کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئامانجەکانی پشتی پەردەی په‌ره‌سه‌ندنی کێشەکان لە ناوچەکەدا

133

شنبه – ۲۵ خرداد – ۱۳۹۸ , 15 – 06 – 2019

133

 

رۆژی پێنجشەممە ٢٣ ی مانگی جۆزەردان دوو کەشتی گەڵگری بار بەرەو ژاپۆن، لە نزیک ئاوەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز کەوتنەبەر هێرش و ئاگریان گرت. ئەم هێرشە بە شێوەیەک دەقیق و حیساب کراو و بە ئیمکاناتی نیزامی پێشکەوتو بەڕێوەچوون کە تا ئێستاش روون نەبۆتەوە کە کام یەک لە لایەنەکانی کێشەکە لە ناوچەکەدا ئەم هێرشەی ئەنجامداوە. گەرچی پەنجەی تاوانی ئەمریکا بە خێرایی بەرەو ئێران بوو، بەڵام بە سەرنجدان بە بارودۆخی ژئۆپۆلەتیکی ناوچەکە، ناکرێت بوونی سیناریۆکانی تر لەبەرچاو نەگیرێن و دەستێوەردانی ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا لەبەرچاو نه‌بێت، بە تایبەت ئەوەی کە هێرش بۆسەر ئەم دوو کەشتیە کاتێک به‌ڕێوه‌چوو کە هەوڵە دیپلۆماتیەکان بۆ نێوبژیوانی لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لە ئارادا بووە. ئەم هێرشە ڕاست لە رۆژێکدا بەڕێوەچووە کە شینزۆ ئابە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە تاران چوو بۆ چاوپێکەوەتنی خامنەیی.

لە حەفتەی ڕابردودا دوو دیداری نێوانگیری بە نوێنەرایەتی لە زل هێزە سەرمایەداریەکانەوە بە ئامانجی ڕاکێشانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەردەم مێزی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوەچوون. هەڵگرانی ئەم پەیامانەی ئەمریکا” هایکۆ ماس” وەزیری دەرەوەی ئاڵمان بە نوێنەرایەتی لە دەوڵەتانی ئاڵمان، فەڕانسە و ئینگلیس و” شینزو ئابە” سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بوون کە لە پشتیوانی چین و روسیەش بەهرەمەند بوو، هه‌ر دوولا پەیامی هاوشێوەیان بۆ کۆماری ئیسلامی پێ بوو. ناوەرۆکی هەردوو پەیامەکە هاندانی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ چوونە پای وتووێژێک کە ئەمریکا داواکاریەتی. ئەوەی جێگای سەرنجی ئەمریکایە لەم وتووێژانەدا وادار کردنی کۆماری ئیسلامیە بە تەوافوقاتی نەنووسراوی بەرجامە کە تا ئیستا کۆماری ئیسلامی نەچۆتە ژێر باری بەڕێوەبردنیان. واتە دەخاڵەت نەکردن لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا و بەرتەسک کردنەوەی توانایی موشەکی کۆماری ئیسلامی. ئامانجێک کە ئەمریکا بە بیانوی ئەوە لە بەرجام کشایەوە، توندكردنه‌وه‌ی گه‌مارۆكان و گوشاری زیاتر خستنە سەر ئێران بوو. ئەم تەحریمانە تا ئیستا بوونەتە هۆی کەم بوونەوەی هه‌نارده‌كردنی نەوت و پێتروشیمی و ڕژیمی بەرەو رووی گەلێک گیروگرفتی ئابووری کردۆتەوە.

کۆماری ئیسلامی دەزانێ کە سەرئەنجام چارەیەکی نییە بێجگە لە چوونە پای مێزی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا. لە هەمانحاڵدا دەزانێ لە بارودۆخی ئێستادا هاوسەنگی هێز بە هیج شێوەیەک بە قازانجی ڕژیم نییە. تەحریکاتی نیزامی ڕژیم لە ناوچەکەدا لەوانە هێرش بۆسەر نەوت کێشەکان و دامەزراوە نەوتیەکان و توند بوونەوەی هێرشی موشەکی و پەهبادی ئەم دواییەی حوسییەکان بۆسەر عەرەبستان و هیتر بە ئامانجی گۆڕینی هاوسەنگی لە ئەگەری وتووێژەکان دایە. بەڵام بارودۆخی ئابووری ڕژیم وەها شپرزەیە کە ڕێگه‌ بە خامنەیی نادات بە هیوای کۆتایی هاتنی دەورەی سەرۆک کۆماری ترامپ لە چاوەڕوانیدا بمێنێتەوە. سیاسەتی بەناو” خۆراگری حەدی ئەکسەری”، ش دەوام ناهێنێ. بەم هۆیەوە ڕژیم خوازیاری دۆزینەوەی ڕێگایەکی ئابڕومەندانەیە بۆ سازش و تەسلیم. حەفتەی ڕابردو حەسەن روحانی ڕایگەیاند کە:” ئەگەر بێتو ئەمریکا قەبوڵی بەرپرسیاریەتی و قەرەبووی زیانەکان بکات بارودۆخێکی تر بۆ چارەسەری کێشەکان بەدی دێت”. جەواد زەریفیش لە کۆنفرانسێکی خەبەریدا لەگەڵ هایکۆ ماس ڕایگەیاند:” تەنیا ڕێگای کەم بوونەوەی کێشەکان لە ناوچەکەدا ڕاگرتنی شەڕی ئابوورییە”. بەڵام ئەمریکا خوازیاری ڕاکێشانی بێ شەرت و مەرجی کۆماری ئیسلامیە بۆ بەردەم مێزی وتووێژ. ئەگەر ئەمریکا لە داسەپاندنی تەحریمەکانی تا ئێستا هاوڕێیەتی باقی زل هێزە سەرمایەدارییەکان لەوانە چین و روسیە و هەر سێ زل هێزی سەرەکی یەکیتی ئوروپای لەگەڵدا نەبووە. وڵامی بە ڕواڵەت نەرێنی خامنەیی بە” هایکۆ ماس” و ” شینزوئابە”، دەرفەتێکی گونجاو بوو بۆ ئەمریکا تا بەڵکو بتوانێ ئەوان بکاتە هاوجیهەتی خۆی و کۆدەنگیەک لە دەوڵەتانی جێی سەرنجی بۆ گەیشتن بە داخوازیەکانی بەدی بێنێ.

