کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئامانجی چەند لایەنەی دەوڵەتی ئەردۆغان لە هێرش کردنەسەر عەفرین

دوو حەفتە لە هێرشی نیزامی دەوڵەتی ئیسلامی ئەردوغان بۆسەر کانتۆنی عەفرین تێپەڕیوە. لەو ماوەیەدا بۆمبارانی شار و دێهاتەکانی ئەو ناوچەیە بەبێ پسانەوە درێژەی هەبووە. لە جەریانی ئەو ئاگر بارانەدا تا ئێستا سەدان کەس لە خەڵکی بێ دیفاع گیانی خۆیان لەدست داوە و بە هەزاران کەسیش ئاوارە بوون. بەڵام سەرەڕای عەمەلیاتی بەردەوامی فرۆکەی جەنگییه‌كان و ئاگر بارانی قورسی ناوچەکە و لە حاڵێکدا کە ٢٠ هەزار هێزی چەکداری گروپە ئیسلامیە جیهادیەکان و ئەڕتەشی ئازادی سوریە ئەم دووهەمین ئەڕتەشی بە ژمارەی زۆر و تەیاری ناتۆیە یارمەتی ئەدەن، بەرەو پێش چوونێکی بەرچاویان نەبووە. لە ڕاستیدا هەر هەنگاوێک لە پێشڕەوی ئەڕتەشی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیە بەرەو رووی خۆڕاگری و گیانبازی یەکینەکانی پاراستنی ژنان و یەکینەکانی پاراستنی گەل و جەماوەری خەڵکی چەکدار بۆتەوە و سەرەڕای درۆی زل و ئاوەژو کرانەوەی ڕاستیەکان لە لایەن ڕاگەیەنەرەکانی دەوڵەتی تورکیەوە، ئەڕتەشی ئەو وڵاتە هێشتا نەیتوانیوە لە هێڵی دیفاعی بزوتنەوەی خۆڕاگری عەفرین تێپەڕێت.28

دەوڵەتی ئیسلامی ئەردوغان بەم هێرشە بەرینەی بۆسەر کانتۆنی عەفرین، تێکشکاندنی ئەزمونی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کردۆتە ئامانجی سەرەکی خۆی. بۆ دەوڵەتی ئەردوغان دوژمنایەتی لەگەڵ ئەزمونی خۆبەڕیوەبەری هەرسێ کانتۆنەکە لە کوردستانی سوریە بۆتە بەشێکی جیانەکراوە لە سیاسەتە میلیتاریستیەکەی بۆ تێک شکاندنی بزوتنەوەی ماف خوازانەی خەڵکی کوردستانی تورکیە. دەوڵەتی ئەردوغان بەدوای شکست هێنانی لە هەڵبژاردنەکانی ژوئێن و نوامبری ٢٠١٥ دا و بە سەرکەوتنی حیزبی دیموکراتیکی گەلان، شارەکانی کوردستانی تورکیە واتە قەلبی بزوتنەوەی ماف خوازانەی خەڵکی کوردستانی دایەبەر هێرش. دەوڵەتی تورکیە بە هێرشی نیزامی بەرین و بە ئاگر باران و وێران کردن و میلیتاریزە کردنی فەزای شارەکان و گرتن و زیندانی کردنی تێکۆشەرانی سیاسی و ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی حیزبی دیموکراتیکی گەلان توانی بزوتنەوەی جەماوەری لە کوردستانی تورکیە پاشەکشە پێبکات. دەوڵەتی ئاک پارتی دەزانێ کە بزوتنەوەی جەماوەری کوردستانی تورکیە ڕیشەی لە بێ مافی، بێبەشیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دایەوە و ئەم بزوتنەوەیە وەک پۆلوی ژێر خۆڵەمێش هەموو ئان و ساتێک ئەگەری گەشانەوەی هەیە. بەم جۆرە دەوڵەتی تورکیە سەقامگیر بوونی ئەزمونی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی رۆژئاوا بە هۆکارێک بۆ بەهێز بوونی رۆحیەی خەباتکارانە لە کوردستانی تورکیە دەزانێ و بۆ کپ کردنی ئەم ئەزمونە دەست لە هیچ جەنایەتێک ناپارێزێ.

