رۆژی شەممە ٣٠ مانگی گوڵان« ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا گەیشتە عەرەبستانی سعودی. ئەمە یەکەم جارە کە یەکەم سەفەری دەرەوەی سەرۆک کۆمارێکی ئەمریکا بۆ وڵاتێکی ئیسلامی- عەرەبی بێت و ئەویش سەرۆ کۆمارێک کە یەکێک لە یەکەم حوکمە حکومەتیەکانی لەدژی چوونی شارۆمەندانی پێنج وڵاتی ئیسلامی بۆ ئەمریکا بوو. ترامپ لە ماوەی مانەوەی لە عەرەبستان بەشداری لە سێ کۆبوونەوەدا دەکات. جەلەسەیەکی هاوبەش لەگەڵ پادشای عەرەبستان، جەلەسەیەک لەگەڵ وڵاتانی شوڕای هاوکاری کەنداو و دواتر ئیجلاسی سەرانی ٤٠ وڵاتی عەرەبی- ئیسلامی.
لەگەڵ ئەوەدا کە هێشتا بە دژواری دەکرێت باس لە ستراتیژیی ئامادە کراوی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی ترامپ بکرێت و بێجگە لەو سیاسەتە جیاوازانەی کە ئەو لە پێوەند لەگەڵ مناساباتی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و یان مناسبات لەگەڵ ڕەقیبە جیهانیەکانی کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا دەریبڕیوە، بەڵام سەفەرەکەی بۆ عەرەبستان و لە درێژەدا بۆ ئیسڕائیل، دەربڕی هێڵە ئەساسیەکانی ستڕاتیژیەکی بنیادنراو لەسەر هاوئاهەنگ کردنی سیاسەتێکی تا ڕادەیەک هاوبەش، لەگەڵ هاوپەیمانانی درێژماوە لە ناوچەی قەیراناوی خاوەرمیانە دایە.
ترامپ لەم سەفەرەدا بەشوێن ئامانجێکی دیاریکراوەوەیە و لە هەمانحاڵدا ئەم سەفەرە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە ترامپ هێندێک لە بڕیارەکانی بەرەورووی مقاومەتی باقی ئۆرگانەکان تا ئاستی هەڵوەشانەوەی حوکمەکانی حکومەتەکەی بۆتەوە و هاوکات بە توندی لە نێو خۆی ئەمریکادا لە پێوەند لەگەڵ دەور و نەخشی روسیە لە هەڵبژاردنی ئەمریکا و بە تایبەت لادانی سەرۆکی “ئێف بی ئای” و دزە کردنی قسەکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیە، کەوتۆتە ژێر گوشارەوە. لەم سەفەرەدا تەوافوق نامەیەک بە ئەرزشی ٢٨٠ ملیارد دۆلار لەگەڵ عەرەبستان لە بوارەکانی پیشەسازی نیزامی، توجاڕی، وزە و پیتروشیمیدا ئیمزا دەکرێت. ئەم تەوافوقنامەیە دەتوانێ، سەدان هەزار هەلی کار لە هەردوو وڵاتدا بەدی بێنێ و ببێتە هۆی جێبەجێ بوونی یەکێک لە وەعدەکانی کاتی هەڵبژاردنی ترامپ.
بەڵام گومانی تێدا نییە گرنگترین ئامانج لەم سەفەرە، بەهێز کردنی پێگەی لاواز بووی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. لەم پێوەندەدا ڕەنگە سەرەکیترین هۆکار، چلۆنایەتی رەفتار لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئەمە فاکتۆرێکە کە ئەمریکا دەتوانێ گەلێک لە وڵاتانی ناوچەکەی لە دەوری کۆبکاتەوە. مۆر کردنی بەیانیەی “دیمەنگای هاوبەشی نێوان ئەمریکا و عەرەبستان” و هەرسێ ئیجلاسەکەی لە خزمەت ئەم ئامانجە ستراتیژیە دایە. لە ڕاستیدا بەیانیەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە “ڕیاز” هاوکات لەگەڵ ڕاگەیەنرانی ئاکامی “هەڵبژاردن” لە ئێران ناوەرۆکی ئامانجی ئەمریکا ئاشکرا دەکات. “تیلرسۆن” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم بەیانیەدا دەڵێ “ئێـمە هیوادارین “روحانی” قۆناغێکی نوێ بە کۆتایی هێنان بە تەئمین کردنی ماڵی تۆڕە تیرۆریستیەکان و بە کۆتایی هێنان بە ئیدارە و تەداروکی هەر شتێک کە ناسەقامگیری لە ناوچەکە پەرە پێئەدات، دەست پێبکات. ئێمە هەروەها هیوادارین کە ئەو کۆتایی بە تاقیکردنەوە موشەکیە بالستیکەکان بێنێ”. لە کاردانەوە بەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایە کە جێگری ستادی کولی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ڕادەگەیەنێ “لە بارودۆخی ئەمرۆی جیهان و ناوچەکەدا، خێراتر کردن و قوڵتر کردنەوەی ئامانجە بەرگرییەکان لەوانە سیستمە بەرگریە موشەکییەکان، یەکێک لە ئەولەویەتەکانی وڵاتەکەمان بە حیساب دێن”. ئەم