ئاخێزی سەرتاسەریی جەماوەر خوازیاری نان، کار، ئازادیە، لە دەیەمین ڕۆژیدا
ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران بۆ دەیەمین ڕۆژ هەروا بەردەوامە. ئەوەی لە ڕۆژانی سەرەتادا وەک مانگرتنی پیشەیی و کۆڕ و کۆبوونەوەی بەرتەسک دەستی پێکرد، ئێستا بووەتە شەپۆلێکی بەربڵاو لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی ناڕەزایەتی. ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییە نەک هەر لە بەرامبەر گوشاری هێزە سەرکوتگەرەکان پاشەکشەی نەکردووە، بەڵکوو شکڵ و شێوازی نوێی خۆڕاگریی و ڕێکخستنیشی نیشانداوە.
ئەو ئامار و وێنانەی کە بڵاوکراونەتەوە ڕادەی بەربڵاویی ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییە دەردەخەن. ئێستا خەڵک لە زیاتر لە ٨٠ شار و ٢٧ پارێزگا بەو ناڕەزایەتیانەوە پەیوەست بوون. پانتایی جوگرافیای ناڕەزایەتییەکان ئەوە دەردەخات کە ئێمە لەگەڵ بزووتنەوەیەکی لۆکاڵی یان ناوچەیی بەرەوڕوو نین، بەڵکوو ئاخێزێکی سەرتاسەرییە کە ڕیشەی لە هەلومەرجی بابەتیی و هاوبەشی چینە بێبەشەکانی کۆمەڵگادا هەیە. هەروەها بەشداری ١٧ زانکۆش لەم شەپۆلە ناڕەزایەتییەدا نیشانەی یەکگرتوویی بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگایە لەم خەباتەدا. خوێندکاران کە بەدرێژایی مێژوو ڕۆڵی پێشەنگایەتییان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا هەبووە، سەرلەنوێ هاوسۆزی و هاوپشتی خۆیان لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش ڕاگەیاندووە.
بۆ تێگەیشتن لەم شەپۆلە ناڕەزایەتییە پێویستە بەستێنە ئابوورییەکەی لەبەرچاو بگیرێت. ئەو گوشارە ئابوورییانەی کە دەیان ساڵە قورسایی کردووەتە سەر شانی چینی کرێکار و زەحمەتکێش، ئێستا گەیشتوونەتە قۆناغێکی لەتاقەت بەدەر. بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی دراو، ناسەقامگیری درێژخایەنی بازاڕ و دابەزینی بەردەوامی توانای کڕین، ژیان و بەڕێچوونێکی ئاسایی بۆ ملیۆنان بنەماڵەی ئێرانی کردووە بە خەون و خەیاڵ.
ئەوەی ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییە لە زۆرێک لە مانگرتن و کۆڕ و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی پێشوو جیا دەکاتەوە، بریتییە لە گۆڕانی چۆنایەتیی ویست و داواکارییە پیشەیی و ئابوورییەکان بۆ داخوازیی سیاسیی. ناڕەزایەتییەکی کە لەلایەن بازاڕیانی تاران و لە کاردانەوە بەرامبەر بە بەرزبوونەوە و ناسەقامگیری نرخی دراو دەستی پێکرد، بە خێرایی بوو بە بزووتنەوەیەکی بەربڵاو کە نەک هەر بارودۆخی ئابووری، بەڵکوو تەواوەتی پێکهاتەی سیاسی دەسەڵاتداریشی بردووەتە ژێر پرسیار. ئەم گۆڕانکارییە نیشان دەدات کە چین و توێژە بێبەشەکانی ئێران چیتر بە چاکسازیی ڕواڵەتی یان بەڵێنی پووچ و بێبنەما ڕازی نابن. ئەوان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کە ژیانی ئەوانی کردووە بە دۆزەخ، ڕیشەی لە ستەم و سەرەڕۆیی ئایینیی و سەرمایەداری چەوسێنەری دەسەڵاتدار دایە. پێکهاتنی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بارودۆخی ژیانی خەڵکدا، بەبێ تێپەڕبوون لە هەردوو ئەم بنەمایانەی سیستەمی هەبوو، مومکین نییە.
