کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاگر کەوتنەوە لە مەدرەسەکاندا فەلاکەت و شه‌رمه‌زاری کۆماری ئیسلامی

زستان دێت و ساڵیش نییە کە لەم وەرزەدا کۆمەڵگای ئێران داغداری مەرگی پڕئازاری ئەو منداڵانە نەبێت کە لە ئاگری سەرچاوەگرتو لە نەبوونی سیستمی گەرمکەرەوەی نەگونجاو و ناستاندارد لە مەدرەسەکاندا گیان لەدەست نەدەن و یان بۆ هەمیشە لەگەڵ ئاسەوارە پڕ ژان و ئازاری سوتانەوە دەست و پەنجە نەرم دەکەن.

لە تازە ترین روداوی لەم جۆرەدا، رۆژی شەممەی حەوتوی ڕابردو جارێکی تر ئاگر کەوتنەوە لە مەدرەسە و ئەمجارە لە زاهیدان ٤ قوتابی کچی کلاسی ئەوەڵی سەرەتایی كرده‌ قوربانی. ئەم روداوەش، وەک تراژیدی مەدرەسەی شیناوێی پیرانشار پڕ ئازار بوو. عه‌لادینێك کە لەبەر درگای ژووری کلاسەدا بووە ئاگر دەگرێت. حەوت کچی نێو ژوورەکە کە هیچ پەنجێرەیەکی نەبووە گیردەخۆن، درگای هاتنەدەریش بە ڕادەیەک باریک بووە کە دوو کەس بە یەکەوە ناتوانن هاوكات پێیدا دەرچن، بەم هۆکارە دەرچوون لە ژوورەکە زۆر دژوار بووە، ٣ کەس لە منداڵەکان بەهەر شێوەیەکی مومکین بە خێرایی هەڵدێن، بەڵام ٤ کەس لەنێو ژوورەکەدا دەمێننەوە، موکێتی نێو کلاسەکە گڕ دەگرێت بە شێوەیەک کە ٤ له‌ منداڵه‌كان، لە ترسان دەچنەسوچی ئاخری کلاسەکە و بەزیندوویی لە ئاگردا دەسوتێن.

لە دەورەی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا دەیان ئاگر کەوتنەوەی لەم جۆرە لە وەرزی زستاندا لە ئاکامی وەسیلەی گەرەمکەرەوەی کۆن و نا ستانداردی نەوتیدا له‌ مه‌دره‌سه‌كان روویان داوە. چاوگێڕانێک بەسەر ئەو روداوانەدا کە لەم ساڵانەی دواییدا رویانداوە، نیشانەی به‌رینایی مه‌ترسێكن کە هه‌ر ئێستاش لە کەمینی منداڵان لە کۆشەوکەناری ئێراندایه‌. رۆژی ٢٤ی مانگی بەفرانباری ١٣٨٣ قوتابخانەیەک لە ئاوایی سەفیلانی شارستانی لۆردەکان لە ئوستانی چوارمحاڵ و بەختیاری لە ئاکامی گڕ کرتنی کورەی نەوتی ئاگری گرت و ١٤ کچ و کوڕی قوتابی بە زیندوویی لە ئاگردا سوتان.

کاتژمێر ٨ ی بەیانی رۆژی چوارشەممە، ١٥ ی مانگی سەرماوەزی ١٣٩١، کلاسێکی دەرسی مەدرەسەی سەرەتایی ئاوایی شیناوێی سەربە شارستانی سنوریی پیرانشار ئاگری تێدا کەوتەوە و لە ٣٧ کەس قوتابی ئەو کلاسە ٢٩ کەسیان توشی سوتاوی هاتن و دوو كه‌سیان گیانیان به‌خت كرد. روداوەکە کاتێک روویدا کە کورەی نەوتی ئەو کلاسە گڕ دەگرێت و هەوڵی سەرایەداری مەدرەسەکە بۆ کوژاندەنەوەی کاریگەر نابێت. سەرایەداری مەدرەسەکە کاتێک نەیتوانی ئاگرەکە بکوژێنێتەوە، هەوڵ ئەدات کورەکە فڕیبداتەوە دەرەوەی کلاسەکە کە لەم کاتەدا کورەکە دەتەقیتەوە و هەموو کلاسەکە ئاگر دەگرێت. حاڵەتەکان یەک و دوو نین. چاوێک لە لیستێكی دیكه‌ی رووداوانەی لەم ماوەیەدا لە ئاکامی ئاگر گرتنی کورەی مەدرەسەکاندا رویانداوە بکەن:

