لەماوەی ئەم دوو حەفتەی دواییدا روسیە دەستیداوەتە ناردنی چەک و چۆڵی پێشڕەفتە و تایبەت بۆ سوریە. روسیە سەرەتا لە کردارێکی فەرمایشیدا داوای ئیجازەی فڕینی بۆ فرۆکە نیزامیەکانی لە هێندێک لە وڵاتانی ناوچەکە کرد تا بە ئاسمانی وڵاتەکانیاندا تێپەڕن. ئەم داواکاریە وڵامی ئەرێنی لە هێندێک وڵات وەرگرتەوە لەوانە ئێران و یۆنان و دژایەتی هێندێک وڵاتی دیکەشی بەدواوە بوو. دوای ئەوە بەخێرایی لە ڕێگای ئاسمان و دەریاوە دەستی کرد بە ناردنی هێز و کەلوپەلی نیزامی. ئەگەرچی روسیە پێشتر ئەو هەواڵانەی لەمبارەیەوە بڵاو کرابونەوە ڕەد کردبۆوە، بەڵام سێرگئی لائۆرۆف وەزیری دەرەوەی روسیە رێكهوتی ١٣ی سیپتامبر وێڕای تەئید کردنی ئەم هەواڵە وتی: روسیە ناردنی چەک و چٶڵی نیزامی بۆ سوریە درێژە پێ ئەدات.رۆژنامەیەکی ئاڵمانی لە زمان کاربەدەستانی ئەمنیەتی ئاڵمانەوە نووسی کە روسیە بە خێرایی خەریکی دروست کردنی پایەگایەکی گەورەی نیزامی لە شاری ساحلی جەبەلە لە ئۆستانی لازهقیە لە رۆژهەڵاتی سوریەیه. بەشێوەیەک کە لە ئەوەڵی سیپتامبرەوە تا ئێستا روسیە بە وەسیلەی نزیکەی ٣٠ فرۆکەی بارهەڵگری گەورە و ژمارەیەکی زۆر کەشتی باری کە هەڵگری ژمارەیەکی زۆر ماشێنی نیزامی و زرێهی و بڕێکی زۆر سیستمی مۆدێڕنی نیزامی و ئیڕتیباتین، ناردۆتە ئەم بەندەرە.
روسیە ڕێگای قانونی ئیجرای ئەم ئامانجەشی خۆش کردوە. وەلید موعەلیم جێگری سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی سوریە رۆژی ١٧ی سیپتامبر ڕایگەیاند: “ئەگەر رۆژێک هەست بکەین کە پێویستە نیزامیە روسەکان لە عەمەلیاتی هاوبەشی زەمینیدا بەشداری بکەن، داواکاری خۆمان مەتڕەح دەکەین.” سەرانی کرێملینیش لەژێر پەردەی خەبات لەدژی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی، بە تایبەت بۆ بەرەنگار بوونەوەی گروپی تیرۆریستی “دەوڵەتی ئیسلامی” عێڕاق، سوریە، ئاسیای نێوەڕاست و ناوچەی قەفقاز پێشوازی لەم تەمایولەی سوریە کردووە. بەمجۆرە کردارەکانی کرێملین و دامەزراندنی پایەگای گەورەی نیزامی لەم وڵاتەدا ئیلزامەن بە واتای پشتیوانی بێ ئەملاو ئەولا لە بەشار ئەسەد نییە و دەکرێ پەیامێک بێت بۆ هێزە ئوپوزسیۆنەکان بۆ بەجیدی لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی و مەوازعی مۆسکۆ لە نیزامی داهاتووی سوریەدا. شایەدیش ئەم پەیامەی بۆ نەیارانی بەشار ئەسەد تێدا بێت، کە ئەگەر لەگەڵ روسیە نەسازێن نەتوانن چارەنووسی بەشار ئەسەد بگۆڕن.
راستیەکەی ئەوەیە کە روسیە لەم ساڵانەی دواییدا و لە کێشمەکێشی نێوان هێزە ئیمپڕیالیستیەکاندا بۆ پەرەدان بە ناوچەی ژێر نفوزیان، داواکاری سەهمی زیاتر لە دابەش کردنی دەسەڵات لە دنیادا بووە. روسیە کە دوای لێکهەڵوەشانی شوڕەوی بەشێکی زۆر لە ئیقتیدار و حەوزەی نفوزی خۆی لەدەست دابوو، لەم ساڵانەی دواییدا کەوتە هەوڵی بەدەست هێنانەوەی دەسەڵاتی لەدەست چووی. لکاندنی کریمە بە خاکی خۆیەوە لە ساڵی ڕابردودا و ئێستاش دامەزراندنی پایەگایەکی گەورەی نیزامی لە ئاوا ناوچەیەکی ستراتیژیکدا لە سوریە، لەسەر ناوەرۆکی درێژەی قەیرانی جیهانی سەرمایەداری و توند بوونەوەی کێشمەکێشی نێوان هێزە جیهانی و ناوچەییەکان بە ئامانجی زێدەخوازانەوە بەڕێوەدەچێت.
