کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئازادیی چالاکانی ژینگەپارێز، بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات لەسەر بەستێنی لاوازتربوونی ڕژیم

ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوە، حوجەت کرمانی، پارێزەری بەرگریکاری سپێدە کاشانی، هومەن جەوکار، تاهیر قەدیریان و نیلوفەر بیانی، چوار کەس لە چالاکانی ژینگەپارێز کە لە ساڵی ١٣٩٦ەوە لە ئێران زیندانی کراون، ڕایگەیاند کە بەم زووانە ئازاد دەکرێن. ئەم زیندانییە سیاسیانە بەشێک بوون لە ٥٥ چالاکی ژینگەپارێزی کە لە مانگی ڕێبەندان و ڕەشەمەی ٩٦ەوە دەستبەسەر و زیندانی کرابوون. دوکتۆر کاووس سەید ئیمامی یەکێک بوو لەو دەستبەسەر کراوانە کە جەلادانی ئیتلاعاتی سپا لەژێر ئەشکەنجەدا کوشتیان بۆ ئەوەی ئەوانی تر ئەو دانپێدانانە ساختانەی کە ئەم ئۆرگانە سەکوتگەرە مەبەستی بوو، سەبارەت بە سیخوڕ بوون، دووپات بکەنەوە. ژمارەیەک لەو دەستبەسەرکراوانە کەسانێکی دیار و ناسراو بوون کە سپا بە ئاسانی نەیدەتوانی هەرچۆنێک بیهەوێت لەگەڵیان هەڵسوکەوت بکات. تاهیرقەدیریانلەلایەنیونسکۆوەوەکزانایەکیلاویساڵی٢٠٠٨هەڵبژێردرا

بوو. نیلۆفەر بیانی وەک کارناسی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان کاری دەکرد. هومەن جەوکار بەرپرسی پڕۆژەی نێودەوڵەتی پاراستنی چیتای ئێران بوو. سپێدە کاشانی پسپۆڕی نوخبەی زانکۆی ژینگە بوو. ئەمیر حسێن خالقی یەکێک بوو لە چالاکانی دیاری ژینگەپارێزی، کە توانیبووی خاوەن ئاژەڵەکانی ناوچە پارێزراوەکان ڕازی بکات کە ئاژەڵەکانیان لەو ناوچانە دوور بخەنەوە. موراد تاهباز بازرگانێکی خاوەن دوو ڕەگەزنامە بوو کە تەواوی سەرمایەکەی خۆی لەپێناو پاراستنی ژینگە و گیانلەبەرە کێوییەکانی ئێراندا خەرج کردووە. موحسین ئیسلامی پسپۆڕی نوخبەی شیمی ژینگە و پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان و مامۆستای یاریدەدەری زانکۆ، کە ڕاپۆرتە کارناسیەکانی پەیوەندیدار بە کاریگەرییە خراپەکانی دروستکردنی بەنداوی گەتوەند لەلایەن ئەوەوە نوسرابوو. کاوە مەدەنی دکتۆری ژینگە و جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەشی ژینگەی ئێران بوو. دوابەدوای گیان لەدەستدانی دوکتۆر کاووسی لەژێر ئەشکەنجەدا، ناڕەزایەتییەکی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوە سەبارەت بە دەسبەسەرکردنە بەکۆمەڵ و هەڕەمەکییەکانی سپا بەڕێوە چوو. ئەو ناڕەزایەتیانە هێندە بەربڵاو و کاریگەر بوون کە کابینەی ڕوحانی و سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزەکەی و هەروەها بەشێک لە ئەندامانی مەجلیسی ناچار کرد کاردانەوەیان هەبێت.

