ڕۆژی ٧ی مانگی به‌فرانبار، ساڵ ڕۆژی ده‌ستپێكی ئاخێزی سه‌رتاسه‌ری هه‌ژارانی شاره له ئێران. ئه‌و ئاخێزه كه پتر له ٩٠ شاری گرته‌وه و بۆ ماوه‌ی ده ڕۆژ درێژه‌ی بوو، وڵاتی ئێرانی خسته له‌رزه‌وه. دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٧ی مانگی به‌فرانباری ١٣٩٦ی هه‌تاوی، هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی مه‌شهه‌د هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و له ناڕه‌زایه‌تی به هه‌ژاری و گرانی، بێكاری به‌رین و دزی و گه‌نده‌ڵی كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم درووشمیان به‌رز كرده‌وه. ناڕه‌زایه‌تی هه‌ژاران و بێبه‌شانی مه‌شهه‌د هه‌ر وه‌ك چهخماخهیهك ئاگری ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری دژبه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی گه‌شانده‌وه. دهدكوت ده‌رد و ژانی هاوبه‌ش و نه‌فرت و ناڕه‌زایه‌تی گشتی له نیزامی سیاسی، یه‌ك شه‌وه، به‌شێكی به‌رینی له خه‌ڵكی ڕه‌نج دیتووی ئێرانی پێكه‌وه گرێ دابوو. جه‌ماوه‌ری هه‌ژار و سته‌ملێكراو له ده‌یان شار هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان، لاوان به جۆش و خرۆشێكی كه‌م وێنه‌وه سینگیان كردبه قه‌ڵغان و ده‌نگیان هه‌ڵبڕی و هاواریان كرد “مه‌رگ و نه‌مان بۆ ڕووحانی“، “مه‌رگ و نه‌مان بۆ دیكتاتۆر“، “ئیسلاح ته‌ڵه‌ب، ئۆسوولگه‌را، ئیتر ته‌واو بوو ماجه‌را“، “نان، كار، ئازادی” و به درووشمی “مه‌ترسن مه‌ترسن، هه‌مووی ئێمه پێكه‌وه‌ین” به‌ره‌نگاری هێزی سه‌ركوتگه‌ر بوونه‌وه.
به‌ڵام ئاخێزی سه‌رتاسه‌ری مانگی به‌فرانباری ٩٦ دیارده‌یه‌كی له‌ناكاو نه‌بوو. ئه‌و ئاخێزه دواهاتی سیاسه‌ته‌كانی نێئۆلیبڕالیسمی ئابووری و باروودۆخی ناله‌باری ژیانی كرێكاران و خه‌ڵكی بێبه‌شی كۆمه‌ڵ بوو كه زۆر پێشتر به‌ستێنی ئه‌م ئاخێزه جه‌ماوه‌ریه‌ی خۆڵقاندبوو و ڕه‌وتی ڕوو له گه‌شه‌ی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی كرێكاری له ناوه‌نده گه‌وره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزمه‌تگوزاری، وهڕێكهوتنی وه‌ها ئاخێزێكی سه‌رتاسه‌ریی مسۆگه‌ر كردبوو. كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشی ئێران ساڵیانێك بوو كه له ژیانی پڕ له هه‌ژاری، له بێكاری ملیۆنی و له نه‌بوونی ئه‌منیه‌تی شوغڵی و له وه‌دواخرانی حه‌قده‌ستی چه‌ند قات ژێر هێڵی هه‌ژاری، وه‌گیان هاتبوون. له‌و باروودۆخه كاره‌ساتباره‌دا، پێداگری ده‌وڵه‌تی ڕووحانی بۆ درێژه‌دان به خسووسی سازی و ئیجرای به‌رنامه‌ی ئێئۆلیبڕالی، باروودۆخه‌كه‌ی چه‌ندین به‌رابه‌ر خراپتریش كردبوو. درێژه‌ی ئه‌و دۆخه كاره‌ساتباره له لایه‌كه‌وه و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه سه‌پاندنی هه‌زینه‌ی قورسی ده‌خاڵه‌تی نیزامی و پشتیوانی له ڕه‌وته تیرۆریسته‌كانی ناوچه‌كه به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێران و ئاشكرابوونی ئیختلاس و دزی هه‌زاران ملیارد تمه‌نی و وه‌ده‌ركه‌وتنی ئه‌و جه‌نایه‌تانه‌ی كه سه‌رانی ڕژیمی