ناوه‌ندی هه‌واڵنێریی به‌هار له زومره‌ی ئه‌و سایتانه‌یه كه له ده‌زگای سانسۆری كۆماری ئیسلامی جه‌وازی وه‌رگرتووه. ئه‌م سایته له ڕاپۆرتێكدا باس له ٢٩ به‌رابه‌ر بوونی ئاماری به‌ندكراوان له ده‌ستپێكی شۆڕشی ٥٧ه‌وه تا ئێستا ده‌كات و نووسیویه‌تی: له ئێران له هه‌ر ١٠٠ هه‌زار كه‌س نزیك به ٢٩٠ كه‌س له زیندان دان. به پێی ڕاپۆرتی ئه‌م ناوه‌نده، ٢٥ له‌سه‌دی جه‌معییه‌تی كه‌یفه‌ریی زیندانه‌كان، كه‌سانی ده‌ستبه‌سه‌ركراوی پێش موحاكه‌مه(یان ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی كاتی) پێكیدێنن. ئه‌م ڕاپۆرته هه‌روه‌ها ده‌شڵێ كه به پێی ئاماری ڕه‌سمیی ڕێكخراوی زیندانه‌كان، ئه‌م ژماره‌یه له به‌ندكراوانی سابت پێكهاتووه. هه‌موو ساڵێ نزیك به ٦٥٠ هه‌زار كه‌س له ئێرانییه‌كان تامی زیندان (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ ڕۆژێكیش بێت) ده‌چێژن. ئه‌م ژماره‌یه له به‌ندكراوان له حاڵێك دایه كه زه‌رفییه‌تی ڕه‌سمیی زیندانه‌كانی ئێران، ته‌نیا ٨٨ هه‌زار كه‌س ڕاگه‌یه‌ندراوه. ئه‌م ڕاپۆرته باس له‌وه‌ش ده‌كات كه به پێی ئاماره‌كان، ژماره‌ی به‌ندكراوانی به‌ر له شۆڕش به‌له‌به‌رچاوگرتنی جه‌معییه‌تی ٣٦ ملیۆنیی ئێرانی ئه‌و سه‌رده‌م، نزیك به ١٠ هه‌زار كه‌س بووه.
ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی له زومره‌ی ئه‌و ده‌گمه‌ن وڵاتانه‌ی جیهانه كه هێستاش چالاكانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی تێیدا زیندانی، ئه‌شكه‌نجه و ئێعدام ده‌كرێن. ئامارێكی ورد له ژماره‌ی به‌ندكراوانی سیاسی له ئێران بوونی نییه. حكوومه‌تی ئیسلامی ئه‌ساسه‌ن حاشا له بوونی به‌ندكراوانی سیاسی له ئێران ده‌كات و ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی سیاسی به زیندانییانی ئه‌منییه‌تی ناو لێده‌بات. كۆماری ئیسلامی له سه‌ره‌تای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنییه‌وه هه‌موو زیندانه‌كانی ڕژیمی پاشایه‌تیی ته‌حویل وه‌رگرت و له ماوه‌ی چوار ده‌یه‌دا به سه‌دان زیندانی نهێنی و بێ ناو و نیشانی به‌م زیندانانه زیاد كرد. به‌جۆرێك كه به وته‌ی به‌رپرسانی خودی ڕژیم جه‌معییه‌تی به‌ندكراوانی له‌چاو سه‌رده‌می حكوومه‌تی پاشایه‌تی، ٢٩ له‌سه‌د برده سه‌رێ. ئێران له بواری ژماره‌ی به‌ندكراوان به‌نیسبه‌ت جه‌معییه‌ته‌كه‌ی، له‌ناو وڵاتانی جیهاندا باڵانشینه. ڕژیمی ئیسلامی نه‌ته‌نیا ژماره‌ی به‌ندكراوانی یه‌كجار برده سه‌رێ به‌ڵكوو تۆمه‌تی به‌ندكراوانیشی به بیانووی ئه‌منییه‌تی و هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر ئه‌منیه‌تی نیزام یه‌كجار په‌ره‌پێدا. ڕژیم هیچ جۆره جیابیری و دژایه‌تییه‌ك له هیچ بوارێكی ژیانی سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌دا به ڕه‌سمییه‌ت ناناسێت و ئه‌م ئاراستانه به مه‌ترسییه‌كی جیددی بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی پێناسه ده‌كات.
هه‌ر له سه‌ره‌تای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ڕژیمی ئسیلامییه‌وه، نه‌ته‌نیا ڕێكخراوه سیاسییه‌كانی نه‌یاری ڕژیم به‌ڵكوو كه‌سانی چه‌پ و كۆمۆنیست، چالاكانی كرێكاری، سێكۆلار و دیمۆكراته‌كان، كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییه‌كان، خه‌ڵكی كوردستان و به‌هاییه‌كان له‌گه‌ڵ دوژمنایه‌تی و توندوتیژیی تۆخی ئه‌م ڕژیمه به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه و هه‌زاران كه‌سیان ئێعدام، ئه‌شكه‌نجه و زیندانی كران و یان ناچار بوون ئێران جێبهێڵن. ژنان و فێمێنیسته‌كان، چالاكانی مافی مرۆڤ و پارێزه‌رانی شه‌ریف و ئازادیخواز زه‌ربه‌ی قورسیان له دیكتاتۆریی دینی به‌ر كه‌وت. نووسه‌ران، ڕۆژنامه‌وانان، هونه‌رمه‌ندان، موزیسییهن و سینه‌ماكاران، شه‌پۆلێكی دیكه‌ی سه‌ركوت و گوشاری ڕژیم بوون. ژینگه‌پارێزان و هه‌موو چالاكانی كۆمه‌ڵایه‌تی به بینانووی بێ بنه‌ماوه زیندانی كران و هێندێك جار له سێداره دران. هه‌ڵسووكه‌وتی ڕژیم له‌گه‌ڵ نه‌یارانی به جێگایه‌ك گه‌یشت كه ته‌نانه‌ت باڵ و سه‌رانێك له حكوومه‌تی ئیسلامیشی حه‌سر و زیندانی كرد. ئه‌مڕۆ له ئێران كه‌متر بنه‌ماڵه‌یه‌ك په‌یدا ده‌بێت كه كه‌س یان كه‌سانێكیان به هۆكاری سیاسی نه‌خرابنه زیندان، ئێعدام نه‌كرابن و یان به‌ناچار كۆچیان نه‌كردبێ.
