کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاموزشی بەخۆڕایی مافی منداڵانە

رۆژی شەممە سێی مانگی ڕەزبەر زیاتر لە ١٢ ملیۆن دانش ئاموزی منداڵ و تازەلاو ساڵی خوێندنی تازەیان دەست پێکرد. سەرفەنەزەر لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی دەرسەکان لە نیزامی حکومەتی کۆماری ئیسلامیدا، کرانەوەی قوتابخانە و حوزوری سەرلەنوێی قوتابیان لە مەدرەسەکاندا جموجوڵێکی نوێی داوەتە فەزای شارەکان. بەڵام لە ناخی ئەم شادمانیەدا، بێبەش مانەوەی بەملیۆن منداڵ و تازە لاو، لە چوون بۆ مەدرەسە هەموو ویژدانێکی زیندوو دەهەژێنێ. ئەمانە منداڵانی کار و خیابانین کە بەشێک لەو جەمعیەتە پێکدێنن کە دەبێ بچنە مەدرەسە و نەیانتوانی بچن. بە ژمارەی ئەم منداڵە بێبەشانەوە لە خوێندن منداڵانی کۆچبەرانی ئەفغانستانیش دەبێ زیاد بکرێت. ئەوانەی نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانە زۆرتر منداڵی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشن. منداڵی کەسانێکن کە یان بێکارن و یان حەقدەستی کەمی دواخراویان بەشی دابین کردنی هەزینەی خوێندنی منداڵەکانیان ناکات. بێبەشی منداڵانی بنەماڵە هەژارەکان لە خوێندن، لە حاڵێکدایە کە بەپێی ئەسڵی ٣٠ قانونی ئەساسی ڕژیمی ئیسلامی، ئەرکی دەوڵەتە تاکۆتایی قۆناغی ناوەندی خزمەتگوزاری و ئیمکاناتی ئاموزشی بە خۆڕایی پێشکەش بکات. نە تەنیا توێژینەوە و لێکدانەوەکان بەڵکو ئەوەی دەشبیندرێت دەرخەری ئەوەیە کە هەژاری بێ ئەمان، بێکاری ملیۆنی و حەقدەستی چەند جار لەژێر هێڵی هەژاری ئەو کەسانەی خەریکی کارن، هۆکاری سەرەکی بێبەش بوونی منداڵانن لە خوێندن. کاربەدەستانی وەزاڕەتی ئاموزش و پەروەرش بۆ شاردنەوەی دەور و نەخشی کۆماری ئیسلامی لە پەرەگرتنی هەژاری و بێکاریدا، کەسوکاری ئەم منداڵانە بە هۆکاری سەرەکی بێبەش بوونی منداڵان و تازەلاوان لە خوێندن لە قەڵەم ئەدەن. دایک و باوکێک کە لەم بارودۆخی قەیرانی ئابووری و ڕەوتی روو لە زیاد بوونی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان، ناتوانن هەزینەی مەسکەن، خۆراک، بێهداشت، دەرمان، جل و بەرگ و باقی پێداویستیەکانی ژیان بدەن، دیارە ناتوانن هەزینەی ناو نووسین، ژێرمیزیەکان، باجگیری و وەسایلی خوێندنی منداڵەکانیشیان بدەن.
812
گومان لەوەدا نییە کە لەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ئابووریەدا ژمارەیەکی زۆر لە دایکان و باوکان چاو دەبڕنە فرۆشتنی هێزی کاری منداڵەکانیان. ئەم دایک باوکانە لەوەی کە ناچارن منداڵەکانیان لە خوێندن بێبەش بکەن و ڕەوانەی بازاڕی کاریان بکەن گەلێک لە ڕەنج و ئازاردان. خەم و ئازاری کەسوکاری ئەم منداڵانە بە بینینی ئەزمونی تاڵی رۆژانەی منداڵانی کار، قوڵ تریش دەبێتەوە. بێبەشی منداڵانی کار لە خوێندن یەکێک لە ئاسەوارە چار هەڵنەگرەکانی قەیرانی سەرمایەداریە لەو وڵاتانەدا کە داوێنگیری بنەماڵە کرێکاریەکان و خەڵکی زەحمەتکێس دەبێت.

