کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئامانجی سیاسی حەرەکاتی کۆماری ئیسلامی لەسەر سنورەکانی کوردستان

لە رۆژی پێنجشەممە ٢١ ی مانگی گەلاوێژەوە، تۆپخانه‌ی ڕژیمی ئێڕان سەرلەنوێ چەند ناوچەیەکی لە هەرێمی کوردستانی عێراق داوەتەبەر هێرش. لە جەریانی ئەم تۆپ بارانه‌دا ژمارەیەک لە خەڵک کە ناوچە کوێستانیەکانی سەر سنور شوێنی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و دابین کردنی پێداویستیەکانی ژیانیانە، بریندار بوون و ئەوانی تریش بۆ پاراستنی گیانیان ئەم ناوچانەیان چۆڵ کردوە. دارستان و لەوەڕگەکان زیان و زەرەری زۆریان وێکەوتوە. هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکدا درێژەی هەیە کە میدیا و ناوه‌نده‌ ڕەسمی نێونەتەوەییه‌كان لە بارەیەوە بێدەنگیان هەڵبژاردوە. دەوڵەتی ناوەندی عێڕاقیش لەم بارەیەوە چکۆلە ترین کاردانەوەی نیشان نەداوە. هاوکات تەقەکردن لە کاسبکاران و کۆڵبەرەکانی سەرسنوریش زیادی کردوە.دەست پێکردنەوەی هێرشی تۆپخانەی کۆماری ئیسلامی بۆسەر دێهاتەکانی سەر سنوری هه‌رێمی کوردستانی عێڕاق، درێژەی هێرش بۆسەر کاسبکارانی سەر سنور لە زومڕەی ئەو کردارانەن کە ڕژیمی ئێران بۆ نائەمن کردنی سنورەکان بە ئامانجی دروست کردنی گوشار بۆسەر خەڵکی ناوچەکە و بەهرەبەرداری سیاسی ئەنجامی ئەدات. کەمتر حەفتەیەک هەیە کە هەواڵی کوژران و بریندار بوونی ژمارەیەک لە ” کاسبکاران” ی سەر سنوری کوردستان نەبیستین. ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانی خۆیان بۆ دابین کردنی ژیانێکی مەمرەو مەژی لە کوێرەڕێگاکانی سەر سنوردا بە هۆی تەقەی هێزەکانی ڕژیم ئیسلامیەوە لەدەست داوە لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی مامناوەند یەکسەد کەس لە ساڵدا بووە. کاسبکاران لە ناوچە سنوریەکانی کوردستاندا، وێڕای تەحەمول کردنی مەترسی کەوتنە کەمینی هێزی ڕژیمەوە و تەحەمول کردنی تەلەفات، گەلێک جار بوونەتە قوربانی تەقینەوەی ئەو مینانەی کە لە دەورانی شەڕی ئێران و عیڕاق بەجێماون و لەسەر هێندێک لە ڕێگاکاندا بە تایبەتی چێندراون. 782

لەگەڵ بوونی ئەم مەترسیە مەرگ ئافەرینانەشدا، کۆڵبەرەکان و کاسبکارانی سەر سنور بەهۆی مەوقعیەتی دژواری ئابووری و نیاز بە دابین کردنی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، سەرلەنوێ ملی ئەم ڕێگا پڕ لە مەترسیانەیان گرتۆتەوە. بەڵام ئەوە کۆڵبەر و کاسبکارانی سەر سنور نین کە لە گواستنەوەی کالا لە سەر سنورەوە سود و قازانجێکی زۆر دەخەنە گیرفانیانەوە، بە پێچەوانە ئەوە توجاڕ و سەرمایەداران و دەڵاڵەکانن کە بۆ گواستنەوەی کالاکانیان پێویستیان بە هێزی کاری کۆڵبەرەکان هەیە. خەڵکی کوردستان بە باشیی دەزانن کە خودی مافیای سپای پاسداران، تاجران و باندە گەورەکانی هاودەستیانن هۆکاری سەرەکی زیاد بوونی قاچاخچێتین لە ناوچەکە و سەرتاسەری ئێراندا. کۆڵبەرەکان لەگەڵ بوونی ئەم هەموو مەترسیانەدا دیسانیش ناچارن بەشێک لە حەقدەستە کەمەکەیان وەک باج بدەن بە پاسەوانانی سنوری ڕژیمی ئیسلامی.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا کاسبکارانی سەر سنور بە تاوانبار دەناسێنێ و دەیانکاتە ئامانجی هێرشی وەحشیانەی، کە بێکاری بەرین و گرانی سەرسوڕ هێنەری پێداویستیە سەرەتاییەکان، خەڵکی کوردستانی زیاتر لە هەر کاتێکی تر خستۆتە ژێر گوشارەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەیدا لە کوردستان بە دروست کردنی دیوار، لێدانی کاناڵ و زیاد کردنی پۆست و بازگەی کۆنترۆڵ، ئەم باریکە ڕێگایانەش کە خەڵک بۆ دابین کردنی ژیانیان دۆزیبویانەوە دادەخات و بەوەشەوە نەوێستاوە و بە تەقە کردن و هێرشی وەحشیانە بۆسەر ئەم ئینسانە زەحمەتکێشانە، کالاکانیان تاڵان دەکەن و ژیانیان دەخەنە مەترسیەوە.

