ڕۆژی شەممە ٢٩ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی «خەلیفان» سەر بە نەغەدە بە ناوی «مەنسوور عەبدوڵڵازادە» تەمەن ٤١ ساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، ئەو هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو. ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کرابوو. ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، مەنسوور عەبدوڵڵازادە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناوبراو زانیارییەکی دەقیق لەبەر دەستدا نییە.
