کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاڵووگۆڕ لە ساختاری سیاسی نیزامدا یان گەڵاڵەی بودجەی دەوڵەت

28

ۆژی پێنجشەممە ١٨ی مانگی ڕێبەندان هەواڵنێریی کاری ئێران “ئیلنا” قسەکانی عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ دەستوری خامنەیی بۆ پێکهێنانی ئاڵووگۆڕ لە پێکهاتەی وڵات دا بڵاو کرده‌وە. رۆژی پێشتری هێندێک لە بڵاو کراوەکانی ئێران قسەکانی لاریجانیان بڵاو کردبۆوە کە وتبوی: “ڕێبەری شۆڕش بە تەدبیر دەستوری چاکسازی لە هێندێک لە پێکهاتەکانی وڵاتی لە ماوەی چوار مانگدا داوە و لەم ڕاستایەدا یەکێتی و یەکگرتویی نێوخۆیی، یەکێک لە ئیلزاماتی گرینگی سیاسەتی نیوخۆییە”. لەم پێوەندەدا قازی زادە هاشمیان ئەندامی هەیئەت ڕەئیسەی مەجلیس هەوڵی ئیسلاح کردنی قسەکانی لاریجانی دا و وتی: “دەستوراتی عەلی خامنەیی پێوەندی بە ئیسلاحی ساختاری بودجەوە هەیە نەک پێکهاتەی وڵاتەوە.”

هاوکات لەگەڵ ئەم قسە ناکۆک و ئامانجدارانە، رۆژی پێنجشەممە ١٨ی مانگی ڕێبەندان هەواڵنێری ئیسنا باسی لە قەرزداری و کەسری بودجەی بێ وێنەی دەوڵەتی کرد. بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا قەرزەکانی دەوڵەت بە بانکی ناوەندی گەیشتۆتە ٤٠ هەزار میلیارد تمەن و کەسری دەوڵەت لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٣٩ هەزار ملیارد تەمەن بووە. ئەم بارودۆخە خراپ و قەیراناویە ئابووریە لە حاڵێکدایە کە بەپێی بەراوردی بانکی جیهانی و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە، لە ساڵی ٩٨دا ڕێژەی هەناردەی نەوت و بەرهەمە گازیەکانی کۆماری ئیسلامی کە نزیک بە هەموو بودجەی دەوڵەت پشتی بەو بەستوە، ناشگاتە یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژدا. ئەم بارودۆخە لە حاڵێکدایە کە تا چەند مانگ لەوە پێش و بەر لە چالاک بوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا، ڕێژەی نەوتی هەناردە کراوی ئێران نزیکەی ٢ ملیۆن و نیو بوشکە بووە لە رۆژدا. پێشتر ناوەندی بەناو “توێژینەوەکانی مەجلیس”ی ڕژیمیش ڕایانگەیاندبوو کە ڕێژەی هەناردەی نه‌وتی ئێران دابەزیوە بۆ نیوە. ئەگەری هەیە لەماوەی ساڵی ٩٨دا ڕێژەی هەناردەی نەوت زیاتریش کەم بێتەوە. لە خۆڕا نییە کە لە لایەحەی بودجەی ساڵی ٩٨دا نە ڕێژەی هەناردە کرانی نەوت و نە نرخەکەی و نە نرخی ئەرز دیاری نەکراوە. ئەم بارودۆخە واتە وەرشکستە بوونی نیزامی ئابووری کۆماری ئیسلامی بە واتای ڕاستەقینەی وشە.

لە پێوەند لەگەڵ قەیرانێکی قوڵ کە ڕژیمی ئیسلامی تییدا پەلەقاژەیەتی، ئه‌گەرچی هۆکاری سەرەکی قەیرانی ئابووری نیزامی سەرمایەدارییە، بەڵام پێکهاتەی سیاسی دیکتاتۆڕی و کۆنەپەرستانەی ڕژیمی ئیسلامی، پاوانی زیاتر لە ٧٠ لەسەدی ئابووری لەژێر دەست مافیای سپای پاسداران و شەریکەکانی دا، دزیە زۆر و گەندەڵی نیهادینە بوو لە ئۆرگانەکانی حاکمیەتدا و ئەو هەزینە زۆرانەی سیاسەتی زێدە خوازانە و دخاڵەت گەرانەکانی ڕژیم لە ناوچەکەدا، یەکێکی تر لە هۆکارەکانی توند بوونەوەی قەیرانی ئابوورییە. هەرچەند دوکەڵی قەیران و وەرشکست بوونی ئابووری ڕژیم ڕاستەوخۆ چۆتە چاوی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشەوە و بۆتە هۆی بێکاری و هەژاری و فەلاکەتی ژیانیان و سفرەی بەتاڵیانی خاڵی تر و بێ ڕەونەق تر لە ڕابردوو کردوە، بەڵام خودی ڕژیمیش لە درێژەی حاکمیەت و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسەتەکانیدا بەرەو رووی گەلێک کێشە و گرفتی جیدی بۆتەوە.