ئیسلامی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێرانی‌یان هێنابوو، بۆ كرێكاران و توێژه سته‌ملێكراوه‌كانی كۆمه‌ڵی ئێران له تاقه‌ت به‌ده‌ر بوو. ئاخێزی سه‌رتاسه‌ری و ناڕه‌زایه‌تی پرجۆش و خرۆشی خه‌ڵكی ئێران له‌و ڕاستیانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت. له وه‌ها باروودۆخێكدا، شنه‌ی شۆڕش هه‌ڵیكرد و كرێكاران و توێژی بێبه‌شی كۆمه‌ڵ، به ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان به ڕوونی سه‌لماندیان كه نایانهه‌وێ وه‌ك ڕابردوو درێژه به ژیانیان بده‌ن.
دوژمن كه خێرایی سه‌رسووڕهێنه‌ری سه‌رتاسه‌ری بوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان، خافڵگیری كردبوو، به‌خۆیدا هاته‌وه و تواناكانی سه‌ركوتی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵك به‌كار هێنا. خامنه‌یی قسه‌ی له‌مێژینی هه‌موو دیكتاتۆره‌كانی دووپات كرده‌وه و ئاخێزی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی، به به‌رهه‌می “پووڵ و سیاسه‌ت و ده‌زگای ئه‌منی دوژمنان“ی ده‌ره‌كی ناولێبرد. ڕووحانی ئێعتدالگهرا و خاته‌می ئیسلاح ته‌ڵه‌ب خوازیاری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی یاسایی بوون له‌گه‌ڵ “ئاژاوه‌گێڕان و تێكده‌رانی ئه‌منیه‌ت“ی وڵات. فه‌رمانده‌كانی سپای پاسداران، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان له‌كار خست و هێزه‌كانی ساروڵڵا و به‌سیجیان له تاران و شاره گه‌وره‌كان له خه‌ڵك به‌ردا و حكوومه‌ت نیزامییهكی توند و ڕانه‌گه‌یه‌ندراویان زاڵ كرد. به‌هۆی ئه‌م هێرشانه‌وه، كه هه‌ر له سه‌ره‌تای وهڕێكهوتنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانه‌وه ده‌ستیان پێكرد، به‌ده‌یان كه‌س له خه‌ڵكی ناڕازی گیانیان له‌ده‌ست دا و سه‌دان كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون و پتر له سێ هه‌زار كه‌سیش ده‌ستبه‌سه‌ر كران.
ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦ له شكڵی هاوئاهه‌نگ و سه‌رتاسه‌ری خۆیدا، پاش ده ڕۆژ دامركا. به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا هێزی سه‌ركوتگه‌ری كۆماری ئیسلامی نه‌بوو كه ئه‌م ئاخێزه‌ی به‌ره‌و دامركان برد، به‌ڵكوو لێهاتوویی و پێگهشتوویی سیاسیی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م ئاخێزه له ئاست كۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕۆڵێكی دیاری كراویان بوو له دامركانی ئه‌و ئاخێزه جه‌ماوه‌ریه‌دا. هه‌ژاران و بێبه‌شانی ڕاپه‌ڕیو كاتێك كه زانیان هێشتا ئاماده‌ی دوایین نه‌به‌رد نین، كاتێك كه زانیان هێشتا پێداویستیه‌كانی ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی دابین نه‌كراون، بڕیاریان دا كه خه‌باته‌كه‌یان به شێوازی دیكه درێژه پێ بده‌ن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه، ئاخێزی سه‌رتاسه‌ری مانگی به‌فرانبار، گۆڕانكاریه‌كی گه‌وره بوو له وشیاری و زه‌ینییه‌تی جه‌ماوه‌ر نیسبه‌ت به ماهیه‌ت و جه‌وهه‌ری كۆماری ئیسلامی و له‌ڕاستیدا خه‌باتی بۆ ڕووخاندنی ئه‌م ڕژیمه برده قۆناخێكی نوێوه.