رۆژی ١٨ ی مانگی ڕێبەندانی ١٣٧٦ کورەی نەوتی نا ئیستانداردی مەدرەسەیەک لە شارستانی شەفت گڕ دەگرێت و موعەلیم و ١١ قوتابی لە نێو کلاسەکەدا به‌ڕاده‌ی له‌سه‌دا ٦٠ دەسوتێنێ.

٦ ی مانگی ڕەزبەر ی ١٣٨٣ لە ئاوایی سەفیلان، دوای کێشەی فەننی کورەی نەوتی و ئاگر گرتنی، مەعەلم کورەکە لە کلاس ئەباتە دەرێ بەڵام ٢ گاڵۆن نەوت کە لە ڕێڕەوی کلاسەکاندا بووە بە هۆی ئاگری کورەکەوە گڕ دەگرن و کلاسەکەش دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی مەرگی مامۆستا و ١٣ کەس لە قوتابیەکان.

٧ ی مانگی سەرماوەزی ١٣٨٥ مەدرەسەی شارستانی درودزەن، بەهۆی گڕگرتنی عەلادینی نەوتی کلاسی دووی مەدرەسەوە، ٨ قوتابی دەسوتێن. برینی قوڵ بە جەستەی پاشماوەکانی ئەو روداوەوە تا ئێستاش ئازاریان ئەدات.

٦ ی سەرماوەزی ١٣٩٣ قوتابخانەی ئاوایی شارستانی گەرمی، لە سەرودەمی دووهەمین ساڵیادی ئاگر گرتنی مەدرەسەی ئاوایی شین ئاوا دا، ئەمجار کورەیەکی نەوتی لە مەدرەسەی ئاوایی شارستانی گەرمی گڕ دەگرێت.

كاردانه‌وه‌ی وه‌زیری ئاموزش و په‌روه‌رش به‌رانبه‌ر به‌م ڕووداوانه‌ نیشانه‌ی فه‌لاكه‌ت و شه‌رمه‌زاری ڕژیمی ئیسلامی یه‌. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری دەوڵەتی ئیلنا سەید محەممەد بەتحایی وەزیری ئاموزش و پەرەوەرشی ئێران لە کاردانەوەی بە تازە ترین روودا و کارەساتێک کە گیانی ٤ قوتابی ئەستاند، لە کۆتایی کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەت لەم بوارەدا وتویەتی:” ئەمرۆ ڕاپۆرتێکم لە هەیئەتی دەوڵەتدا لەم بارەیەوە پێشکەش کرد. ئاموزش و پەروەرش وەک دەزگایەک کە دەبێ ژینگەیەکی ئەمن بۆ قوتابیان و بنەماڵەکانیان دروست بکات، پێویستی بە داهات و ئیعتیبارە بەڵام خۆی ناتوانێ داهات دەستەبەر بکات.” بەم ئاڕاستەیەی هەمانە بۆ ئەوەی کە بتوانین رۆژێک بە خەڵک بڵێین کە لەمرۆ بدواوە لە هیچ کلاسێکدا کورەی نا ئیمن بوونی نییە، ڕەنگە تا ٨ و ٩ ساڵی تر نەتوانین ئەم کارە بەکەین.

