ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژنانی ئێران، بزووتنەوەیەک لەدژی فاشیزم و باوکسالاری
لەسەروبەندی ٨ی مارسێکی دیکەداین! بەڵام ئەمجارە لە هەلومەرجێکی زۆر جیاوازتر لە ئاستی ئێران و جیهاندا. لە ئێران فاشیزمی جینایەتکاری ئایینی ئەگەرچی گورزی سەختی لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا بە پشتبەستن بە یاسا دژە ژنەکان و پشتیوانی لە باوکسالاری، دەستبەرداری گوشار بۆسەر ژیانی ڕۆژانەی ژنان نەبووە. شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردن لە نێو ژنانی هونەرمەند، ژنانی چالاک لە بوارەکانی خەباتی مەدەنی و پیشەیی، دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ ژنانی خۆڕاگریی زیندانی، پەرەپێدانی گوشار بۆسەر زیندانیانی سیاسیی ژن و ناردنی بروسکە و هەڕەشە و گوڕەشە سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان بە بیانووی پۆشینی جلوبەرگی دڵخوازی ژنان لەناو ئۆتۆمبێلە تایبەتییەکان، بەیانگەری بەردەوامبوونی ڕەوتی تۆڵەسەندنەوەی دەسەڵاتی ئایینییە لە ژنانی بوێری ئێران. هاوکات لەگەڵ سەرکوتی دڕندانەی حکوومەت لەدژی ژنان، شەپۆلی بەربڵاوی ژن–کوشتن لەلایەن پیاوانی بنەماڵەکان، لەژێر کاریگەری پیاوسالارییەکی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکوومەتەوە بە بیانووی بەرگری لە “ناموس“، “غیرەت” و “ئابڕووی بنەماڵە” ئاستێکی مەترسیداری لەخۆگرتووە. ئەو ئامارە فەرمییانەی کە لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاو دەکرێتەوە نیشان دەدات کە لە دوو ساڵی ١٤٠١ و ١٤٠٢دا بە تێکڕا هەر چوار ڕۆژ، یەک ژن لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات بە دەستی یەکێک لە پیاوانی بنەماڵەکەیان کوژراوە. لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە واتە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ تا ١٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، لانیکەم ١٣٣ ژن بە هۆکاری ناموسی لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکانیانەوە کوژراون. واتە بە مەودای هەر دوو ڕۆژ، یەک ژن لە ئێران دەکوژرێت. ئەو پیاوانەی کە دەست دەدەنە ئەم جۆرە تاوانە بێشەرمانەیە، لە پشتیوانیی یاساییش بەهرەمەند دەبن.
لە ئاستی جیهانیشدا گەشە و پەرەسەندنی فاشیزم، گوشاری لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان بەڕادەیەکی زۆر پەرەپێداوە. دەوڵەتی ترامپ لە درێژەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی خۆیدا، دەستدرێژی بۆ سەر مافەکانی ژنان لە زۆرێک لە پرسەکاندا، لەوانە لاوازکردنی دەستڕاگەیشتن بە ڕێگاکانی پێشگیری لە دووگیانبوون، لاوازکردنی هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی جیاوازی حەقدەست لە نێوان ژنان و پیاوان، لاوازکردنی یاسایەکی کە جیاکاریی ڕەگەزی لە پرسی فێرکردن و بارهێنانی گشتیدا قەدەغە دەکات و هتد… هاوکات لەگەڵ دەستدرێژی بێوێنە بۆسەر مافی پەلکەزێڕینەکان و “ئێڵ جی بی تی“ەکان، هەرچی زیاتر درێژە پێدەدات. لە ساڵی ٢٠٢٤دا بەهۆی گەشەی بزووتنەوە شێوە–فاشیستییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان، مەیدانی سیاسەت هێشتا لە گەمارۆی بەربەستە پێکهاتەییەکان لەدژی ژناندا ماوەتەوە. لە حاڵێکدا کە نزیکەی نیوەی بەشداربووانی هەڵبژاردنەکانی وڵاتە جیاوازەکان لە ژنان پێکدێت، حزوور و بەشداری ژنان لە پارلەمانەکان و ناوەندەکانی بڕیاردان ڕەوتێکی ڕوو لە کەمبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە. لە زیاتر لە ٦٠ لەسەدی ئەو وڵاتانەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان ڕاگەیەندراوە، ژمارەی ژنان لە پارلەمانەکان کەمتر بۆتەوە. وڵاتە زلهێزەکانی وەک هیندستان، ئەمریکا، و فەڕانسە، کە لە ڕواڵەتدا پێشکەوتنێکی زۆریان لە بواری مافەکانی ژناندا بەدەستهێنابوو، بەڵام لە کردەوەدا شایەتی کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی ژنانن لە پلە و پێگە سەرەکییەکاندا. بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە، لە گۆشە و کەناری جیهان، ژنان هێشتا لەگەڵ گەلێک قەیرانی مرۆیی و سیاسیی بێوێنە بەرەوڕوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ٦١٢ ملیۆن ژن و کچ گیرۆدەی شەڕ و تێکهەڵچوونە چەکدارییەکانن، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە فەلەستین و ولاتانی ئەفریقا، ئازار و ڕەنجێکی بێ وێنە لەسەر شانیان قورسایی دەکات.
