناتی ئیسلامیدا پارێزگاری لە خۆی بکات، لە داهاتوشدا دەتوانێ دیفاع لە دەستکەوتەکانی بکات لە بەرانبەر ئەو نەخشە کۆنەپەرستانە و دژی خەڵکیەی كه‌ لە ئارادایە بكات؟ بەهێز کردنی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی بوێر و خۆڕاگری کوردی دانیشتوی ناوچەکانی نێوان بەشە جۆراو جۆرەکانی کوردستانی سوریە، لە وڵاتێکدا کە دەوڵەتی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانی، و گوروپە کۆنەپەرستە مەزهەبیەکان، بە پەرەدان بە دوژمنایەتی قەومی و مەزهەبی بەشێک لەخەڵکیان به‌ گژ یه‌كتردا كردووه‌، خاوەنی گرنگیەکی سەد چەندانە. بۆ ڕزگار بوونی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و زۆرلێکراوی سوریەش دەرس وەرگرتن لەم ئەزمونە ڕێگای ڕزگار بوون لە شەڕ و دۆزەخێکە کە زل هێزە سەرمایەداریەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە و هاوپەیمانەکانیان و گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان بۆیان بەدیاری هێناون.