به نزیک بوونەوە له بهكردهوه دهرهێنانی گهڵاڵهی بەرجام، دەورێکی نوێ لە کێشە جەناحیەکانی نێوخۆی رژیم ئاشکرا کراوە و کێشراوەتە نێو راگەیهنەرەکانیشەوە. بێجگە لە لەحنی توندی هەر یەکەیان، راستیەکەی ئەوەیە کە توند بوونەوەی قەیرانی حکومەتی، لە لایەکەوە نیشانەی خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابووری رژیمە و لە لایەکی دیکەوە دەرخەری نیگەرانی هەر یەک لە باڵەکانە لە چارەنووس و مانەوەی رژیمی کۆماری ئیسلامی. ئەوان نیگەرانی ئەوەن کە بە ئیجرای بەرجام و بەکردەوە دەرنەهاتنی ئەو وەعدە و بەڵێنانەی کە بە خەڵکیان داوە، کاسەی سەبەری جەماوەری خەڵک لێوڕێژ بێت.قەبوڵ کردنی شکست و تەسلیم بوونی سەرشۆڕانە، بەڵام چارهەڵنەگری کۆماری ئیسلامی لە وتووێژە هەستەییەکاندا کە هەموو باڵەکان و شەخسی خامنەییش ملیان بۆ کەچ کرد، باڵەکانی رژیمی وادار کردووە کە هەرکامە و ئەویتر تاوانبار بکات و هێرشی بکاتەسەر. لەم نێوانەدا خامنەییش کە ئاکامی وتووێژەکانی قەبوڵ کردووە، هەوڵئەدات بە هەڵوێست گرتنی ناکۆک هێندێک جار بۆ پشتیوانی لە دەوڵەت و هێندێک جاریش لە موافقەت لەگەڵ باڵی ئوسولگەرادا قەیرانە حکومەتیەکە مودیریەت بکات. بەڵام ئاستی زەرفیەتەکانی خامنەیی بۆ گێڕانی ئەم رۆڵە دابەزیوە. خامنەیی لە جەریانی موزاکراتی هەستەییەدا گەلێک جار هێڵی سوری دیاری کراو لە لایەن خۆیەوەی بەزاندوە. لەژێر ئەم بارودۆخەدا بۆ هەردوو باڵی نێو دەسەڵاتی رژیم کە بەرژەوەندی خۆیان لەم کێشمەکێشانەدا دەبینن تێپەڕین لەم هێڵە سوورانەی دیاری کراون لە لایەن خامنەییەوە کردوەتە بابەتێکی ئاسایی.ئەوەی کە بەناوی تەوافوق لە وتووێژە هەستەییەکاندا بەسەر کولیەتی رژیمدا سەپاوە و دەبێ بەپێی گەڵاڵەی “بەرجام” بەکردەوە دەربێت، لەگەڵ بەشێک لە قازانج و بەرژەوەندیەکانی مافیای ئابووری سپا و هێزە ئەمنیەتیەکان و ناوەند و دەزگا پان و بەرینەکانی باڵی ئوسولگەرادا نایەتەوە. بەڵام بەپێی ستراتیژی دەوڵەتی رۆحانی و بەرەی ئیسلاح خوازانی حکومەتی بۆ دەرێژەدان بە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی چارەیەک بێچگە لە ئاسایی بوونەوەی مناسبات لەگەڵ رۆژئاوا و تێکەڵ بوونی لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری جیهانیدا بوونی نییە و خۆی ناچار بە رهعایەت کردنی مەرجەکانی رۆژئاوا دەزانێت. هەڵبەت لەم نەبەردەدا قودرەتی هەڵوێست گرتنی ناکۆک و دوو فاقی خامنەیی لە لایەن هەردوو باڵەکەوە ئیستیفادەی لێدەکرێت.
خامنەیی رۆژی ١٠ی مانگی خەزەڵوەر لە دیدارێکدا لەگەڵ جەواد زەریف و سەفیر و کاردارانی رژیم وێڕای ئاماژە بە ئامانجی ئامریکا لە وتوێژە هەستەییەکاندا وتی: “سیاسەتی دەرەوەی ئێران سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانەیە و ئاکامی ئیجرای ئەم سیاسەتە بۆتە هۆی زیاتر بوونی ئیقتیدار و بەرز بوونەوەی پێگەی وڵات و عیزەت و ئیعتیباری ئێرانیەکان.” تەئیدی سیاسەتی دەرەوەی رژیم لە لایەن خامنەییەوە بۆ باڵی دەوڵەت بە مانای رهزامهندیهتی لەگەڵ ئاکامی وتووێژەکان و تەرحی بەرجام. بەڵام ئەو رۆژێک دوای ئەوە روو له سپای پاسداران و هێزە ئەمنیەتیەکان باسی لە مەترسی نفوزی ئابووری دوژمن کرد و داوای لە فەرماندەکانی سپا کرد بابەتەکان بە وردی هەڵسەنگێنن و بیانناسن. ئەم قسانە بۆ باڵی محافەزەکار و فەرماندەکانی سپای پاسداران ئیجازەیەک بوو بۆ هێرش کردنە سەر باڵی بەرانبەر و بە خێرایی و بە دوایدا مەحەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سپا بە بەناو “هەست کردنی قووڵ بە مەترسی نفوزی دوژمن” و بۆ بەرەنگار بوونەوەیان بە “هەوڵی سەربازانی گومنامی ئیمامی زەمان” یان هەمان بەکرێگیراوانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستی کرد بە گرتنی رۆژنامەنووسان. ئیتلاعاتی سپا لە راگەیاندراوێکدا گیرانی رۆژنامە نووسانی بە گرتنی”تۆڕێکی نفوزی دوژمن” راگەیاند. بەمجۆرە دەرکەوت کە دوژمنی کۆماری ئیسلامی و مەبەستی خامنەیی لە جەخت کردنەوە لەسەر وشەی نفوز و رەسەد کردن و شناسایی دوژمن چیە و ترسی دەزگای ویلایەت لە چیە.