گوشارە لەڕادەبەدەر و پێکهاتەییەکان دژی ژنان لە ئێران، نەیتوانیوە بەر بە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی بەهێزی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بەرەو ئامانجە ڕوون و مرۆییەکانی بگرێت. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بۆ داکۆکی لە یەکسانیی مافەکانی ژنان لەگەڵ پیاوان لە هەموو بوارەکانی کار و ژیان و سیاسەت و کۆمەڵگادا، خەباتێکی درەوشاوەی بەرەوپێش بردووە. ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانە، درێژەدەری خەباتی بەرینی ژنانە لە سەدەی ڕابردوودا لەپێناو مافی پۆشینی جلوبەرگی دڵخواز، مافی سەرپەرشتیی منداڵ، مافی یەکسانی میرات، تەڵاق، ئازادیی هەڵبژاردنی هاوسەر، حەقدەستی یەکسان لە بەرامبەر کاری یەکساندا، پشکی یەکسان لە دەسەڵاتی سیاسیدا و بە واتای ڕاستەقینەی وشە بۆ ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی سێ کوچکەی دزێوی “باوکسالاری، سەرمایەسالاری و فەرهەنگی ئایینیی وەک ژێردەستە چاولێکردنی ژنە“. لەمڕووەوە خەبات بۆ ڕزگاریی ژنان لە کۆت و بەندی ئەم سێ کوچکە دزێوە، بەردەوام و لە هەموو شوێنێک یەکێک بووە لە ئەولەوییەتە گرنگ و نەگۆڕەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی. بەڵام لە وڵاتێکی کە داکۆکی لە ژێردەستەیی ژنان لە سەرەوەی بنەما ئایدیۆلۆژیکەکانی دەسەڵاتی ستەمکار و سەرەڕۆدایە، ئەم خەباتە بۆتە گڕکانێک لە ژێر پێی دەسەڵاتی ئایینیدا.
بەشداریی بەربڵاوی ژنان لە خەباتی ئێستای بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی“، لە شەقام و ناوەندەکانی کار، لە قوتابخانە و زانکۆ، لە مۆسیقا و سینەما، هونەر و ئەدەبیات و لەناو بنەماڵە و کۆمەڵگادا ئەوەندە درەوشاوە، شکۆدار و بەربڵاوە کە فاشیزمی ئایینی هیچ ڕێگایەکی جگە لە سەرکوتی بێبەزەییانە، بۆ نەماوەتەوە. دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ پەخشان عەزیزی، وەریشە مورادی و شەریفە محەممەدی، حوکمەکانی زیندان بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی خەباتکار و شۆڕشگێڕ، گوشاری لەڕادەبەدەر لەسەر هونەرمەندانی بوێری وەک پەرەستوو ئەحمەدی، هیوا سەیفیزادە و بیتا سادقیان، دوورخستنەوەی بەشێکی زۆر لە دەرهێنەران و ئەکتەرە بەناوبانگەکانی ژنی پشتیوانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، پەروەندەسازی و دەرکردنی حوکمی بێکارکردن و هەڵپەساردنی هەڵسووڕاوانی پیشەیی مامۆستایان و پەرستاران و چڕکردنەوەی گوشاری بێبەزەییانە لەسەر ژنانی بەهایی، لە زومرەی نموونە بەرچاوەکانی ئەم سیاسەتە سەرکوتگەر و دژبە ژنەیە. ئەم ئاستە لە سەرکوت و توندوتیژیی لە دژی ژنان نیشانەی هێزی خەباتگێڕانەی ئەو ژنە بوێر و چاونەترسانەیە کە زەوییان لە ژێر پێی دەسەڵاتی ئایینیدا ھێناوەتە لەرزە.
ئێمە کۆمۆنیستەکان، هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن لە سەرجەم ژنانی ئێران و جیهان پیرۆزبایی دەکەین. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە داکۆکیی لێبڕاوانە لە ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنان لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، داکۆکی لە یەکسانیی مافی ژنان و پیاوان لە سەرجەم بوارەکان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز، ئاڕاستەی جنسی و جێندەری، نەتەوە، فەرهەنگ و بیروباوەڕ و هەروەها داکۆکی لە پەلکەزێڕینەکان، لە دۆخێکدا کە لە ئاستی جیهاندا هێرش و دەستدرێژی بۆسەر مافەکانیان پەرەی سەندووە، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی داکۆکییە لە دروشمی درەوشاوەی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم. ئەمڕۆکە بزووتنەوەی ژنانی ئێران بە لێکهەڵپێکانی دروشمی ئازادیخوازانەی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی جەماوەر و ویست و داواکارییەکانی کرێکاران، و زەحمەتکێشان، بە ئاشکرا بە ئاراستەی بەرو ڕەوتی چەپ هەنگاوی هەڵگرتووە. ئێمە بە هەموو هێزەوە پشتیوانی لەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانە دەکەین کە لەپێناو کۆمەڵگایەکی ئازاد، دێموکراتیک، سیکۆلار وفێمینیستیدا خەبات دەکات و خۆمان بە بەشێکی بچووک لەو بزووتنەوەیە دەزانین. نابێت ئەوەمان لە بیرمان بچێت کە شارستانییەتی سۆسیالیستی، شارستانییەتێکی ژنانەیە.
بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی
بژی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و
کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
سێشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ بەرامبەر لەگەڵ ٤ی مارسی ٢٠٢٥
پاشکۆ: دووبارە بڵاوکردنەوەی مەنشووری مافەکانی ژنانی ئێران کە بە بۆنەی یەکەمین ڕۆژی جیهانیی ژن، پاش شۆڕشی ژینا لە یەکشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ٥ی مارسی ٢٠٢٣دا بڵاو بۆتەوە