کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

 ئازادی ئاراستەکراو، یان خەفەقانی ئیسلامی.؟

photo 2022 07 10 09 57 21

ئەحمەد عەلەمولهودا نوێنەری خامەنەیی لە خۆراسانی ڕەزەوی و ئیمام جوموعەی مەشهەد دەڵێت پێویستە وڵات لە کەشێکیکەربەلاییدا بپارێزرێت“. ناوبراو هەروەها دەڵێ کەسانێک کە بیانهەوێ لەم وڵاتەدا بژین، دەبێ ئەوە بزانن کە ئازادی لەم وڵاتەدا نەتەنیا ئازادییەکەی ڕەها و بێ سەرەوبەرە نییە، بەڵکوو ئازادییەکی ئاراستەکراوە.

عەلەمولهودا ئاخووندێکی گەندەڵ و بێڕەحمی کۆماری ئیسلامییە. ئەو بەهۆی ئەم تایبەتمەندییە و هەروەها بەهۆی بوونی پێوەندییەکی نزیک لەگەڵ خامەنەیی وەک نوێنەری ئەو لە خۆراسان، خەزووری سەرۆک کۆمار و ئەندامانی ڕێبەریی ئێعدامەکانی شەست و هەشت، پشت ئەستوورە بە ئیمپراتۆرییەکی عەزیمی ماڵیی. ئەم کەسە بە کەڵکوەرگرتن لە تریبۆنی نوێژی جومعە و هێزی ئیداریی و تەبلیغاتیی، ڕۆژ نییە تووندوتیژی ئیسلامی ئەويش لە دزێوترین ڕواڵەتیدا نیشانی خەڵک و کۆمەڵگا نەدات.

ئەم ئاخووندە فرەوێژ و کۆنەپەرستە کە بازرگانی لەشفرۆشی ئیسلامی، یان سیغەش ڕێبەرایەتی دەکات، ڕۆژێک داوا لە ژنان دەکات کە بەشێوەی کاتی خۆیان لە زیارەتکارانی ئایینی مەشهەد مارە بکەن، ڕۆژێکی تر بەر بە کۆنسێرتی مووزیک و شانۆی فیلم دەگرێت، زۆرجار لات و چەقۆکێشەکان بەردەداتە گیانی ژنانی بەدحیجاب و بێ حورمەتی بە لاوان و وەرزشوانان دەکات.

بازرگانی دین و دزی و تاڵان و بڕۆ بەناوی ئایینەوە لە شارە ئایینییەکان، بۆتە ئیمپراتۆرییەکی عەزیمی ماڵیی کە بەسەدان شیرکەت و ناوەندی ئابووریی لە ئێران و وڵاتانی ئاسیای ناوەند بەڕێوە دەبات. داهاتی ئەم شیرکەتانە جگە لە سەروەتێکی هەزاران ملیاردی بۆ ئاخووندەکانی وەک خامەنەیی و عەلەمولهودا، بەشێک لە هەزینە و تێچووەکانی دام و دەزگای فریو و سەرکوتیش دابین دەکات. دەزگای سەرکوت و فریوی حکوومەتی ئیسلامی لە نیزامی و ئەمنییەتییەکانەوە بگرە هەتا ئەشکەنجەگەران و زیندانوانەکان، لە ئیمپراتۆریی درۆی تەبلیغاتیی هەتا لەشکری ئاخووندەکان و پڕوپاگەندەکارانی ئایینی، هەموویان لەخزمەت تێکشکاندنی ئیرادەی جەماوەر بۆ ئاڵ و گۆڕ و ڕووخاندنی ڕژێم و بەچۆکدا هێنانی خەڵکدان، کە عەلەمولهودا نموونەی هەرە دزێو و حاشاهەڵنەگرێتی.

ئازادی ئاراستەکراو لە ئەشکەنجەگاکان، لە ماشێنەکانی گەشتی ئیرشاد لەدژی ژنان و لەسەر شەقامەکان، لە کوشتاری کۆڵبەرانی کوردستان و سوختبەرانی سیستان و بلوچستان، لە قەتڵی عامی عەرەبەکانی خوزستان و سەرکوتی کرێکاران و زەحمەتکێشان، تەقە کردن لە کەشاوەرزانی ئیسفەهانی و تووندوتیژی لەدژی لاوان و خوێندکاراندا خۆی نیشان دەدات.

ئازادی ئاراستەکراوی ئیسلامی سیاسیی، بەواتای داخستنی ڕۆژنامەکان، فیلتێرکردنی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان و نووسەران، سانسۆڕ و پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی کتێب و بڵاوکراوەکان، زیندانیکردنی سینەماگەران و خەفەکردنی هەر دەنگێکی نەیاری کۆماری ئیسلامییە.

ئەوەی کە لەماوەی چواردەیە دەسەڵاتدارییەتی ئیسلامیدا پتر لە هەر شتێک خۆی نیشانداوە، نەبوونی ئازادی و بێگانەبوون لەگەڵ نەبوونی ئاراستەکردن و بەڕێوەبردن بووە. بەڕێوەبردنی ئیسلامی، ئابووری ئێرانی تووشی داڕمان کردووە، بێکاری و گرانی گەیاندۆتە لووتکە و ژینگەی لەناو بردووە، ئیعتیاد و هەژاری و تووندوتیژی و ماڵوێرانی پەرەپێداوە، پتر لە هەشت ملیۆن کەسی ناچار کردووە کۆچ بکەن و وڵات جێ بهێڵن و گەندەڵی جێگیر کردووە و دزی بەهەزاران ملیاردی ئاخووندەکان و بەرپرسانی سپا و هێزە ئەمنییەکان بۆتە بەشێک لە پێناسەی ئەم دەسەڵاتە.

بەڕێوەبردن و ئاڕاستەکردنی ئیسلامی بۆتە شەڕ و هەناردەکردنی تیرۆریزم، سەرکوت کردن لەناوخۆدا و زیندانێکی گەورە بۆ موعەلیمان، ژنان، خانەنشینکراوان، جەماوەری خەڵکی کوردستان، کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، کرێکاران و زەحمەتکێشانی شار و دێهاتەکان.

عەزم و ئیرادەی لێبڕاوانەی جەماوەر بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەو دەسەڵاتە ئیسلامییە ستەمکار و چەوسێنەرە، کە دوژمنی سەرسەختی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە، وڵامێکی مێژوویی دەبێت بە باندە جینایەتکارەکانی دەسەڵاتدار لە ئێران.