بەڵام کارەساتی ئاگر کەوتنەوە لە مەدرەسەکاندا کاتێک ڕواڵەتێکی ئازاردەر بەخۆیەوە دەگرێت کە، سەدەمە دیتوانی ئەم روداوانە، کە تەقریبەن هەمویان لە منداڵانی بنەماڵە هەژارەکان و بیبەشی ئەم کۆمەڵگایەن، لەگەڵ ئاوڕ لێ نەدانەوەی بەرپرساندا بەرەو روو دەبنەوە. کاتێک کە هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریان و سارێژ کردنەوەی بەشێک لەو ئازارانەی کە پێەوە دەناڵێنن، هه‌ڵنا گیرێت.

لەم بوارەدا لە نامەیەکی کراوەدا کۆمەڵێک وەکیلی دادگوستەری روو بە کچانی شین ئاوا کە لە ساڵیادی ئەم روداوەدا، بڵاو بۆوە، گۆشەیەک لەو ئازارانەی کچانی شین ئاوا و منداڵانی درودزەن و شوێنەکانی تر، دەیکێشن، ڕەنگی داوەتەوە. لەم نامەیەدا هاتوە:

” کچانی بەڕیز و زوڵم لێکراوی شیناوێ!

ئێمە کۆمەڵێک لە وەکیلەکانی دادگوستەری ئێران لە ساڵیادی ئەم تراژیدیە پڕ ئازارەدا هاوپشتی خۆمان بۆ ئێوە کچانی خۆشەویست ڕادەگەیەنین. دەوڵەتی ئێران بەرپرسی تەواوی ئەم روداوە بووە و لەبەر ئەوەی ئەو زیانانەی وێتان کەوتوە تا کۆتایی تەمەنتان بەردەوام دەبێت سەرچاوە گرتوو لە کەمترخەمی بەرپرسانی دەوڵەتییە. بێگومان وەزیفەیەتی قەرەبووی زەرەر و زیانەکان و دانی خەسارەتی مادی و مەعنەوەی ئێوە بکاتەوە؛ ئەگەرچی ئەمەش ئەگەر دەستەبەر بێت قەرەبوو کەرەوەی دەرد و ئازارە بەرین و تاڵەکانی ئێوە کچانی جوان نییە و نابێت. ئێوە کچانی ستەمدیتوی شیناوێ مافی خۆتانە تا لە باشترین ناوەندی دەرمانی نەخۆشخانەیەکی نێوخۆ یان دەرەوەدا بەستەری و دەرمان بکرێن و ئەمەش مافی بنەڕەتی ئێوە و ئەرکی دەوڵەتە. بەپێی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵ، یاری کردن، شادی و پێکەنین مافی سەلمێندراو و سروشتی ئێوەیە…. بەڵام هەزاران حەیف ماوەی ٦ ساڵە کە ڕەنج و موسیبەت و ئازارێکی بەسەر ئێوەیاندا سەپاندوە بە هیچ پوڵ و پارە و ئەرزشێکی مادی قەرەبوو ناکرێتەوە.”

هەموو ئەم روداوانە لە دەورەیەکدا روویانداوە کە کۆماری ئیسلامی بە نرخی هەر بەرمیلێک ١٠٠ دۆلار، زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی له‌ڕۆژدا هەناردە دەکرد. هەزینەی دابین کردنی سەرچاوەی گەرمای ئیمن و ستاندارد بۆ قوتابخانەکان لەگەڵ قەبارەی گەورەی داهاتەکانی ئەم ڕژیمە له‌گه‌ڵ ئاستی بوودجه‌ی هێزی چه‌كدار و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و ناوه‌نده‌كانی په‌ره‌پێدانی خۆرافات بەراورد بکەن، تا هەست بە قوڵایی ڕەزالەتی سەید محەممەد بەتحایی، وەزیری ئاموزش و پەروەرش کە لەمرۆدا بۆ دابین کردنی گەرمای سالم و بێ مەترسی بۆ قوتابخانەکان، کاسەی سواڵ کردنی بەدەستەوە گرتوە و به‌ڵێنی ٩ ساڵی داهاتوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی گیروگرفته‌كه‌ ئه‌دات.

بابەتی پەیوەندیدار

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-