کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاكامی سوود و زیانه‌كانی به‌رجام بۆ كۆماری ئیسلامیی

ڕۆژی هەینی ١٣ی مانگی ئۆکتۆبر، بەرابەر له‌گه‌ڵ ٢١ی ڕەزبەر، دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێبەند نەبوونی کۆماری ئیسلامیی بە رۆحی بەرجامەوەی ڕاگەیاند، بەڵام لە چوونە دەر لەو پەیمان نامەیە خۆی بوارد. ترامپ داوای لە کۆنگرە کرد تا هەڵوێستی سەختگیرانە تر سەبارەت بە ڕێككه‌وتنی نێونەتەوەیی و ” کرداری تیرۆریستی” کۆماری ئیسلامی بگرێت. کۆنگرە ٦٠ ڕۆژ دەرفەتی هەیە تا لەم بارەیەوە هەڵوێست و بڕیارەکانی ڕابگەیەنێ. ترامپ لە کۆتایی قسەکانیدا لە كۆشكی سپی، لە وڵام بەم پرسیارە کە بۆچی هەر ئێستا کۆتایی هاتنی بەرجام ڕاناگەیەنێت، وتی، ” هەر کاتێک بمەوێ دەتوانم بەرجام هه‌ڵوه‌شێنمه‌وه‌. لە ماوەیەکی کورتدا چاوه‌روان ده‌بین كه‌ کۆنگرە هیچ کردارێک لەخۆی پیشان ئەدات یان نا؟ ئەگەر نەیکرد بەرجام تێکئەدەین”.

ترامپ داوای لە وەزاڕەتی دارایی ئه‌مریكا کردكه‌ سپای پاسداران وەک پشتیوانی تیرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەحریم بکات. ئەو کەنداوی فارسی بە کەنداوی عەرەبی نیو برد و بوو بە هۆی ڕەزامەندی زیاتری عەرەبستانی سعودی و چەند ئەمیر نشینێکی کەنداو. دەوڵەتی سەرکوتگەر و ڕەگەز پەره‌ستی ئیسڕائیلیش پێشوازی لە هەڵویستی نوێی سەرۆک کۆماری ئەمریکا کرد. بەڵام بەرپرسانی دەوڵەتی لە وڵاتانی ئۆرووپایی پێبەند بوونی خۆیان بە بەرجامەوە دووبارە کردەوە. دەوڵەتی رووسییە ڕخنەی لە هەڵوێستی ڕاگەیەندراوی ترامپ گرت. بەرپرسانی “چین”یش لە قسەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا نیگەرانن لەبەر ئەوەی هێندێک لە شیرکەتە تۆمار کراوەکان لەم وڵاتەدا چەند قەراردادێکیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و شیرکەتە ئێرانیەکاندا بەستووە و لەهەوڵی پەرەدان بە پێوەندی ئابووری خۆیان بوون و هەن لەگەڵ ئەم ڕژیمەدا.

هەڵوێستی نوێی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ کۆماری ئیسلامیی کۆمەڵێک سوود و زیانی هەیە. لە روانگەیەکی گشتییەوە هەڵوێستی نوێی زاڵ بەسەر کابینەی ئەمریکادا کۆماری ئیسلامیی لە باری ئابوورییەوە دەخاتە ژێر گوشاری زۆرەوە. بەر لە هەموو شتێک و لە ڕوانگەی ئابوورییەوە سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت و هەروەها باندی ئێعتیدالیون بە هۆی ئەو هەڵوێستەوە توشی زەرەر دەبن. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی بلومبێرگ، لەماوه‌ی ٢١ مانگێکدا کە لە کاتی هەڵپەساردنی گەمارۆکانی سەر ئێران بە هۆی بەرجامەوە تیدەپەڕێ، سەرمایە گوزارانی مایل بە چوون بۆ نێو بازاڕی ٨٠ ملیۆن کەسی ئەم وڵاتە به‌ نیشانەیەک لە ئەمن بوونی بازاڕی ئەم وڵاتە نیشاندرا كه‌ له‌ ئابووری ئێراندا چالاک بن. بەڵام قسەکانی دۆناڵد ترامپ سەلماندی کە ئەوان جارێ دەبێ چاوەڕوان بن. ئەم قسانە لەسەر شیرکەتێکی وەک بوئینگیش کاریگەری دەبێت.245

شیرکەتی فڕۆکەوانی بوئینگ کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دوو قەراردادی فرۆشتنی چەندین فەروەند فرۆکەی بە ئیرلاینی ئێرانی واژۆ کردووە، هێشتا پرۆسەی وەرگرتنی ئیجازەی قەراردادی ٣ ملیارد دۆلاری خۆی لەگەڵ شیرکەتی ئاسمان ی ئێران تەواو نەکردووە. خۆ بواردنی ترامپ لە تەئیدی پێبەند بوونی ئێران بە بەرجامەوە کاریگەری خێرای لەسەر تەواو بوونی سفارشاتی شیرکەتی ئاسمان دەبێت. بەڕێوەبەرانی شیرکەتی بۆئینگ وتوویانە کە ئەوان هەروا پەیڕەوی لە دەستوورەکانی دەوڵەتی ئەمریکا دەکەن لە بواری معامەلات لەگەڵ ئێراندا.