کاردانەوەیە لە عەینی حاڵدا، چوارچێوەی دیاری کراوە لە لایەن فەرماندەکانی سپاوە و وێنا کردنی هێڵە سورەکانە بۆ دەوڵەتی روحانی. لەبەر ئەوەی کە روحانی لە تەبلیغاتەکانی هەڵبژاردنیدا، وتبووی کە بۆ لابردنی تەحریمە غەیرە هەستەییەکان، کۆمەڵێک کاناڵ بۆ پێوەندی گرتن لەگەڵ دەوڵەتی ترامپ ئەدۆزێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژی مەتبوعاتی هاوبەشی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عەرەبستانیش، جارێکی تر ئامانج لە سەفەری ترامپ بۆ ناوچەکەی “بەرەنگار بوونە لەگەڵ هەڕەشەکانی “ئێڕان” ڕاگەیاند. ئەو لەم وتووێژەدا دەڵێ “تەیار بوونی نیزامی_ئەمنییەتی عەرەبستانی سعودی لە سەرجەم ناوچەکەدا، بەتایبەت لە بەرانبەر نفوزی تێکدەرانەی ئێراندا و هەڕەشەکانی پێوەندیدار بە ئێرانەوە زەمانەت دەکات”. ئەو لە درێژەدا دەڵێ کە “لە بواری بەربەرەکانی لەگەڵ توندڕەویەکانی ئێران و هەناردە کردنی شەڕکەرانی دەرەکی لە لایەن ئەم وڵاتەوە بە تایبەت لە سوریە و عێڕاق، هاوکاریەکی نزیکمان هەیە و بە وردی خەریکی هاوئاهەنگین تا بگەینە ئیدەیەکی هاوبەش، سەبارەت بە بەرجام و لەوە بۆ لەغاو کردنی ئامانجی هەستەیی ئێران کەڵک وەربگرین”.
بەم جۆرە بە روونی دەکرێ بڵێین کە سیاسەتی ڕاهبۆردی ئەمریکا، هەوسارکردنی ڕژیمی ئێران و هاوجیهەت کردنیەتی لەگەڵ سیاسەتە ناوچەییەکانی خۆی. هەرچەند کە ئەم سیاسەتە لەم سەفەرەدا بە ئاشکرایی ڕاگەیەندراوە، بەڵام دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە ئەم ستراتیژیە لە ڕاستیدا لە کۆموسیۆنی پێوەندی دەرەوەی سێنای ئەمریکا لە ٨ ی مانگی خاکەلێوەدا بە بەشداری کارناسان بە تایبەت و ژووری فکری، سەبارەت بە خاوەرمیانە، دراوەتەبەر قسە و باس و هەڵسەنگاندن. هۆکاری ناوەندی لە بەڵگە پێشکەش کراوەکان لەم کۆموسیۆنەدا، ئامادە کردنی ستراتیژی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئێرانە. لەم ستراتیژیەدا فاکتۆرەکانی وەک ئیجرای دەقیقی بەرجام لە لایەن ئێرانەوە، پاشەکشە کردن بە ئێران لە شەڕی یەمەندا لە ڕێگای چارەسەریەکی سیاسیەوە، وەدەرنانی لە عێڕاق لە ڕێگای پشتیوانی کردن لە دەوڵەتی حەیدەر عبادی و هێزە چەکدارەکانی عێڕاقەوە، کەم کردنەوەی نفوزی ئێران لە سوریە، هاوئاهەنگ کردنی زەرفیەتەکانی هاوپەیمانانی ناوچەیی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەمنیەتی- ناوچەییدا و لە کۆتاییدا، وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ هەوسار کردنی بەرزە فڕیەکانی لە ناوچەکەدایە.
قەراردادی ١١٠ ملیارد دۆلاری کڕینی چەکی عەرەبستان لە ئەمریکا، پێشنیاری دروستکردنی “ناتۆیەکی عەرەبی” بە چەکی ئەمریکایی، ئیجلاسی سەرانی ٤٠ وڵاتی ئیسلامی- عەرەبی لە رۆژی ٣١ ی گوڵاندا، گۆڕانی سیاسەتی عەرەبستان سەبارەت بە دەوڵەتی عێڕاق و ناردنی ٢٥٠ کۆماندۆی تایبەت لە لایەن ئەمریکاوە بۆ عێڕاق لە هاوینی ئەمساڵدا بۆ ئیجرای عەمەلیاتی ئیتیلاف بە فەرماندەیی ئەمریکا بە ناوی “ڕێگا چارەی کۆتایی” لە کۆیت و عێڕاق، هێرشی ئاسمانی فرۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکایی بۆسەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە نزیک سنوری عێڕاق و سوریە لە شەوی هەینی ڕابردوو، بە گشتی لە فاکتۆرەکانی بەرەوپێش بردنی ستراتیژی ئەمریکایە لە ئاستی هەوسار کردنی ئێران لە ناوچەکەدا.
ئاشکرایە کە بەرەوپێش بردنی ئەم سیاسەتە بێجگە لە رقابەتی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، پێوەندیەکی جیا نەکراوەی لەگەڵ چلۆنایەتی بەرەنگار بوونەوەی دەوڵەتی روحانی لەگەڵ مەترسی تەقینەوەی ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکان لە ئێران لە لایەک و بەرەنگار بوونەوەی سیاسەتی فەرماندەکانی سپا و خامنەیی لە لایەکی، دیکەوە هەیە.