کەوایە هێرشی بەبێ بەجێ هێشتنی ئاسەوار لە لایەن ئەمریکاوە یان هاوپەیمانەکانی بۆسەر دوو کەشتی نەوت کێش، دەتوانێ یەکێک لەو سیناریۆیانە بێت کە خۆی یان هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا لە بەڕێوەبردنیدا دەستی هەبێت، تا نائەمن کردنی مەسیری هەناردە کردنی نەوت، لەپاڵ وڵامی ڕەدی ڕژیم لە نێوانگیری کردن وەک هۆکارێک بۆ سەلماندنی حەقانیەتی هەڵوێستی لە بەرانبەر ئێراندا بەسەر دەوڵەتانی جێی سەرنجیاندا نیشان بدات. ئەمریکا بە ئیستناد بە وتەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بەوەی کە:” ئەگەر کۆماری ئیسلامی نەتوانێ نەوتی خۆی لە تەنگەی هورمز هەناردە بکات هیچ دەوڵەتێکی تریش ناتوانێ نەوت لەوێوە بەڕێبکات” هیرش بۆسەر ئەو دوو کەشتیە نەوت کێشەی بە کۆماری ئیسلامی نیسبەت داوە. پێکهاتنی جەلەسەی فەوری شوڕای ئەمنیەتی سازمانی ملەل لەسەر داخوازی ئەمریکا لە هەمان رۆژ و لە وەها فەزایەکی ئالۆزدا بوو بەهۆی هاوجێهەتی سەرجەم ١٥ ئەندامی شوڕای ئەمنیەت تەنانەت چین و روسیە بۆ مەحکوم کردنی هێرش بۆسەر نەوت کێشەکان کە ناڕاستەوخۆ رووی لە کۆماری ئیسلامی بوو.

بەڵام دروست کردنی ئەم جۆرە کێشانە لەسەر بنەمای هەر سیناریۆیەک و لە لایەن هەر لایەنێکی ئەم کێشەیەوە، گەلێک مەترسیدار و یاری کردن بە ئاگر دەبێت کە حەیات و ژیانی بەسەدان هەزار ئینسان بەرەو نابوودی دەبات. ئەم جۆرە شەڕ و کێشانە ئەگەر بەرپا بن تەنیا بە ئامانجی خزمەت بە پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەداری جیهانی، کارتێلە نەوتیەکان و خاوەنانی کارخانەکانی بەرهەمهێنانی کەرەسەی کوشتاری بە کۆمەڵ دەبێت و لە لایەن ڕژیمیشەوە لە خزمەت بە درێژەی ده‌سه‌ڵاتی پڕله‌ نه‌هامه‌تی، گەندەڵ و جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامیدا دەبێت.

په‌ره‌سه‌ندنی رۆژانەی ئاستی تەحریمەکانی ئەمریکا لەدژی کۆماری ئیسلامی و ناوەند و شیرکەتەکانی وابەستە بەو، قەیرانی ئابووری رژیمی قوڵتر کردۆتەوە و ژیانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی زیاتر خستۆتە تەنگوچەڵەمەوە. هەڵبەت بەرپرسان و کاربەدەستانی پلە بەرزی ڕژیمیش گەلێک جار ئیعتیڕاف بە بونبەست و گرفتە ئابووریەکان دەکەن. هەڵوێستی توندی خامنەیی لە دیدار لەگەڵ دیپڵۆماتە خاریجیەکاندا، مەسرەفی نێوخۆیی هەیە و بۆ فریودانی ڕای گشتی خەڵکی ئێرانە، دەنا کۆماری ئیسلامیی لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەک دایە بۆ تەسلیم بوون وبه‌ناو “سازشێکی قارەمانانە” ی تر.