کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستانهه‌واڵه‌کان

ئازادیی ئەمجەد گەریاخیز لە زیندانیی ناوەندی سنە

ئازادیی ئەمجەد گەریاخیز لە زیندانیی ناوەندی سنە 3

ئەمجەد گەریاخیز، چالاکیی کرێکاری و ئەندامی کەمپینی «نا بۆ لەسێدارەدان»، پاش ٤٥ ڕۆژ زیندانیکردن لە زیندانیی ناوەندی سنە ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ئەمجەد گەریاخیز، چالاکیی کرێکاری و ئەندامی ئەنجوومەنی «نا بۆ لەسێدارەدان»، پاش ٤٥ ڕۆژ زیندانیکردن لە زیندانیی سنە ئازادکرا. لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە پێشتر لە حەڤدەی جۆزەردانی ١٤٠٤، ئەم چالاکەی سنفی بە شەش مانگ زیندانیی تەعزیری و دوو ساڵ زیندانیی دواخراو سزادرابوو. ڕۆژی دووشەممە شازدەی پووشپەڕی ١٤٠٤، ئەمجەد گەریاخیز، چالاکیی کرێکاری خەڵکی سنە و ئەندامی کەمپینی «نا بۆ لەسێدارەدان»، بۆ جێبەجێکردنی سزای شەش مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ زیندانیی ناوەندی سنە گواسترابوویەوە.

ئەمجەد گەریاخیز لە نۆزدەی بەفرانباری ١٤٠٣، لە کاتی بەشداری لە مانگرتنی ناڕەزایەتی دژی دەرکردنی سزاکانی لەسێدارەدان بۆ وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، لە شەقامێکی سنە دەستبەسەرکرا. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا، لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا بووە و بۆ ٣٥ ڕۆژ لە گرتووخانەیەکیی ئەمنی، بەبێ دەرمان، بینینی پارێزەر و بنەماڵەکەی ماوەتەوە.

تۆمەتی سەرەکی دژی ناوبراو، «هاندانی بازاڕداران بۆ مانگرتن» و بەشداری لە ڕێکخستنی ئەم مانگرتنانە ڕاگەیەندراوە.

ئەمجەد گەریاخیز لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سنفی کرێکارانی بیناسازی سنەیە و ڕابردووی دەستبەسەرکران، ئەشکەنجە و هەڕەشە بەهۆی چالاکییەکانی سنفی، مەدەنی و ناڕەزایەتی هەیە. ناوبراو پێشتر لە ئاخێزی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری پاش کوژرانی ژینا ئەمینی، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکار، و هەروەها لە کاردانەوەی بۆ لەسێدارەدانی ڕامین حسێن پەناهی دەستبەسەرکرابوو.