ڕۆژ نییه كه ڕاپۆرتی دڵته‌زێنی ڕووداوه‌كانی شوێنی كار له ئێران بڵاو نه‌بێته‌وه. به پێی ئه‌و ئامارانه‌ی كه له لایه‌ن سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعییه‌وه بڵاو ده‌كرێته‌وه، هه‌موو ساڵێ به شێوه‌ی مامناوه‌ند، هه‌زار و ٥٠٠ تا ٢ هه‌زار كرێكار به‌هۆی ڕووداوه‌كانی شوێنی كار گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌یان هه‌زار كرێكاریش بریندار و كه‌م ئه‌ندام ده‌بن. ئه‌وه یه‌كێك له به‌ره‌كانی ئه‌و شه‌ڕه نادیاره واقعییه‌یه كه له نێوان چینی كرێكار و سه‌رمایه‌دار و ده‌وڵه‌ت، له جه‌رگه‌ی كار و به‌رهه‌مهێناندا، له ئارا دایه. له‌و شه‌ڕه نابه‌رابه‌ره‌دا، خاوهنكاران و ده‌وڵه‌ت، نه‌ته‌نیا ته‌ڵه‌فاتی شوێنی كار وه‌ك خۆی ڕاناگه‌یه‌نن، به‌ڵكوو دهشیشارنهوه. ئیداره‌ی كاریش ته‌نیا ته‌ڵه‌فاتی ئه‌و كرێكاره بیمهكراوانه بڵاو ده‌كاته‌وه كه ڕێگایه‌كی بۆ شاردنه‌وه‌یان نییه. كه‌وابوو ئه‌وه‌یكه له ڕێگه‌ی هه‌واڵنێرییه ڕه‌سمیه‌كانه‌وه بڵاو ده‌كرێته‌وه، به‌هێچ شێوه‌یه‌ك، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و حه‌قیقه‌ته دڵته‌زێنه نییه كه له شوێنه‌كانی كار دا، له ئارا دایه. له ئێران هیچ جۆره ئامارێكی ورد و به‌ڵگه‌مه‌ند، سه‌باره‌ت به ژماره‌ی كرێكارانێك كه به‌هۆی پیس بوونی شوێنی كار و نه‌خۆشیه‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو، گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و یان كه‌م ئه‌ندام ده‌بن، بوونی نییه.
ئه‌و ئامارانه‌ی كه به‌شێوه‌ی ڕه‌سمی له‌مباره‌وه بڵاو ده‌كرێنه‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ك جێگای متمانه نین. بۆ نموونه، ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه تێیاندا كرێكارانی ئه‌فغانستانی ده‌بنه قوربانی، له هیچ شوێنێك دا تۆمار ناكرێن. هیچكات، باس له ئاماری گیان به‌خت كردنی كۆڵبه‌ران ناكرێ. هێندێك ڕووداو، له نێوان كرێكار و خاوه‌نكار و بنه‌ماڵه‌ی كرێكاری گیان به‌خت كردوو دا، دێنه ئاراوه و بێگومان به‌رده‌وام به زیانی كرێكار ته‌واو ده‌بێت و ئه‌وانیش له هیچ جێگایه‌ك دا تۆمار ناكرێن. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م ئامارانه‌ش پێمان ده‌ڵێن كه ڕێژه‌ی قوربانییانی شوێنی كار له ئێران به‌رده‌وام ده‌ڕواته سه‌رێ. به پێی هه‌ر ئه‌م ئاماره ناكامڵانه، ساڵانه به شێوه‌ی مامناوه‌ند ٣٠ هه‌زار ڕووداوی شوێنی كار له ئێران‌دا تۆمار ده‌كرێت. له‌م ئامارانه‌دا مه‌رگی پێشوه‌خت و خامۆشی كرێكارانێك كه به‌هۆی كاركردن له شوێنه ناسالمهكانی وه‌ك پێترۆشیمی، مه‌عده‌ن، ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و هیتر كار ده‌كه‌ن و زۆربه‌یان تووشی نه‌خۆشیی هه‌ناسه‌دان، خوێنی، گوارشی، پێستی و پیریی پێشوه‌خت و سه‌ره‌تان ده‌بن، تۆمار ناكرێت.
