کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
ئێرانهه‌واڵه‌کان

ئازادكرانی دوو چالاكی مه‌ده‌نی له‌ زیندان

ئازادكرانی دوو چالاكی مه‌ده‌نی له‌ زیندان

به‌ پێی ڕاپۆرته‌كان، له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی چوارشه‌ممه‌ و پێنجشه‌ممه‌ ١٦ و ١٧ ڕه‌زبه‌ر، دوو چالاكی مه‌ده‌نی به‌ ناوه‌كانی “نه‌رگس محه‌ممه‌دی” و “ڕه‌شید ناسرزاده‌” له‌ زیندانه‌كانی ڕژیم ئازاد كراون.

به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌، “نەرگس محه‌ممه‌دی” جێگری سەرۆکی بنکەی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەر، دوای ٨ساڵ و ٦ مانگ زیندان لە زیندانی زەنجان ئازاد کرا. شایانی باسه‌، ناوبراو له‌و ماوه‌یه‌دا چەندین جار بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتیی بە باروودۆخی به‌ندكراوان، پێڕانەگەیشتن بە داواكاری خۆی و به‌ندكراوانی دیكه‌ و هه‌روه‌ها له‌ ئاست پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و سێدارە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوه‌، مانی لە خواردن گرتبوو. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌، ناوبراو لە ماوه‌ی ٥ ساڵی ڕابردوودا تەنیا ٣ڕۆژ مەرەخەستی پێ درابوو. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەر، “ڕەشید ناسرزادە” چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی شاری شنۆ، بە پێبەندی ئەلکترۆنیکی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا. جێگه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌، ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ، پاش خۆناساندنی بە بەشی جێبەجیکردنی تاوانەکانی دادگای شنۆ، بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرابوو. “ڕەشید ناسرزادە” لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی شنۆ، بە ٦ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە، بۆ ١٨ مانگ زیندان کەم کرابوویه‌وه‌.