ویلادمیر پوتین ماوەیەک لەوەپێش وتبوی کە دخاڵەتی روسیە لە سوریەدا بۆتە هۆی ئەوەیکە ژمارەی پەنابەران لە ئوروپا گەلێک کەمتر بێتەوە. ئەو وتبوی کە “زۆربەی پەنابەرە سوریەکان، وڵاتەکەیان لە ترسی داعش و گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکان بەجێهێشتوە نەک لەترسی ئەڕتەشی ئەسەد”. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو قەیرانە پەنابەریەی کە ئێستا بۆتە قەیرانێکی جیهانی و تراژیدی و کارەساتێکی گەورەی ئینسانی، بەرهەمی قەیرانی جیهانی نیزامی سەرمایەداری و ئاسەواری ڕقابەت و کێشمەکێشی هێزە سەرمایەدارییە جیهانی و ناوچەییەکان و لەوانە روسیەیە لەسەر بەرژەوەندیەکانیان. حکومەتە کۆنەپەرستە سەرمایەداریەکان لە ناوچەکەدا و لەوانە کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدان بە حاکمیەتی خۆی و بە ئامانجی سەرکوت و بە لاڕێدا بردنی ناڕەزایەتی و ئاخێزە جەماوەریەکانی خەڵکی وەگیان هاتوو بە بەرپا کردن و هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕ لە ڕێگای دەخاڵەتی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆوە و یان یارمەتیدانی گروپە جەنایەتکارە ئیسلامیەکان، ناوچەی خاوەرمیانەیان کردۆتە دۆزەخێک کە ژیان کردن تێیدا شیاوی تەحەمول کردن نییە. بەمجۆرە حزور و دخاڵەتی روسیەش وەک لایەنێکی کێشەکانی جیهانی سەرمایەداری بۆتە هۆی توند بوونەوەی شەڕ و کوشتار و ئاوارە بوونی بەملیۆن ئینسان. حزوری روسیە لە سوریە و دامەزراندنی پایەگایەکی گەورەی نیزامی لەو وڵاتە نەک هەر هیچ قازانجێکی بۆ خەڵکی ناوچەکە نییە بەڵکوو دەبێتەهۆی توند بوونەوەی کوشتار و پەرەسەندنی ئاستی شەڕ و تێکهەڵچونەکان. ئەگەر ئامریکا و باقی دەوڵەتانی سەرمایەداری رۆژئاوا یەکگرتوو و پشتیوانی دەوڵەتانی دیکتاتۆڕ و دژی ئینسانی وەک ئیسرایل، تورکیە، عەرەبستانی سعودی و قەتەرن، جەمسەرەکەی دیکەی دەوڵەتانی سەرمایەداری بە سەرکردایەتی روسیەش پشتیوانی دەوڵەتانی جەنایەتکاری وەک کۆماری ئیسلامی و رژیمی بەعسی سوریەن کە هۆکاری هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و سەرکوت و نائەمنین بۆ بەملیۆن ئینسان.بە پێچەوانەی وتەکانی پوتین، حزوری نیزامی و سیاسەتی دەخاڵەت گەرانەی روسیە و باقی هێزە سەرمایەداریەکان لە خاوەرمیانە نە تەنیا ژمارەی ئاوارە و پەنابەرەکانی کەم نەکردۆتەوە، نە تەنیا ناتوانێ ژیانێکی ئەمن و ئینسانی بۆ خەڵک بەدیاری بێنێ بەڵکو خۆی دەبێتە هۆی توند بوونەوەی ئەو شەڕ و کارەساتە ئینسانیانەی کە ئێستا چوار ساڵە لە سوریە درێژەی هەیە و بۆتە هۆی گیان لهدهستدانی زیاتر لە ٢٥٠ هەزار کەس و ئاوارە بوونی بەملیۆن ئینسان و وێران بوونی ئەم وڵاتە.
بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە فەلاکەتبارەی کە حاکمانی سەرمایە بە ئامانجی تاڵان کردنی هەرچی زیاتری خەڵک بەدییان هێناوە، رێگایەک بێجگە لە وشیاری گشتی و هاتنە مەیدانی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا بۆ بەرپا کردنی شۆڕش لەدژی نیزامی ئاوەژوی مەوجود و روخاندنی حکومەتە کۆنەپەرستە سەرمایەداریەکان له بهردهمدا نییە.