سێ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌م ڕاپۆرتانه بریتین له: سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی، ئاته‌ش نیشانی و پزیشكی قانوونی. به‌ڵام سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعی ته‌نیا ئه‌و ڕووداوانه تۆمار ده‌كات كه بۆ بیمهكراوان، له شوێنی كاردا ڕوو ده‌ده‌ن. سازمانی ئاته‌ش نیشانیش ته‌نیا ئه‌و ڕووداوانه تۆمار ده‌كات كه له كاتی ڕوودانیاندا به‌و سازمانه سپێردراون و باقیی ڕووداوه‌كانی دیكه له‌به‌رچاو ناگرێت. پزیشكی قانوونیش، لیستی ئامارێكی تایبه‌ت بڵاو ناكاته‌وه، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یكه له لایه‌ن ئۆرگانێكی ڕه‌سمییه‌وه داوای لێكرابێ. ڕووداوه تۆمار كراوه‌كانی سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعیش، له حاڵێكدایه كه به وته‌ی عه‌لی موزه‌فه‌ری، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی لێكۆڵینه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی تهعاوۆن، كار و ڕێفاهی كۆمه‌ڵایه‌تی، “ته‌نیا ١٤ ملیۆن له هێزی كاری ئێران یاسای كاریان به‌رده‌كه‌وێ” كه بڕیاره به پێی یاسا له لایه‌ن سازمانی ته‌ئمینی ئیجتماعییه‌وه پشتیوانی‌یان لێ بكرێ. ته‌نانه‌ت به قه‌بووڵ كردنی ئه‌و حیسابه‌ش، نزیك به ١١ ملیۆن كرێكار، یاسای كار و ته‌ئمینی ئیجتماعی نایانگرێته‌وه. و له ئاكامدا، ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه به‌سه‌ریان دێ له هیچ شوێنێكدا تۆمار ناكرێن.
ئه‌گه‌ر سه‌ره‌نج بده‌ینه ئه‌وه‌یكه به پێی ئامارههكانی ڕێكخراوی جیهانیی كار ٧ هه‌زار و ٥٠٠ كرێكار له ڕۆژدا به‌هۆی ڕووداوه‌كانی كار و پیس بوونی شوێنی كار، گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین كه له بواری ئیمه‌نی شوێنی كاره‌وه ئێران له پله ١٠٢ی جیهانی دایه، ده‌توانین ئه‌وكات به‌وه بگه‌ین كه چ جهمعییهتێك له كرێكاران به‌هۆی ڕووداوه‌كانی شوێنی كار و نه‌خۆشیه‌كانی سه‌رچاوه گرتوو له شوێنی كار له ئێران گیان خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
له ڕاستیدا خاوهنكاران له‌به‌ر قازانج په‌ره‌ستی و ته‌ماعی خۆیان، نه ده‌یانهه‌وێ ئیمه‌نی شوێنی كار باشتر بكه‌ن و نه نیگه‌رانی له‌ده‌ستدان و قوربانی بوونی كرێكارانن، ئه‌وان ته‌نانه‌ت نیگه‌رانی ئه‌وه نین كه كرێكار له ترسی گیانی خۆی واز له كار بێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه ده‌زانن كه له‌شكری بێكاران، له مه‌یدانه‌كانی كار و له‌به‌ر ده‌رگای كارخانه و كارگاكانیان به‌ڕیز بوون و هه‌ركات مه‌یلیان بێت، ده‌توانن كرێكارانی دیكه به‌دیل بگرن و له هه‌مان شوێنی ناستاندارد و نائه‌منی كار، هه‌موو جۆره كارێكی سه‌خت و زیانباریان پێ بكه‌ن. كه‌وابوو كرێكاران خۆیانن كه ده‌بێ بیر له‌خۆیان بكه‌نه‌وه و به پشت به‌ستن به خه‌باتی ڕێكخراو و وشیارانه‌ی خۆیان، خاوه‌نكار و ده‌وڵه‌ت ناچار به دابین كردنی ئیمه‌نی شوێنی كار بكه‌ن. بێگومان، دابین كردنی ئیمه‌نی شوێنی كاریش وه‌ك هه‌موو خواسته‌كانی دیكه، ته‌نیا به زه‌بری خه‌بات، به‌سه‌ر سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌تی پشتیوانیان دا ده‌سه‌پێت.