قسە ناکۆکەکانی بەرپرسانی ڕژیم لە خامنەییەوە گرتویەتی تا عەلی موتەهەری و باقی نوێنەرانی مەجلیس لەگەڵ پێویستی پێهێنانی”ئیسلاحاتی ساختاری” لە یاسای بنەڕەتیدا بە ئامانجی کرانەوە لە بارودۆخی ئابووری و کەم کردنەوەی قەیران، جامێک ژەهری ترە کە ئەوان بە خەیاڵی خۆیان بۆ نەجاتی ڕژیمەکەیان دەبێ بەسەریەوە بنێن. بەڵام بڵاو کردنەوەی ئەم قسە ناکۆکانەی بەرپرسان لە ڕاستیدا سونداژیه‌كه‌ کە ڕژیم گەرەکیەتی ئەنجامی بدات تا کاردانەوەی جەماوەری خەڵکی ئێران لە بەرانبەر پاشەکشەی سیاسی ڕژیمدا هەڵبسەنگێنێ. دەنا عەلی لاریجانی وەک یەکێک لە مۆرە سەرەکیەکانی ڕژیم کەسێک نییە کە لە دستورات و قسەکانی خامنەیی تا ئەم ئاستە حاڵی نەبێت و پێچەوانە لێیان تێبگات. ئەگەر بابەتەکە تەنیا ئیسلاحی هێندێک بڕگه‌ لە لایەحەی بودجەی ساڵی ٩٨ بێت، چ پێویستی بە دەرفەتێکی چوار مانگە هەیە و ئەمەش چ پێوەندی بە “پاراستنی هاوپشتی و یەکگرتویی نێوخۆی ڕژیم” دەبێت؟

بابەتی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێکی کەم و کۆنترۆڵ کراو لە پێکهاتەی سیاسی ڕژیم دا بە ئامانجی کەم کردنەوەی قەیرانی ئابووری و هێور کردنەوەی گوشارە دەرەکیەکان پێشتریش لە مەحافلی ڕژیمدا لەسەر زاران بووە. عێزەتۆڵا یۆسفیان سەرۆکی کۆموسیۆنی ئامادەکردنی ئاین نامەی نێوخۆی مەجلیس لە مانگی ڕابردوودا ئاشکرای کرد کە بە ئامانجی کەم کردنەوەی کێشە و گرفتە ئابووریەکانی وڵات، ژمارەیەک لە نوێنەرانی مەجلیس دەیانەوێ لە نامەیەکدا بۆ خامنەیی خوازیاری پێدا چوونەوە بە یاسای بنەڕەتی دا بن. عەلی موتەهەریش پێکهێنانی ئاڵوگۆر لە یاسای بنەڕەتی ڕژیمی بە پێویست زانی و وتبوی: “لە نێوخۆی نیزامدا کەسانێک دژایەتی دەکەن.”

بەڵام ڕژیمێک کە ٤٠ ساڵ بە پشت بەستن بە سەرکوت و ئیختیناق خۆی بەسەرپێوە ڕاگرتوە و درێژە بە حاکمیەتی جەنایەتکاری ئەدات، دەزانێ کە لەسەر چ دەریایەک لە نەفرەت و بێزاری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاری ئێران رۆنیشتوە. سەرانی ڕژیم گەلێک نیگەرانی ئەوەن کە هەر هەنگاوێک پاشەکشە لە بەرانبەر داخوازیەکانی جەماوەری خەڵکدا، بەرەو رووی هێرشی هەمە لایەنەی ئەوان بێتەوە و کۆنترۆڵی بارودۆخەکەیان لەدەست دەربچێت و تۆماری حاکمیەتەکەیان تێکەوە پێچێت. بەڵام کێشە و گرفتەکانی کۆماری ئیسلامی گەلێک لەوە بەرین و قوڵترە کە بتوانێ بە ئەنجامدانی هێندێک پاشەکشە لە هەڵوێستی و یان گۆڕینی چەند بەندێکی یاسای بنەڕەتی کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانیەکەی و یان بەناو بەخشینی چەند هەزار کەس لە زیندانیانی عادی، چارەسەر بکرێت.

لە وەها بارودۆخێکدا کە نە ڕژیم ڕێگا چارەیەکی بۆ دەرچوون لە قەیرانێکی ئابووری و سیاسی کە بەرۆکی پێگرتوە هەیە و نە جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە کۆمەڵگادا توانایی تەحەمول کردنی بارودۆخێکی فەلاکەتباریان هەیە کە ڕژیمی ئیسلامی بۆیانی پێك هێناوه‌، تەنیا ڕێگا چارەی ڕیشەیی بەردەم خەڵکی کرێکار و زۆرلێکراوی ئێران، روخاندنی کۆماری ئیسلامیی بەدەستی خۆیان و دامەزراندنی حاکمیەتێکی سۆسیالێستی لە ڕێگه‌ی شۆڕشێکی کرێکاریەوەیه‌.