ئەمە یەکەم جار نییە کە خامنەیی بە سەفسەتە بازی و هەر جارە بە بەکارهێنانی عیبارەتێک و تەحریک کردنی هێزە سەرکوتگەرەکان بواری توند کردنەوەی سەرکوت و گرتن و زیندانی کردن فەراهەم دەکات تا وێڕای شاد کردنی باڵی ئوسولگەرا، بە دروست کردنی فەزای ترس و وەحشەت بەر بە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکی وەگیانهاتوو بگرێت. هەر کاتێک کۆماری ئیسلامی لە ئیجرای سیاسەتەکانیدا توشی شکست و ناکامی بووە، خامنەیی پیلان و سیناریۆیەکی لەم شێوەی دروست کردوە. لە ساڵی ١٣٨٨یشدا کاتێک کە سپای پاسداران بە یارمەتی خامنەیی و باڵی ئوسولگەرا دەستیاندایە کودهتای هەڵبژاردن و بەرەوڕووی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک بونەوە، خامنەیی دیسان بە شگردی دۆزینەوەی “پیلانی شەڕی نەرمی دوژمن” هاتە مەیدان. مانگێک لەوە پێشیش کاتێک کە رژیم نیگەرانی ئاسەوار و کاردانەوەی خەڵک سەبارەت بە ئیجرای تەرحی خفەت باری “بەجام” بوو، خامنەیی رایکرد بۆ بینینی بەرپرسانی سەدا و سیما و هۆشداری پێدان تا وریای تەبلیغاتەکانیان بن و لەدژیان تەبلیغات نەکەن. ئەو نوێنەرەکەی نارد بۆ مەجلیس تا ئەم تەرحە بەخێرایی و بەبێ قسە لەسەر کردن پەسهند بکەن. بەڵام دیسانیش لەبیری نەچوو کە مەترسی “شەڕی نەرمی دوژمن” وەبیر ئەوان بێنێتەوە کە لە روانگەی ئەوەوە بەدوای لاواز بوونی کۆماری ئیسلامی و گۆڕانی تەیفێکی بەرین لە باوەڕە دینی، سیاسی و فەرهەنگیەکانی لاوان و نوخبەکاندان.
هەڵبەت ترسی خامنەیی لە شەڕی نەرم بێ جێ نییە. بەڵام دوژمنانی جێی سهرنجی، نەک کەسان و دەوڵەتانی دەرەکی و بێگانە بەڵکوو لە راستیدا کرێکاران، لاوانی بێکار و وەگیانهاتوو لە حاکمیەتی نەکبەتباری کۆماری ئیسلامی، کچان و ژنانی سوکایەتی پێکراو و بێ مافی کۆمەڵگە، رووناکبیران و خوێندکاران و موعهلیمان، پەرهستاران، کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان و باقی توێژە زەحمەتکێشەکانی خەڵکن. ئەوان ماهیەتی نیزامی دیکتاتۆڕی ئیسلامی سەرمایەیان بە باشی هەست پێکردووە. باوەڕی دینی و فەرهەنگی خورافە و کۆنەپەرستی سەرەڕای هەوڵی ٣٥ ساڵەی دەزگا پان و بەرینەکانی خەڵەتاندن و فریودانی خەڵک بە سەرف کردنی سەدان میلیارد دۆلار لە سەروەتی گشتی، نەیتوانیوە بیکاتە فەرهەنگ و باوەڕی لاوان و خەڵکی کۆمەڵگا و کۆماری ئیسلامی لە گەیشتن بەم ئامانجە ناکام ماوەتەوە.
بەڵام ناکۆکی و کێشمەکێشەکانی نێوان باڵەکانی رژیم سەبارەت بە ستراتیژی مانەوەی رژیم و زەمانەت کردنی بەرژەوەندیەکانیانه و هیچ پێوەندیەکی بە بەرژەوەندی خەڵکەوە نییە. سهرتاپای کۆماری ئیسلامی بە هەموو باڵەکانیەوە دوژمنی خەڵکن. رۆحانی کە لە ئێستادا لەگەڵ ئوسولگەراکان و بەیتی رێبەریی توشی کێشە بووە، خۆی یەکێک لە مۆرە ئەمنیەتیەکانی جێی باوهڕی ئەم نیزامە کۆنەپەرستەیە. ئەویش شەریکی گشت بەند و بەست و جەنایەتکانی ئەم ڕژیمەیە لەدژی خەڵک. تا کاتێک کە ئەم نیزامە هار و خۆرافەی سەرمایەی ئیسلامی بەسەر پێوەیە، خەبات بۆ رووخاندنی سەرجەم باڵەکانی درێژەی هەیە.