عیسا کەڵانتەری، سەرۆکی ئەوکاتی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ئێران، مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧، لە کاردانەوە بە دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی ئەو چالاکوانانەی کە لە زستانی ٩٦ بەدواوە دەستبەسەر کرابوون، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی کەلیژنەیەکی چوار کەسیلە دەوڵەتدا گەیشتبووە ئەو ئاکامەی کە هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر لە دژی ئەو هەڵسووڕاوانەی ژینگە کە بەتۆمەتی سیخوڕیدەستگیر کراون، بوونی نییە. عیسا کەڵانتەری لە درێژەی قسەکانیدا وتی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو کەسانە بەبێ تاوان دەستگیرکراون. ناوبراو باسی لە بوونی تاقمێکی بەهێز، بە وتەی ئەوگرووپی فشارلەناو حکوومەتی ئێراندا کرد کەدەسەڵاتێکی زۆریان هەیەبەڵام زۆر بەکەمیگفتوگۆدەکەن. بەڵام سەرەنجام، خەبات و خۆڕاگرییە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆ، کە لە ڕێوڕسمەکانی نەورۆز و ڕۆژوو خواردندا گەیشتنە لوتکە، قووڵبوونەوەی قەیران و ململانێ ناوخۆییەکان و شکستی سیاسەتەکانی دەرەوە، ناوەندی سەرەکی دەسەڵاتی لە کۆماری ئیسلامی و ئۆرگانە بەڕواڵەت بەهێزەکانی، بەچۆکدا هێناوە. ئەم ڕژیمە بێشەرمە لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٦ەوە پڕوپاگەندەی سیخوڕبوون لە دژی ئەو هەڵسووڕاوە زیندانیانە دەکات، بەڵام ئێستا ناچارە هەنگاو بە هەنگاو دەست لە پەروەندەسازییەکانی هەڵبگرێت.

کۆماری ئیسلامی کە وەک ڕژیمێکی ڕسوای بارمتەگر و دز و ڕێگری نێودەوڵەتی ناسراوە، ساڵانێکە ئێرانییەکانی خاوەن دوو ڕەگەزنامە و هەروەها بەشێک لە گەشتیارە ئوروپاییەکانی بەمەبەستی باج وەرگرتن بە بارمتە گرتووە و زۆرترین ستەم و ئازار و ئەشکەنجەی لە دژی ئەوان بەکارهێناوە. زیندانیکردنی چالاکانی ژینگەپارێز کە زۆربەیان ڕەگەزنامەی ئێران و وڵاتێکی تریان هەیە، لە زومرەی ئەو بارمتانەن کە بە دیل گیراون. ئەمانە ئەو کەسە خاوەن ڕا و کاریگەرانەن کە سیاسەتی جینایەتکارانەی مافیای سپایان لە بوارەکانی ژینگە و زیندان و ئەشکەنجەدانی لەقاودەرانیان، ئاشکرا کردووە و خوازیاری کۆتاییهێنانی بوون. بۆ نموونه ئەوان چەند زانیارییەکیان سەبارەت چۆنیەتی بڕیاردان لەسەر دروستکردنی نەنداوی گەتوەند و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە و هەروەها سوێریی لەڕادەبەدەری ئاوی بەنداوەکە، لە ڕاپۆرتێکدا لەلایەن موحسین ئیسلامی، ئەمیر حسێن خالقی و سام ڕەجەبییەوە، ڕادەستی نووسینگەی سەرۆک کۆمار کردبوو. بەنداوی گەتوەند کە سپای پاسداران لەسەر چۆمی کارون دروستی کرد، بەهۆی لەبەرچاو نەگرتنی تایبەتمەندییە ژینگەییەکانی شوێنی دروستکردنی بەنداوەکە و نزیکبوونی بە کێو و تەپۆڵکە خوێیەکانی گەچسارانەوە، بووەتە هۆی سوێر بوون و پیسبوونی ئاوی پاشەکەوتی ناو بەنداوەکە و چۆمی کارون و پانتاییەکی زۆر لە زەوییەکانی پشت ئەم بەنداوە، ئێستا بووەتە شۆرەکات. کارناسان ئەو کارەی سپایان بە جینایەتێکی گەورە ناوبردووە. پێویستە ئازادبوونی ئەو چوار زیندانییە کە ئاکامی دەیان ساڵ خەبات و ناڕەزایەتییە، بە هەند وەربگیرێت و خەبات بۆ بەدیهێنانی دروشمیزیندانیانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن!”  شێلگیرانە درێژەی پێبدرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-