ئاخێزی مانگی به‌فرانبار وه‌ك خاڵێكی وه‌رچه‌رخان، كۆتایی به زاڵ بوونی گوتاری ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌ت به‌سه‌ر كه‌ش و هه‌وای سیاسی ئێران هێنا. له كاتی هاتنه سه‌ركاری ده‌وڵه‌تی خاتهمییهوه، پتر له ٢٦ ساڵ بوو كه ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی هه‌وڵیان ده‌دا كه خه‌بات له چوارچێوه‌ی به‌رته‌سكی یاسای ئیسلامی‌دا بهێڵنه‌وه و بیكه‌نه به‌ستێنی سه‌ره‌كی ناڕه‌زایه‌تی دژبه باروودۆخی زاڵ. ٢٦ ساڵ بوو كه ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی ژه‌هری ستراتێژی ڕێفۆرمخوازییان به‌سه‌ر جه‌سته‌ی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ده‌پژاند. له “هه‌ڵبژاردن“ه‌كاندا، بژارده‌ی خراپ و خراپتریان له‌به‌رده‌م خه‌ڵك داده‌نا. به‌ڵام ئاخێزی مانگی به‌فرانبار بارگه و بنه‌ی ستراتێژ و گوتاری ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی تێكه‌وه‌پێچا.
ئاخێزی مانگی به‌فرانبار هاوسه‌نگی هێزی به قازانجی خه‌ڵك گۆڕی و ڕووحێكی تازه‌ی به جه‌سته‌ی خه‌باتی كرێكاری و جه‌ماوه‌ری به‌خشی. پاش ئه‌و ئاخێزه بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی به شێوازی جۆراوجۆر په‌ره‌ی سه‌ند. مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری كرێكارانی ڕێگه‌ی ئاسن، مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری و یه‌ك له دوای یه‌كی شۆفیر كامیۆن و كامیۆندارهكان، مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری موعه‌لیمان و خانه‌نشینان، مانگرتنی كرێكارانی كووره‌خانه‌كانی ته‌ورێز، مانگرتنی گشتی خه‌ڵك له كوردستان، مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی شكۆداری كرێكارانی هه‌فت ته‌په و فوولادی ئه‌هواز، ناڕه‌زایه‌تی خوێندكاران و سه‌دان نموونه‌ی دیكه له خه‌باتی كرێكاری و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری، به ڕوونی واقعیه‌تی به‌رده‌وام بوونی ئه‌و ئاخێزه و ڕه‌وتی پێگه‌یشتنی ناڕه‌زایه‌تی كرێكاری و خه‌باتی جهماهریمان پێ نیشان ده‌دا. دوو ساڵ پاش ئاخێزی سه‌رتاسه‌ری مانگی به‌فرانبار، وهڕێكهوتنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر له دڵی داماویی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌به‌رامبه‌ر قه‌یرانی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و بێ توانایی ئه‌م ڕژیمه له وڵامدانه‌وه‌ی به خواستی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی كۆمه‌ڵ، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه كه كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و قۆناخێكی شۆڕشگێڕانه هه‌نگاو هه‌ڵدێنێته‌وه. بێ گومان كۆمه‌ڵی ئێران له‌به‌رده‌م شۆڕش دایه، پێویسته خۆمان به‌و قۆناخه ئاماده بكه‌ن.