کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاگربەستی دەستبەجێی ١٤ ڕۆژە لە غەززە، ئاکامی گوشاری بیروڕای گشتی دژبە شەڕ

ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێکهاتووە لە پێنج وڵاتی بەناو هەمیشەیی و دە ئەندامی کاتی، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی مارس بەرابەر بە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، بڕیارنامەی ئاگربەستی دەستبەجێ و پایەداری لە غەززە، پەسەند کرد. ئەو بڕیارنامە نوێیە، خوازیاری ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم دیلەکانی بووە و جەختی لەسەر پابەندبوونی لایەنەکان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەوانە پابەندبوون بە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانە گرینگەکان بۆ مانەوەیان کراوەتەوە. هەروەها ناردنی دەستبەجێی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە یەکێکە لە ماددە گرنگەکانی دیکەی بڕیارنامەکە. نوێنەری ئەمریکا لەو ئەنجوومەنە دا نەیوێرا وەک هەمیشە ویتۆی بڕیارنامەکە بکات و خۆی بەدوور گرت.  بەخێرایی دوای ئەوە، دیپلۆماسیی فریوکارانەی ئەمریکا و پڕوپاگەندەی شەڕخوازانی لایەنگر و پشتیوانی ئەرتەشی ئیسرائیل و یاریکردن بە وشەکان دەستی پێکرد. هەر لەو پێوەندییەدا نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری وەزارەتی دەرەوە، ڕایانگەیاند کە بڕیارنامەکە پابەندکەر نییە. نوێنەری ڕووسیاش، لەبەر ئەوەی کە وشەیڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و تێکهەڵچوونەکان بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی ئەمن و بێ بەربەست و هەروەها گرتنەبەری هەنگاوی دەستبەجێ بۆ وەستاندنی بەردەوامی شەڕەکانلە دەقی ئەسڵیدا لابرا، خۆی لە دەقی سەرەتایی بریارەکە بەدوور گرت. بڕیارنامە پەسەندکراوەکە کە لەلایەن ئەندامانی کاتی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە گەڵاڵە کرابوو، داوایئاگربەستی خێرادەکات بۆ مانگی ڕەمەزان لە کەرتی غەززە و خوازیاری ئەوەیە کە دواتر ببێت بە ئاگربەستێکیپایەدار“. بەڵام ئەرتەشی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە لێکدانەوە فریوکارانە و چەواشەکارییەکانی دامودەزگای دیپلۆماسی ئەمریکا و پابەندبوونی بە بەردەوامبوون لەسەر پشتیوانیکردن لە دەوڵەتی ئیسرائیل و هەروەها پڕوپاگەندەی میدیاکانی پشتیوانی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل، هێرشەکانی بۆسەر ڕەفەح درێژە پێدا. بە وتەی شایەتحاڵان، سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر شاری ڕەفەح. ئەگەرچی ئەو شارە وەک ناوچەکانی تری غەززە لەژێر هێرشی ئیسرائیلدایە، بەڵام تاکە بەشی کەرتی غەززەیە کە ئیسرائیل هێشتا هێزی زەمینی خۆی ڕەوانەی ئەوێ نەکردووە. شاری ڕەفەح هاوسنوورە لەگەڵ میسر و لە ئێستادا یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار پەنابەری فەلەستینی لە ناوچە وێرانبووەکانی دیکەی کەرتی غەززەوە پەنایان بۆ ئەوێ بردووە.