هێندێک لە شیرکەتەکانی سەربە جنڕاڵ ئیلیکتریکیش خاوەنی بەرژەوەندی توجاڕین لەگەڵ ئێران. لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانەی پێشکەش کراون، هێندێک لە شیرکەتەکانی سەربە جنڕاڵ ئیلیکتریک لە بواری نەوت و بەرهەمهێنانی بەرقدا کۆمەڵێک سفارشی بە ئەرزشی نزیک بە ١٨ ملیۆن دۆلار لە ئێران قەبوڵ کردووە.

گۆڕەپانی تەئمینی ماڵیش ئەگەری هەیە بە توندی بکەوێتە ژێر کاریگەری بڕیاری ڕۆژی هەینی ترامپەوە. لە حاڵێکدا کە شیرکەتەکانی هەوانەوەردی و وزە ڕەنگە مایل بە بازرگانی لەگەڵ ئێران بن، بە لەبەرچاو گرتنی ئەم کەشە ئالۆزە، بانکەکان لە ئێستادا زۆر زیاتر لە ڕابردوو سەبارەت بە هاوکاری لەگەڵ ئێران بێ مەیلن. کاترین باور، یەکێک لە کاربەدەستانی پێشوی وەزارەتی دارایی ئەمریکا لە دەوڵەتی ئۆبامادا وتی:” ئێران نەیتوانیوە سەرلەنوێ بێتەوە نێو نیزامی بانکی نێونەتەوەیی و بانکە گەورە نێونەتەوەییەکان ڕازی بە هاوکاری لەگەڵ خۆیدا بکات. ئەوان نەیانتوانیوە لە بانکە چکۆلەکان لە ئۆرووپا فاینانس وەربگرن، بەڵام ئەوان بەڕاستی پێویستیان بە سەرمایەگوزاری هەیە.”

لە ئێستادا زۆرێك لە دامەزراوە حوقوقییەکان بە مشتەرییەکانیان دەڵێن کە ئەو قەراردادانەی کە ئیمکانی گۆڕینی مەسیری خێرایان تێدا بەدی دەکرێت دەتوانن ئەمن بن، بەڵام ئەوان دەبێ خۆیان لە هەموو جۆرە قەراردادێکی سەرمایەگوزاری درێژ ماوە لە ئێران بپارێزن.

ئەم بارودۆخە جارێکی دیکە ئەو ئیمکانە بە مافیای ئابووری سپای پاسداران ئەدات تا لە کورت ماوەدا و زیاتر لە ڕابردوو، ئابووری گەندەڵی ڕژیمی ئیسلامیی بە ئاڕاستەی بەرژەوەدنییەکانی خۆیدا بەرێت و لە درێژ ماوەدا گورزی قورستری لێبدات. بەڵام بڕیاری ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا، کە خۆی گەورە ترین تیرۆریست بووە لەنێو دەوڵەتاندا و لە وێران کردنی عێڕاق، ئەفغانستان، سوورییە و لیبیدا دەوری ئەساسی هەبوە و شارۆمەندانی کوشتووە، بە زیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش دەبێت لە ئێران. ئەم هەڵوێستە ئیمکان بە کۆماری ئیسلامیی ئەدات تا بە بیانوی زیاتر بوونی دوژمنایەتی ئەمریکا گوشاری ئابووری زیاتر بخاتە سەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و هەڵسوراوانی ئەوان زۆر تر سەرکوت و ئازار بدات. سەرانی کۆماری ئیسلامیی دەرفەتیان دەبێت تا لە سێبه‌ری تەبلیغاتێکی بەریندا کە خستویانەتە رێ و دەیخەنه‌ رێ ناکۆکیەکانیان زیاتر لەپێشو لە خەڵک بشارنەوە و بۆ چارەسەرکردنیان بە شاراوەیی هەوڵ بدەن.

بەو هۆکارانەی باسیان کرا هەڵوێستی ڕاگەیەندراوی ترامپ لە ٢١ ی مانگی ڕەزبەردا بە زیانی خەڵکی ئێرانە و شادی ئۆپۆزسیۆنی لیبڕاڵ و ناسیۆناڵیست لە جۆری ئێرانی و کوردستانییەکەی دەرخەری دژایەتی بەرژەوەندی ئەوان لەگەڵ قازانج و بەرژەوەندی خەڵک دایە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دەوڵەتی ئەمریکا نایەوێ کردارەکانی کاریگەریەکی وەها لەسەر کۆماری ئیسلامیی دابنێت کە کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز لێی سودمەند بن. ئامانجی بۆرژوازی ئەمریکا و دەوڵەتی ڕەگەز پەرستی کۆنترۆڵ کردنی ئەو کردارانەی کۆماری ئیسلامییە کە بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و بە زیانی حکومەتەکانی ئیسڕائیل و عەرەبستانن. بەڵام هەر ئەم بۆرژوازی و دەوڵەتە هەر کاتێک بزانێ گوشارەکانی بە قازانجی خەڵکی ئازادیخواز و ئەو لایەنانە تەواو دەبێت کە خوازیاری ڕووخاندنی ڕژیمن بە خێرایی ڕایاندەگرێت و تەنانەت دەست دەکات بە هاوکاری کردنی کۆماری ئیسلامیی لە بەرانبەر خەڵکدا.