وەڵامی ڕێژیم بۆ ئەم ناڕەزایەتییە هێمنانە بریتی بووە لە هەمان وەڵامی کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بە هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی داوەتەوە، واتە سەرکوتی توندوتیژ و خوێناوی. تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و دەستگیرکردنی بەربڵاو، لە زومرەی ئەو ئامرازانەن کە ڕێژیم ئەمڕۆ بۆ کپکردنی دەنگی جەماوەر لە جانتای دایە. لە ناڕەزایەتییەکانی دە ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٢٩ خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار کەسیش دەستگیرکراون. ئەم ئامارانە کە پێدەچێت کەمتریش بن لە ئاماری ڕاستەقینە، وێنایەکی تاڵ لەو هەزینەیە دەخاتەڕوو کە خەڵک لەپێناو مافەکانیاندا دەیدەن.
بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە ناڕەزایەتییەکان سەرەڕای ئەم سەرکوتە بەربڵاوەش هەروا بەردەوامن. بوونی هێزە ئینتیزامی و ئەمنییەتییەکان لەسەر شەقامەکان، بەکارهێنانی چەکی گەرم و کەشوهەوای خەفەقانی ئەمنی، نەیتوانیوە پانتایی جوگرافیای ناڕەزایەتییەکان بەرتەسک بکاتەوە. ئەم ڕاستییە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خەڵک چیتر لە سەرکوتکردن ناترسن و ئامادەن لەپێناو گەیشتن بە دنیایەکی باشتر باجەکەی بدەن. یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییە، بریتییە لە فرەچەشنی شێواز و تاکتیکی ناڕەزایەتیی. هەر لە مانگرتنی تەواوی دوکان و بازاڕی شارەکانی وەک تاران، کەرەج، مەرودەشت، کازرون و بەندەر گەناوەوە بگرە تا کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان لە دەیان شاری دیکە و هەروەها خۆپیشاندانی خوێندکاران لە زانکۆکان، هەموو ئەمانە نیشان دەدەن کە کۆمەڵگای ئێران خەریکی فێربوون و بەکارهێنانی شێوازە جۆراوجۆرەکانی خۆڕاگرین.
ئەم فرەچەشنییە نەک هەر کاری سەرکوتکردنی ڕێژیم دژوارتر دەکات، بەڵکوو ئیمکانی بەشداریکردنی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگاش لەو بزووتنەوەیەدا فەراهەم دەکات. کرێکار، خوێندکار، بازاڕی و کاسبکار، هەریەکەیان بەپێی هەلومەرجی خۆیان دەتوانن لەو خەباتەدا بەشداربن. ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییە لە خاڵێکی هەستیاردایە. لە لایەکەوە بەربڵاویی، بەردەوامیی و فرەچەشنییەکەی نیشان دەدات کە پۆتانسێلی ئەوەی هەیە ببێت بە ڕەوتێکی بەهێز بۆ گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا و لە لایەکی دیکەشەوە نەبوونی ڕێبەرایەتییەکی ڕێکخراو و یەکگرتوو، دەتوانێت بەربەستێک بێت لە بەردەم دەستەبەربوونی ئەم توانایی و پۆتانسێلە.
لە ئاوا هەلومەرجێکدا ئەرکی سەرشانی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکانە کە کۆمەک بکەن بە ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوە خۆڕسکە و گرێدانی ویست و داواکارییە جۆراوجۆرەکانی، بە بەرنامەیەکی یەکدەست و شۆڕشگێڕانەوە. پێویستە بە جەماوەری ناڕازی نیشان بدرێت کە ئەو قەیرانە ئابوورییەی ژیانی لێ تاڵ کردوون، ڕیشەی لە سیستەمی سەرمایەداریی دەسەڵاتداردایە و چارەسەرەکەشی نەک لە گۆڕینی دەم و چاوەکانی ناو حکومەت، بەڵکوو لە گۆڕینی بنچینەیی پێکهاتە ئابووری و سیاسییەکاندایە. ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێران هێمایەکە لە بەئاگاهاتنەوە و خۆڕاگریی چینە بێبەشەکان لە بەرامبەر سەرکوت و چەوسانەوەدا. ئەم بزووتنەوەیە کە لە هەناوی قەیرانە ئابوورییەکانەوە سەریهەڵداوە، بە خێرایی بووەتە بزووتنەوەیەکی سیاسی خاوەن ویست و داواکاری بنەڕەتی. سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی، خەڵک ڕاوەستاویی خۆیان نیشانداوە و بە گرتنەبەری شێوازی جۆراوجۆری خەبات، لەسەر بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانیان جەخت دەکەنەوە.