ئەو بڕیارنامەیە لەلایەن هێزەکانی دژە شەڕ و دژ بە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستینییەکانەوە پێشوازی لێکرا. ڕۆژی سێشەممە ٨ی خاکەلێوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، داوایکرد کە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە، بە خێرایی جێبەجێ بکرێت. ئاگنێس کالامار، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ڕێگا خۆشکردن بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە پێناو کەمکردنەوەی ڕەنج و ئازارە بەکۆمەڵەکان لە کەرتی غەززە، وتی: ماوەی چاوەڕوانیی دەرچوونی ئەم بڕیارنامەیە زۆری خایاند، بەڵام زۆر پێویستە کە بەخێرایی جێبەجێ بکرێت و ئاگربەستێکی پایەداری لێبکەوێتەوە. بۆ کەمکردنەوەی ئەو گوشارانە لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی و پێڕاگەیشتن بە وێرانکاری و ئازار و مەینەتیەکان لە غەززە. ناوبراو هەروەها وتی: هیچ پاساوێک بۆ بەفیڕۆدانی کات بوونی نییە. پێویستە بەرپرسانی ئیسرائیل دەستبەجێ بۆردومانی دڕندانە بۆسەر غەززە ڕابگرن و ئاسانکاری بکەن بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان. کالامار هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئیسرائیل و حەماس و گروپە چەکدارەکانی دیکەهەوڵ بدەن بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی ئاگربەست و ئازادکردنی دەستبەجێی مەدەنییە بەدیلگیراوەکان و سەرجەم زیندانییە فەلەستینییەکان لەوانە دانیشتوانی مەدەنی غەززە، کە بەشێوەیەکی سەرەڕۆیانە و هەڕەمەکی دەستبەسەر کراون و لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل دا ڕاگیراون“. ئەو بڕیارنامەیەی ئەنجوومەنی ئاسایش کە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی مارس پەسەندکرا، دەتوانرێت بە هەنگاوێکی گەورە دابنرێت لەپێناو بەدەستهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی دوای ئەو قۆناغە، بە مەرجێک ئاستەنگ و بەربەستەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لەسەر ڕێگای جێبەجێکردنیدا پووچەڵ بکرێتەوە. دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێکە لە ئاشکراترین زوڵم و ستەمەکانی وڵاتە ئیمپریالیستییەکان دژ بە مرۆڤایەتی. بڕیارەکانی ئەوان ئەگەر لەلایەن هیچ کام لە ئەندامە هەمیشەییەکانەوە ویتۆ نەکرێت، دەتوانێت لایەنەکان پابەند بە جێبەجێکردنی بکات. ئیمپریالیزمی ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە قازانجێکی زۆری کردووە لەو دەسەڵاتەی کە بە ناڕەوا پێی سپێردراوە. بەڵام ئەوەی کە ئێستا سیاسەتمەداران و میدیاکانی سەر بە ملیاردێرەکانی جیهان پەنایان بردۆتە بەر چەواشەکردنی ئاگربەستی دەستبەجێ و پایەدار، دەرئەنجامی ئەو قەیرانە قووڵەیە کە بناغەکانی گرتۆتەوە و هەروەها ئەو گوشارە کاریگەرانەی که لە درێژەدا ئاماژەیان پێدەکرێت:

هێرشی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە فەرماندەیی فاشیستەکانی وەک سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری، بە پشتیوانی بێ شەرت و مەرجی کابینەی بایدن و ئۆرگانە دەسەڵاتدارەکان، کۆمەڵکوژی لێکەوتۆتەوە. دادگای نێودەوڵەتی لاهه بە شێوەیەکی دیپلۆماسی ئاماژەی بە ئەگەرەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە کرد. بەڵام پەیامنێری نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەیەوە ڕاشکاوانەتر قسەی کرد. ئەو وێڕای ئاماژە بەوەی کە هۆکاری لۆژیکی بوونی هەیە بۆ ئەوەی بڵێین ئیسرائیل چەندین تاوانی جینۆسایدی لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە جۆر و ئاستی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ئامانجی لەناوبردنی فیزیکی فەلەستینییەکان نیشان دەدات. لە درێژەی ئەم دانپێدانانەدا، چەندین سیناتۆری حیزبی دێموکراتیش لە کۆنگرە، جەختیان لەسەر واقیعییەتی جینۆسایدی ئەرتەشی نازیسستی ئیسرائیل کردەوە. هەموو ئەم دانپێدانانە لە ژێر گوشاری ڕای گشتی مرۆڤایەتی پێشکەوتنخوازدا ڕوویاندا. پێویستە ئەوە دووپات بکرێتەوە کە لە ئاکامی گوشارەکانی ڕای گشتیدا بوو کە لەناوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دژایەتییەکی توند لەدژی بەردەوامیی هیرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل سەری هەڵدا. هەر بەم هۆیەوە، دەزگای سیاسی بایدن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، نەیوێرا لە ڕێگەی نوێنەرەکەیەوە ئەو بڕیارنامەیە ویتۆ بکات. خەبات و تێکۆشانی ئەم مرۆڤایەتییە پێشکەوتنخوازە دەبێ بەردەوام بێت بۆ ئەوەی فریوکارییەکانی دامودەزگای سیاسی و  تەبلیغاتی ئەمریکا و ئیسرائیل پووچەڵ بکرێتەوە و ئاگربەستێکی هەمیشەیی و دەرکردنی ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە، وەک یەکەم هەنگاو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەوڵێکی جددی و نوێ بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین دەست پێدەکات.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-