کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ئازادی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی خەباتکار، ڕەزا شەهابی، حەسەن سەعیدی و کەیوان موهتەدی، لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران پیرۆز بێت

46050675ffae3c085c5293342e9e2978

ئازادی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی خەباتکار، ڕەزا شەهابی، حەسەن سەعیدی و کەیوان موهتەدی، لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران پیرۆز بێت

ڕۆژی یەکشەممە، یازدەی خەرمانان، “سەندیکای کرێکارانی شیرکەت واحید” لە ڕێگەی ڕاگەندنێکەوە هەواڵی ئازادبوونی حەسەن سەعیدی و ڕەزا شەهابی، لە ئەندامانی ناسراوی سەندیکای کرێکارانی شیرکەت واحید و کەیوان موهتەدی، نووسەر، وەرگێڕ و هەڵسووڕاوی کرێکاریی لە زیندان، بڵاو کردەوە. سەفەری دوو چالاکوانی یەکێک لە سەندیکا کرێکارییەکانی فەڕانسە “سیسێل کۆهلەر” و “جاک پاری”ی هاوسەرەکەی بۆ ئێران و پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ هەڵسووڕاوانی سەندیکای کرێکارانی نێوخۆی وڵات، بیانوویەک بوو بۆ ئەم پەروەندەسازییە بێبنەمایەی دام و دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەو هەڵسووراوە سەندیکاییانەدا. ڕەزا شەهابی چەند مانگ پاش لە دەستگیرکردنی، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١، لە نامەیەکی سەرئاواڵەدا، پەروەندەسازیی ڕسوای دامودەزگا ئەمنییەکان و درۆ و دەلەسە و پروپاگاندای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی سەر بە دەسەڵاتی لە دژی خۆی و هاوکارەکانی ئاشکرا و ئیدانە کردبوو. خۆڕاگریی ئەم تێکۆشەرە سەندیکاییانە لە زیندانیشدا، لاپەڕەیەکی درەوشاەی تری لە ورەی شۆڕشگێڕانە و بوێری خەباتگێڕانەیان نیشان دەدات.

ڕەزا شەهابی هەر لە سەرەتای چوونە ناو زیندان، بە خۆبواردن لە پۆشینی جلوبەرگی زیندان، کە بە جۆرێک لە سزای زیندان دادەنرێت، خۆڕاگریی بەرامبەر بە گوشار و زەخت و زۆری زیندانبانانی ڕێژیم دەستیپێکرد. ئەو دواتریش گەلێک جار سەبارەت بە پرسە گرنگە سیاسییەکان لە ڕێگەی بەیاننامە و ڕاگەیاندنی تاکەکەسی و بەکۆمەڵەوە (لەگەڵ زیندانییە سیاسییەکانی دیکە) خەباتی خۆی لەپێناو دیفاع لە ئازادی، دێموکراسی و بەدیهێنانی مافە سەرەتاییەکانی چینی کرێکار و ڕزگاریی کۆمەڵانی خەڵک لە چنگ حکوومەتی سەرەڕۆی دەسەڵاتدار لە ئێران، درێژە پێدا. ڕەزا شەهابی و حەسەن سەعیدی بە هۆی خۆڕاگریی قارەمانانەیان تا ساتی ئازادبوونیان لە زیندانی ئێڤین، لە زۆرێک لە مافەکانی زیندانیانی سیاسی، لەوانە مافی بەهرەمەند بوون لە چاوەدێری پزیشکی و وەرگرتنی مەرەخەسی و هتد، بێبەش بوون.

هەروەها کەیوان موهتەدی چالاکی مافی کرێکاران و منداڵانی کار و هاوژین و هاسەنگەرەکەی واتە ئانیشا ئەسەدوڵڵاهی، هەڵسووڕاوی شێلگیری بزووتنەوەی کرێکاری و ژنانیش کە لە ١٩ی گوڵانی ١٤٠١دا دەستبەسەر کران، لە زومرەی کەسایەتییە ناسراو و خۆشناوەکانی بزووتنەوەی کرێکارین. ئەوانیش بەش بەحاڵی خۆیان هەر لە ساتەوەختی چوونە ناو زیندانەوە، لەسەر درێژەیان بە خەبات و خۆڕاگریی بەردەوام بوون. ئانیشا ئەسەدوڵڵاهی تا ئێستاش لە بەندی ژنانی سیاسی زیندانی ئێڤین دا خەریکی تێپەڕکردنی ئەو سزا قورسەیە کە بەناڕەوا بەسەریدا سەپێندراوە و یەکێکە لەو تێکۆشەرانەی کە بە بەشداریی هەڵسووراوانەی لە ناڕەزایەتی قارەمانانەی ئەو بندە، لاپەڕەیەکی درەوشاوەی لە مێژووی خۆڕاگریی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا تۆمار کردووە.

ئێمە ئازادبوونی ڕەزا شەهابی، حەسەن سەعیدی و کەیوان موهتەدی لە زیندانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە بنەماڵە و دۆست و هاوڕێیانیان لە سەندیکای کرێکارانی شیرکەت واحید، پڕبەدڵ پیرۆزبایی دەکەین. بە هیوای ئەو ڕۆژەی کە بە هیممەتی ناڕەزایەتییە جەماوەری و شۆڕشگێڕانەکان، دەرگای زیندانەکانی سەرەڕۆیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تێک بشکێنرێت و سەرجەم زیندانیانی سیاسی بە چەپکە گوڵێکی کە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە بەرۆکیانەوە هەڵدەواسن، لەسەر شان و پیلی جەماوەری ڕاپەڕیو و بە سەربەرزی و شانازییەوە، بگەڕێنەوە ناو باوەشی گەرمی بنەماڵە و هاوڕێیانیان. ئەگەرچی ئەو ڕۆژە زۆر دوور نییە، بەڵام پێویستە بەردەوام و بێ پسانەوە هەوڵ و تێکۆشانی خۆمان لەپێناو ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسیدا دەرێژە پێبدەین.

بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و  حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

دووشەممە ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٣/ ٢ی سێپتامبری ٢٠٢٤