هەر بەو جۆرەی ئاماژەی پێکرا کاری منداڵان، لە بنەرەتدا داسەپاوی کۆمەڵایەتی لە لایەن ساختارە سیاسی و ئابووریەکانی نیزامی سەرمایەداریەوەیە. دیارە دیسان ڕەگئاژۆ کردنەوەشی سەرچاوە گرتوو لە نیازە دژی ئینسانیەکانی سیستمی سەرمایەداری و زێدەخوازی سەرمایەدارانە. ئەم گرایشە لە قۆناغە قەیراناویەکاندا توند تریش دەبێتەوە. حەقدەستی منداڵانی کرێکار لە بەرانبەر کاری هاوشێوەدا، گەلێک کەمترە لە حەقدەستی گەورەکان. لە ئێران داهاتی منداڵانی کار یەک لەسەر سێ یان نیوەی کرێکارانی ئاساییە. ئەم تایبەتمەندیانە بۆتە هۆی ئەوەی سەرمایەداران بەتایبەت لەو کارانەدا کە پێویستی بە هێزی زۆری ماسولکە نییە و نیازمەندی جەستەیەکی نەرم و شلکە، مایلبن منداڵان بەکار بێنن.

ئەگەرچی کەڵک وەرگرتن لە کاری هەرزانی منداڵان گرایشێکی زاتی سەرمایەدارانە، بەڵام کرێکاران دەتوانن لەم دنیای سەرمایەداریەدا و لە ڕێگای خەباتی ڕێکخراوەوە بەر بە کاری منداڵان بگرن. کاری بێ زیان، کورت ماوە و پەروەردەکار دەتوانێ بەشێک بێت لە ئاموزشی منداڵان. بەڵام خاوەنانی سەرمایە هەر بەم بیانوە منداڵان وادار بە ئەنجامدانی کاری درێژ ماوە دەکەن و بە توندی دەیان چەوسێننەوە. ئەم خاوەنکارانە سەرەڕای ئەم وەحشیگەریە کەڵک لە یارمەتیەکانی دەوڵەتیش وەردەگرن بە بیانوی ئاموزشدانی منداڵانەوە. ئەمەش لە ئێڕانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا بەشێوەیەکی دزێو روویداوە و روو ئەدات. بەپێی یاسای کار لە ئێران منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ نابێ وادار بە ئەنجامدانی کاری حیرفەیی بکرێن. ئەوان تەنیا دەتوانن وەک کار ئاموز و بە لانی زۆرەوە بۆ ماوەی ٣ ساڵ کاریان پێبکرێت. بەڵام بەپێی ڕەش نووسی لایەحەی ئیسلاحیەی قانونی کار کە دەوڵەتی رۆحانی بەم دواییانە داویەتی بە مجلیس ئاستی تەمەنی ١٥ ساڵی سڕاوەتەوە و بەپێی ئەو بە ئاشکرایی سود وەرگرتن لە کاری منداڵان مۆری تەئیدی لێدراوە و دەبێتە یاسایی. ئەم کار ئاموزیە دەبێتە بیانو تا منداڵان لە کارخانە، مەعدەنەکان و کارگاکاندا لە ئاستی بەریندا بچەوسێنەوە و لەباری جەستەیی و رۆحی و ڕەوانیەوە بەرەو نابودی بچن. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی بەرچاو لە منداڵانی کار لە کارگاکانی ١٠ کەسی و کەمتردا خەریکی کارن و خاوەنی هیچ چەتر و پاراستنێکی قانونی نین. خاوەنکاران رۆژانە ٩ تا ١٢ کاتژمێر کار بەم منداڵانە دەکەن. ئەوان ماوەیەکی زۆر، وەک کۆیلە هیچ حەقدەستێک وەرناگرن و دوای شارەزا بوونیش حەقدەستێکی کەمیان ئەدرێتێ.

نابێ منداڵان لە خوێندن بێبەش بکرێن. ژیان و ڕێفاهی منداڵان، سەربەخۆ لە بارودۆخی بنەماڵەیی، دەبێ لە لایەن دەوڵەتەوە زەمانەت بکرێت. ئەرکی دەوڵەتە ئیستانداردێکی وەک یەک لە ڕیفاە و ئیمکاناتی گەشە کردنی مادی و مەعنەوەی منداڵان و تازەلاوان لە بانترین ئاستی مومکیندا زەمانەت بکات. کۆمەک هەزینەی پێویست و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بەخۆڕایی پزیشکی و ئاموزشی و فەرهەنگی بۆ زەمانەت کرانی ئیستانداردی ژیانی منداڵان و تازەلاوان سەربەخۆ لە بارودۆخی بنەماڵەیی دەبێ پەرداخت بکرێت و ئەمری ئاموزشی ئیجباری تا تەمنی ١٦ ساڵی دابین بکرێت. کاری حیرفەیی بۆ منداڵان و تازەلاوانی ژێر ١٨ ساڵ دەبێ قەدەغە بکرێت و نابێ بێڵن کە جەستە و رۆحی منداڵان لەژێر کاری حیرفەییدا بپڕوکێت. دەست ڕاگەیشتن بە وەها ویست و داواکاریەک تەنیا دەتوانێ بەرهەمی خەباتی یەکگرتوانە، سەرتاسەری و ڕێکخراوی کرێکاران و بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان بێت.
تاریخ 26.09.2016
نویسنده payaam.org

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-