ماشێنی کوشتاری رژیمی کۆماری ئیسلامی بەبێ وهستان لە حەرەکەتدایە و رۆژ نییە کە ژمارەیەک زیندانی لە زیندانە جۆراوجۆرەکان و یان بە بەرچاوی هەمووانەوە ئێعدام نەکات. جەنایەتکارانی رژیم بەبێ پرینگانەوە و بەبێ سڵ کردن لە کاردانەوەی رای گشتی، هەموو رۆژێک تاوانباران لە زیندانەکاندا دەباتە پای داری ئێعدام و گوشار بۆسەر زیندانیانی سیاسی لەنێو زیندانەکانیدا توندتر کردۆتەوە. بەپێی ئەو راپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە، دهزگای قەزایی رژیم، لە ماوەی کەمتر لە ٢ مانگدا ٣٤٠ زیندانی ئێعدام کردووە و مامناوەندی ژمارەی ئێعدامەکان ٦ حاڵەتی ئێعدامە لە رۆژدا. رژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٦ ساڵی رابردودا لەپاڵ بەساتی سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجەدا و خەڵتانی خوێن کردنی هەموو ناڕەزایەتی دەربڕین و دەنگێکی ئازادیخوازانە، سزای ئێعدامی وەک توندوتیژیەکی وشیارانە و سازماندراو بۆ لەنێوبردنی نەیارانی سیاسی، ناڕازیانی کۆمەڵایەتی و قوربانیانی ئەم نیزامە زاڵمانەیەی سەرمایەداری بەکارهێناوە.سزای ئێعدام وەک یەکێک لە جەنایەتە سازماندراوەکان لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیەوە تا ئێستا یەکێک لە پایەکانی حاکمیەتی رژیمی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ ترساندنی خەڵک.سەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدا بردنی رای گشتی لەسەر ریشەی موسیبەت و نابەسامانیە کۆمەڵایەتیەکان، لەرێگای بڵندگۆ تەبلیغاتیەکانیەوە تەبلیغی سزای ئێعدام وەک رێگای بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ نابەسامانیەکان و کاردانەوەیەکی لێبڕاوانە لە بەرانبەر ئەم گرفتە کۆمەڵایەتیانەدا دەکەن. دەڵێن کە ئەگەر ئێعدام نەبێت گزیکاران و خراپەکارانی کۆمەڵایەتی هانئەدرێن و ئەمنیەتی کۆمەڵگە دەخەنە مەترسیەوە. ئەم ئیدیعایانە لە حاڵێکدا مەتڕەح دەکرێن کە بەپێی دانپێدانانی وەزیری دادگوستەری کابینەی ” حەسەن رۆحانی”، ” رێژەی تاوان لە ئێران گەیشتۆتە ئاستێکی جێگای نیگەرانی.”
لە لایەکی دیکەوە بەپێی ئەزمونی عەینی لەو وڵاتانەدا کە سزای ئێعدام هەڵوەشاوەتەوە و بەپێی ئاکامی توێژینەوەکانی کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی، هیچ ئامارێکی موستەنەد و شاهیدێکی جێی متمانە کە پیشانی بدات لە ڕێگای ئێعدامەوە دەکرێ بەر بە پەرەسەندنی گزی و تاوانکاری بگیرێ بوونی نییە. بە پێچەوانەوه ئەم توێژینەوانە دەریانخستووە لەو کۆمەڵگایانەدا کە کەلێنی نێوان هەژاری و سەروەت قوڵتر دەبێتەوە و نیزامی ئابووری دەبێتە هۆی هەژارتر بوونی زۆربەی خەڵک و هاوکات کەڵەکە کردنی سەروەتێکی کەڵان لە دەست گروپێکی بچوکدا، بەردەوام هەژاری و بێبەشیە کۆمەڵایەتیەکان دەبنە بەستێنێک بۆ جورم و جەنایەت. لە راستیدا ئەوە خودی نیزامی سەرمایەداریە کە چەند و چۆنی ئەو تاوانانەی کە سزایان بۆ دیاری دەکرێت بەرهەم و دیسان بەرهەمدێنێتەوە. تەجروبەی تاریخییش ئەم راستیەی سەلماندوە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری لەوێدا کە خەباتی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز هێندێک ریفۆڕمی کۆمەڵایەتی و بەرنامەی ڕیفاهیان بەسەر دەوڵەتەکاندا سەپاندوە، ڕێژەی تاوانکاریەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بۆتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەزمونی تا ئێستا دەرخەری ئەو راستیەیە کە پەیڕەوکرانی سزای ئێعدام لە لایەن دەوڵەتەکانەوە، کۆمەڵگا ئاسیب پەزیرتر دەکات و کۆمەڵێک بارودۆخ و زەمینەی رەوانی لەبارتر بۆ بەرهەم هاتن و پەرەسەندنی توندوتیژی و تاوان فەراهەم دەکات.رژیمی کۆماری ئیسلامی هەر ئێستا هەزاران کەس لە تاوانکارانی کۆمەڵایەتی لە سلولەکانی مەرگدا لە چاوەڕوانی ئیجرای حوکمی ئێعدامدا راگرتوە. هەرچەند کە ئەم رژیمە ئێعدام کردنی ئەم زیندانیانە بە پاساوی فریوکارانەی بردنەسەری ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و ئیجرای عهداڵهت بەڕیوەدەبات، بەڵام شەپۆلی کوشتاری زیندانیەکان لە بارودۆخی ئێستادا ئامانجی سیاسی دیاریکراوتری لەپشتەوەیە. لە بارودۆخێکدا کە رژیم باری قورسی قەیرانی سەرمایەداری ئێران و گوشاری تهحریمه ئابوورییەکانی خستۆتە سەر شانی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگا و بێ مافییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرینی بەسەردا سەپاندون و لە حاڵێکدا کە رژیم لە عاقیبەت و کاریگەریی سیاسەتی، ” سازش لە لۆزان” و پاشەکشە کردنی لە بەرانبەر ئامریکادا لەسەر زەین و رۆحیەی خەڵک بەتوندنی نیگەرانە و خۆی لە بەرانبەر کاردانەوەی جەماوەری هەژاردا لە مەترسیدا دەبینێ، بۆ بەرگرتن لە هەڵچوونی ئەم قینە پۆنگ خواردووە، شەپۆلێکی نوێ لە کوشتاری زیندانیانی خستۆتەرێ. سەرانی کۆماری ئیسلامی دەزانن، هەژاری و فەلاکەتێکی بێ وێنە کە بەسەر خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگادا سەپاوە، دەرکردن و بێکارسازی بەرین و هەموو رۆژەی کرێکاران، داسەپاندنی حەقدەستی چەند قات لەژێر هێڵی هەژاریدا بەسەر ئەو کرێکارانەدا کە هەموو سەروەت و نێعمەت و ریفاهیاتی کۆمەڵگا بەرهەمدێنن، دواخستنی دانی ئەم حەقدەستە کەمانە و هیتر، عاقیبەتێکی بێجگە لە ئاخێزی برسی و بێ ئەنواکانی کۆمەڵگای بەدواوە نابێت. بەڵام هەرئەو جۆرەی زۆرجار بینیومانە، توند کردنەوەی گوشار و کرداری سەرکوتگەرانە، نەک لە رووی بەهێزی رژیمەوە، بەڵکوو لە ترس لە گەشە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت. بەم ئیعتیبارەوە هەوڵەکانی ئەم دواییەی رژیم سەبارەت بە کوشتاری زیندانیان هیچی بۆ رژیم تێدا نابێت و ناکرێ کرێکارانی ناڕازی و خەڵکی مافخواز و زۆرلیکراو و چەوساوە بەم کردارانە چاوترسێن بکرێن. ئەگەری هەیە سەرکوت لە قۆناغێکدا هەنگاوێک پاشەکشەی خەڵکی بەدواوە بێت، بەڵام بوارە عەینیەکانی هەڵچونی قین و توڕەیی جەماوەر توندتر دەکاتەوە و سەرئەنجام “وەک ئاگری بن خۆڵەمێش” خەباتی جەماوەری و مافخوازانە بڵێسە دەستێنێ و بە تێكوپێکدانی بناغەی کۆشکی زوڵم و زۆرداری کۆماری ئیسلامی، بوار بۆ داڕشتنی بنچینەی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان پشت بەستوو بە هێزی ریکخراو و یەکگرتو و موتەشەکلی جەماوەریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و چەوساوەکان خۆش دەکات.