ئه‌و گرته ویدیۆیانه‌ی كه له‌م دوایانه‌دا له هه‌ڵسووكه‌وتی مه‌ئموورانی ڕژیم له‌گه‌ڵ به‌ندكراوانی ئاسایی له زیندانی ئێڤین بڵاوكراوه‌ته‌وه، نیشانی ده‌دات كه توندوتیژیی ڕژیم ته‌نیا به‌ندكراوانی سیاسی ناگرێته‌وه، به‌ڵكوو به‌ندكراوانی ئاساییش له‌گه‌ڵ هه‌مووجۆره سووكایه‌تی و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ك به‌ره‌وڕوون. به‌ندكراو له ئێران به‌شێوه‌ی گشتی هیچ مافێكی نییه. ته‌نیا گرووپێك له به‌ندكراوانی ڕژیم كه وه‌زعییه‌تێكی باشیان هه‌یه، گه‌نده‌ڵانی ماڵی و كه‌سانی ده‌ست ڕۆیشتوو و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه و كه‌سوكاری سه‌رانی ڕژیمن.
به‌ندكراوانی سیاسی له زومره‌ی باشترین و شه‌ریفترین به‌شی كۆمه‌ڵی ئێرانن. ئه‌وان بۆ ئازادی، یه‌كسانی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ڵاواردن، نه‌مانی یه‌كجاریی ئه‌شكه‌نجه و ئێعدام، مافی هه‌ژاران و زه‌حمه‌تكێشان، عه‌داڵه‌ت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌مووجۆره هه‌ڵاواردنێكی نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و جنسییه‌تی خه‌بات ده‌كه‌ن و له‌پێناو وه‌دی هێنانی ئارمانه ئینسانییهكانیان به‌هایه‌كی قورس ده‌ده‌ن.
ئازادیی گشت به‌ندكراوانی سیاسی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌شكه‌نجه و ئێعدام، پێش مه‌رجی هه‌مووجۆره كرانه‌وه و پێشكه‌وتنێكی سیاسییه و پێویسته درووشمی ئازادیی ده‌ستبه‌جێی به‌ندكراوانی سیاسی، سه‌ره‌كیترین و گرینگ‌ترین درووشمی جه‌ماوه‌ری ناڕازی له سه‌رتاسه‌ری ئێران بێت.
هیچ كه‌س نابێ به تاوانی خه‌بات بۆ مافی خۆی، به تاوانی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین دژبه فه‌لاكه‌ت و سته‌م، به تاوانی هه‌بوونی بیروباوه‌ڕی جیاواز و ئه‌نجامدانی چالاكیی سیاسی ده‌ستبه‌سه‌ر و زیندانی بكرێت. ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت كه‌سێك بخرێته گۆشه‌ی زیندانه‌وه، ئه‌وه هۆكار و خوڵقێنه‌رانی ئه‌م باروودۆخه‌ن كه ده‌بێ بڕۆنه زیندان. واته ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ڕۆڵه‌كانی خه‌ڵك زیندانی و ئه‌شكه‌نجه ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی وا جگه‌رگۆشه‌كانی خه‌ڵك ده‌كوژن و له گۆڕه بێ ناو و نیشانه‌كانی ده‌هاوێن، ئه‌وانه‌ی وا سه‌روه‌تی كۆمه‌ڵگا به‌تاڵان ده‌به‌ن و ڕه‌نج و بێبه‌شی و بێمافیی به‌رین به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌سه‌پێنن.
هیچ كه‌س نابێت به‌خاتری بیروباوه‌ڕ و چالاكیی سیاسیی زیندانی بكرێت. هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵ پێویسته له ئازادیی بێشه‌رت و مه‌رجی سیاسی، ئازادیی چالاكیی سیاسی و پێكهێنانی حیزب، ئازادیی بیروباوه‌ڕ و ته‌بلیغ كردن بۆی، ئازادیی ڕاده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نی، ئازادیی كۆبوونه‌وه، ناڕه‌زایه‌تی، مانگرتن و ئازادیی پێكهێنانی سه‌ندیكا، و هه‌مووجۆره ڕێكخراوێكی پیشه‌یی و سیاسیی دیكه، به‌هره‌مه‌ند بن.
بارگه و بنه‌ی ڕژیمی سه‌رمایه‌داریی كۆماری ئیسلامی، واته ده‌سه‌ڵاتی تیرۆر و زیندان و ئه‌شكه‌نجه پێویسته به خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی كرێكاران و خه‌ڵكی بێبه‌ش و سته‌ملێكراوی ئه‌م وڵاته هه‌ڵبگیرێت و له دواڕۆژی سه‌ركه‌وتندا، ئازادیی بێ شه‌رت و مه‌رجی سیاسی وه‌ك به‌شێك له جاڕنامه‌ی شۆڕش، به هێزی ڕاپه‌ڕیو له سه‌رتاسه‌ری وڵات ڕاگه‌یه‌ندرێت و به‌ڕێوه‌بچێت.