به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، “پەروین ئەدوایی”، چالاکی مەدەنی دانیشتووی شاری مەریوان، بههۆی كهوتنه بهر لێبوردنی گشتی له زیندان ئازاد كرا.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوە “پەروین ئەدوایی” چالاکی مەدەنی خەڵکی مەریوان کە لە بواری مافەکانی ژنان و منداڵان چالاکی دهكات، دوای تێپەڕاندنی ٦ مانگ بەندکران لە ماوەی ٢ ساڵەی حوکمەکەی، بەر لێبوردنی گشتیی کەوتووە و لە زیندانی سنە ئازاد کرا. پەروین ئەدوایی خەڵکی گوندی سەلێنی سەوڵاوا و دانیشتووی شاری مەریوان، ڕۆژی شەممە ٥ی گەلاوێژی پارهكه، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر و پاش سێ مانگ بەندکران بە دانانی وهسیقهی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو. پەروین ئەدوایی زستانی ڕابردوو لەلایەن دادگای ڕژیم له شاری مەریوان بە تۆمەتی “ئهندام بوون له یهكێك له حیزبه نهیارهكانی ڕژیم” حکومی ٥ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپابوو و ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئۆستانی كوردستان بۆ ٢ ساڵ کەم کرابوویهوه و ڕۆژی پێنج شەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٩٨ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٢ ساڵەی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕوانەی ناوەندی چاکسازی و پەروردەی شاری سنە كرا.