بەڵام ئەوە تەنیا کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنور نین کە بەم شێوەیە بوونەتە ئامانجی سیاسەتە دژی خەڵکیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوریەکاندا. خەڵکی زەحمەتکێشی دانیشتوی دێهاتەکانی سەر سنوری کوردستانی عێڕاقیش لەم کرادارانەی کۆماری ئیسلامی لە ئەماندا نین. تۆپباران کردنی دێهاتە سنوریەکان لە لایەن سپای پاسدارانەوە ڕاستەوخۆ ماڵەکانی خەڵکی دێهاتە سنوریەکان دەکاتە ئامانج. تا ئێستا لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا، بە هەزاران کەس ئاوارە بوون. لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی ڕابردودا تۆپباران کردنی ناوچە سنوریەکانی ” سیدەکان، حاجی ئۆمەران و چۆمان” لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە دەستی پێکردۆتەوە. ئەم جارە دێهاتەکانی ” بردونە، کانیە ڕەش، نێرگان، بناری کودو، کانی سپی و بەردە قڵشتان” بونەتە ئامانجی ئەم هێرشەی تۆپخانەکان. ئەم دێهاتانە نزیک ناوچەی سنوری پیرانشارن لە کوردستانی ئێران.

بیانوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم هێرشانە بوونی کەسانی چەکداری نەیاری ڕژیمە لەم ناوچانەدا. بەڵام لە ڕاستیدا ئاست و بەرینایی هێرشەکانی ڕژیم بۆسەر ئەم ناوچانە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بوونی چەند گوروپێکی کەمی چەکدار لێرە و لەوێی سنورەکاندا ناگونجێ. بوونی ئەم گوروپانە تەنیا بیانوە بۆ بەدوادا چوونی ئەو ئامانجانەی لە پشت پەردەدا هەیەتی. جێگیر کردنی هێز لە ناوچە سنوریەکان و حەرەکاتی لەم چەشنە هیچ شتێک نییە بێجگە لە هێز نواندن و چنگ و ددانی خوێناوی نیشاندانی ڕژیمی ئیسلامی بە خەڵکی ناوچەکە و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق. ئەم گوشارانە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی عێڕاقدا بەڕێوە دەچن. هەم کۆماری ئیسلامی و هەم دەوڵەتی ناوەندی عێڕاق هەردوکیان دەست ئەندەرکاری ئامادەکارین بۆ روداوە چاوەڕوان کراوەکانی دوای دەرپەڕاندنی داعش لەو شوێنانەی لەژێر کۆنترۆڵیدان. ئەوان نایانەوێ کە شکستی داعش بە واتای بەهێز بوونی ئەو حیزب و هێزانە بێت کە بەرژەوەندیان لەباری عەینیەوە لە ڕاستای بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدا نییە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی جێی نەفرەتی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراقە. ئەم خەڵکە لە ئەزمونی ڕاستەوخۆی خۆیاندا بۆیان دەرکەوتوە کە کۆماری ئیسلامی لە زومڕەی دوژمنانی سەرسەختی ئەوانە لە ناوچەکادا و دوژمنی لە ئاشتی نەهاتوی مافی دیاری کردنی چارەنووسیانە. لەم روەوە قەت باوەڕ بە لێدانی لافی دۆستایەتی ئەم ڕژیمە و سیاستی ڕیاکارانەی ئه‌و ناکەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-