بەڵام ئامانجی دەوڵەتی تورکیە لە هێرش کردنەسەر عەفرین تەنیا بە تێک شکاندنی ئەزمونی رۆژئاوا بەرتەسک نابێتەوە. دەوڵەتی تورکیە لەم داگیرکارییە ئاشکرایە، ئامانجێکی چەند لایەنەی هەیە. یەکێکی تر لە ئامانجەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئەردوغان ئەوەیە کە بە دروست کردنی دیوارێکی ئەمنیەتی بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمیتر و بە بەرینایی ٧٠ کیلۆمیتر لەنێو خاکی کوردستانی سوریە و لێواری مەرزی و لە قۆناغی دواتردا بە گێڕانەوە و جێگیر کردنی زیاتر لە ٣ ملیۆن ئاوارەی شەڕی سوریە لەم ناوچەیەدا ببێتە پایەکی سەرەکی لە معادلاتی هێزەکان لە قەیرانی سوریەدا. ئەردوغان کە دۆڕاوی قەیرانی سوریەیە دەیەوێ بارودۆخەکە بە قازانجی خۆی ئاوەژوو بکاتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە ئەردوغان بە مەزن خوازیە شێتانەکەی ساڵانێکە کە هەوای تورکیەی دەورانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی لە مێشکی داوە. دەوڵەتی ئەردوغان لە سەرۆکایەتی گەورە ترین ئەڕتەشی ناتۆدا لەم ساڵانەی دواییدا لە لاواز بوونی پێگەی ڕێبەریی ئەمریکا لە دنیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کەڵکی وەرگرتوە و هەزاران کیلۆمیتر دوور تر لە سنورەکانی، لە قەتەر و سومالی پێگەی نیزامی دامەزراندوە، لە ئالبانی و کۆماری ئازەربایجان حوزوری نیزامی هەیە و سەرەڕای دژایەتیەکانی دەوڵەتانی عێراق و سوریە چەند بەشێک لەو وڵاتانەی داگیر کردوە. دەوڵەتی ئاک پارتی هەروەها بە بیانوی شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم فەزای سەرکوتی لەنێوخۆدا توندتر کردۆتەوە و بە سەدان کەسی لە هەڵسوڕاوانی سیاسی و ناڕازیان بە عەمەلیاتی جەنایەتکارانەی ” چڵە زەیتون” ی گرتوە و ڕەوانەی زیندانی کردون.

هێرشی نیزامی تورکیە بۆسەر عەفرین و هەڵوێستی ڕیاکارانەی دەوڵەتانی روسیە، ئەمریکا و ڕژیمی ئیسلامی لە بەرانبەریدا، ئەو دەرس و ئەزمونەی بۆ خەڵکی رۆژئاوا و خەڵکی ناوچەکە تێدایە کە نابێ دڵ بە پشتیوانی زل هێزەکانی سەرمایەداری جیهانی و ڕژیمە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە خۆش بەکەن. هەڵوێستی ڕیاکارانەی ئەو دەوڵەتانە نیشانی ئەدات کە هۆشداری سەبارەت بە مەترسی بوون بە پیادە نیزامی سیاسەتی ئەمریکا لە شەڕ لەگەڵ داعش و بە باشی لەبەرچاو نەگرتنی دەوری و نەخشب وێرانگەر و دەغەڵکارانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی کە بە ڕواڵەت لافی دۆستایەتی لەگەڵ بزوتنەوەی رۆژئاوا لێئەدات و لە پشتەوە خەریکی خەنجێر وەشاندنە تا چ ڕادەیەک ڕاست بووە.

لە بەرانبەر ئەم هێرشە نیزامیە و سیاسەتی ڕیاکارانەی دەوڵەتانی سەرمایەداریدا خاڵی بەهێز و ڕەمزی سەرکەوتنی بزوتنەوەی خۆڕاگری عەفرین لە جەماوەری بوونی دایە. ئەوە تەنیا یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی رۆژئاوا نین کە بوێرانە دیفاع لە عەفرین و دەستکەوتەکانیان دەکەن لە بەرانبەر جەنایەتەکانی دەوڵەتی تورکیەدا، بەڵکو خۆڕاگرییەکی جەماوەری لە بەرانبەر ئەم هێرشەدا سازماندراوە. خەڵکی ئەو ناوچەیە سەربەخۆ لە نەتەوە و مەزهەب و ڕەگەز لەم خۆڕاگریە جەماوەریەدا حوزوریان هەیە. ئەم بزوتنەوە خۆڕاگریە بەهۆی ئەم جەماوەری بوونەی و بەهۆی ڕەوا بوونی ئەو دەستکەوتانەی کە داکۆکیان لێدەکەن زەرفیەت و قابیلیەتی ئەوەی هەیە کە دووهەمین ئەڕتەشی ناتۆ بە چۆکدا بێنێ.

بۆ پشتیوانی کردن لە بزوتنەوەی خۆڕاگری عەفرین تا ئێستا گەلێک خۆپیشاندان و ڕێپێوانی بەرین لە ژمارەیەکی زۆر لە شارە گەورەکانی ئوروپا و کانادا و ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستانی عێراق بەڕێوەچوون. دەبێ هەوڵ بدرێت کە ئەم پشتیوانییە جەماوه‌ریانە لە ئاستێکی بەرین تردا بەردەوام بن. ئەم پشتیوانیانە بێ گومان دەتوانن هەزینەی سیاسی ئەم هێرشە نیزامیە بۆ دەوڵەتی تورکیە گەلێک قورس تر بکه‌ن. لەگەڵ گشت ئەمانەدا نابێ لەبیرمان بچێت کە بزوتنەوەی کرێکاری تورکیە، سەرهەڵدانەوەی سەرلەنوێی بزوتنەوەی ماف خوازنەی خەڵکی کوردستان، بزوتنەوە ئازادی خوازانە و سیکۆلار و پێشڕەوەکان لەم وڵاتەدا ئەو هێزەن کە دەتوانن ئەم وێنایە بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕن. هاتنە مەیدانی ئەم هێزە دەتوانێ مەزن خوازییە شۆوینیستی و شێتانەکانی ئەردوغان توشی شکست بکات.