به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوو بەندکراوی سیاسیی له زیندانی ناوەندیی ورمێ كه پێشتر به تۆمهتی “ئهندامهتی لهگهڵ یهكێك له حیزبه نهیارهكانی ڕژیم” دهستبهسهر و به زیندان مهحكووم كرابوون، كهوتنهبهر لێبوردنی گشتی تایبهت به نهورۆز و له زیندان ئازاد كران.
بە پێی ئهم ڕاپۆرته، رۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوە دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی ” رەحیم مەحموودی ئازەر” و ” بەشیر پیر ماوانە” هەر دوو خەڵکی ورمێ، کەوتنە بەر لێبوردنی نەورۆز و لە زیندان ئازاد کران. رەحیم مەحموودی ئازەر، تەمەن ٢٢ ساڵ كه لە رێکەوتی ٢٢ی رەشەممەی ساڵی ٩٦ وێڕای كهسی دیكه بە ناوی “مستەفا قادر زەینەب” خهڵكی شاری بۆكان لە شاری حەلەب خۆیان رادەستی هێزەکانی سەربە بەشار ئەسەد کردبوو و ئەو هێزانەش ئەوانیان رادەستی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کردبوو، لە لایەن لقی سێی دادگای ڕژیم له شاری ورمێ، هەر کامەیان حوکمی ١١ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا کە ٥ ساڵ لەو حوکمە ئەبوا جێبەجێ بکرایە. رەحیم مەحموودی ئازەر، ماوەی دوو ساڵە بێ ئەوەی مافی مەرەخەسی هەبووبێ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بەند کرابوو. شایانی باسه، ناوبراو لەبهر دەرگای زیندانی ورمێ لە سەر حوکمێکی دیکەی کە ٩ مانگە و بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوور بەسەریدا سەپابوو، سەرلەنوێ گەڕێندراوەتەوە ناو زیندان و ئێستا لە بەندی بەندکراوانی سیاسی ڕاگیراوە. ههروهها “بەشیر پیر ماوانە” رەشەممەی ساڵی ٩٥، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر و بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یهكێك له حیزبه نهیارهكانی ڕژیم” ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. شایانی باسه، ناوبراو بە هۆی ملکەچ بوون بە بڕیاری دادگا حوکمەکەی بۆ چوار ساڵ کەم کرابۆوە.