کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئاخرین پەردەی شانۆی دژی کرێکاری دیاریکردنی حەقدەست، چۆن چووە سەر سەحنە

کاتژمێر ٢١ی شەوی ٢٤ی رەشەمە، دوایین کۆبونەوەی شوڕای باڵای کار بە ئامانجی ڕاگەیاندنی ڕەسمی حەقدەستی دیاریکراوی کرێکاران لە ساڵی ٩٤ لە وەزاڕەتی کاردا دەستی پێکرد و لە نیوەشەوی ٢٥ ی ڕەشەمە، بەو جۆرەی پێش بینی دەکرا، بە ئاکامێکی بە تەواوەتی و ماهیەتەن دژی کرێکاری کۆتایی هات. حەقدەستی ٦٠٩ هەزارتمەنی ئێستای کرێکاران بە ١٧ لەسەد زیاد بوونەوە واتە بە زیاد بوونی ١٠٣ هەزار تمەن پێەوە، لە ساڵی ٩٤ دا دەبێتە ٧١٢٤٢٤ تمەن. مەبلەغێکی سێ جار لەژێر هێڵی هەژاریدا. لە پێوەند لەگەڵ ڕەوتی دیاریکردنی ئەم ڕێژەیە لە حەقدەست بۆ کرێکاران لە ساڵی ٩٤ دا و هەراو هوریایەکی کە ڕاگەیەنەرەکانی سەربە ڕیکخراوە دەوڵەتیەکانی خانەی کارگەر و شوڕا ئیسلامیەکانی کار لە بارەیەوە خستیانەرێ، وەبیرهێنەرەوەی چەند خاڵی پێویستە. یەکەم، ئەمساڵیش وەک ساڵەکانی ڕابردو دەرکەوت کە دەوڵەت و خاوەنکاران بەبێ ڕەچاوکردنی تەشریفاتی باو و ڕیعایەتی مەوقعیەتی ئەو کەسانەی کە خۆیان وەک نوێنەری کرێکاران لەم بەناو شوڕای دیاریکردنی حەقدەستەدا دایاناون، بەشێوەی یەک لایەنە حەقدەستی کرێکاران دیاری دەکەن. لەم کۆبونەوەدا وەزیرانی پیشەسازی، ئابووری و کار ئامادە بوون و عەلی ڕەبیعی وەزیری کار، بەر لە پەیوەست بوونی بەم کۆبونەوەیە چاوی بە حەسەن رۆحانی کەوتبو وە بە وتەی خۆی، هەڵگری بۆچونی سەرۆک کۆمار بووە بۆ ئەم کۆبونەوەیە.389 (1)

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئابووری خەبەرگوزاری فارس ی سەربە سپای پاسداران، لە جەریانی ئەم کۆبونەوەدا، نوێنەرانی خاوەنکارانیش ئیختیاری خۆیان دابووە دەست دەوڵەت. ئەو شانۆیانەی کە هەموو ساڵێک لە رۆژەکانی کۆتایی مانگی ڕەشەمەدا لەژێر ناوی کۆبونەوەکانی شوڕای باڵای کار، لەگەڵ وەڕێخستنی هەراو هوریای تەبلیغاتی بەڕێەوە دەچن، تەنانەت تایبەتەمەندی فریوکارانەشیان لەدەست داوە.دووهەم، زیاد بوونی ١٧ لەسەدی لەپێشدا و لە هەمان رۆژەکانی سەرەتای بەڕێوەچونی کۆبونەوەکانی شورای باڵای کارەوە، لە هەیئەتی دەوڵەتی رۆحانیدا دیاری کرابوو وە ئەوەی کە لە رۆژەکانی دواتردا لە ڕاگەیەنەرەکاندا لە زمان ئەم و ئەوەوە بڵاو دەکرایەوە، شتێک نەبوون بێچگە لە کۆمەڵێک مانۆڕ بۆ درێژەپێدانی تا ئاخرین رۆژەکانی ساڵ. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیلنا، بە شوێن کۆبونەوەی رۆژی هەینی ٢٢ ی مانگی ڕەشەمە و ٢ رۆژ بەر لە جەلەسەی شەوی یەکشەممە، وتووێژێکی پشتی پەردە تایبەت بە رێژەی حەقدەستەکان بەڕیوە چوبوو. لەگەڵ ئەوانەشدا بەرلە کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکە و ڕاگەیاندنی ڕەسمی حەقدەستەکان لەلایەن وتەبێژانی شوڕای باڵای کارەوە، هەواڵنێریەکانی فارس و تەسنیم ئاکامی ئەم کۆبونەوە و رێژەی حەقدەستی دیاریکراویان بە تەردەستیەکی تایبەتەوە وەک پێش بینی خۆیان ڕاگەیاند و بڵاویان کردەوە. ئەم شگردە ڕەسانەییەش نیشانی ئەدات کە، ئەم دوو هەواڵنێریەی نوێنەری خاوەنکارانی سەربە سپای پاسداران لە جەریانی وردەکاری پێوەندیدار بە ڕێژەی حەقدەستەکانەوە بوون. ڕاگەیاندنی نرخی حەقدەستی ساڵی ٩٤ لەلایەن ئەم ڕاگەیەنەرانەوە نیشانەی هاوئاهەنگی نێوان دەوڵەت و ڕاگەیەنەرەکانی نزیک لە خاوەنکاران بە ئامانجی ئامادە کردنی ڕای گشتی کرێکاران لە ڕاستای قەبوڵ کردنی ئەم ڕێژەیە لە حەقدەستدا بووە. تەسنیم بەر لە بەڕێوەچونی کۆبونەوەکە، وتووێژی خۆی لەگەڵ ” مەحەممەد عەتاریان” جێگری سەرۆکی ” ئەنجومەنی سینفی کانونی باڵای خاوەنکاران” بڵاو کردەوە. ئەویش بە گرتنەبەری دیپلۆماسیەکی ڕەسانەیی ئاکامی ئەم کۆبونەوەی بۆ ئامادەگی ڕای گشتی بۆ قەبوڵ کردنی ڕاگەیاند.سێهەم، حوزوری کەسانێک بە ناو و نیشانی گوروپی کریکاریەوە تەنیا رۆڵی ڕازاندنەوە بۆ ئاڕایشی سەحنەکەیان هەبووە. زیادکرانی ١٧ لەسەدی لانیکەمی حەقدەست نیشان ئەدات کەسانێک کە بەناوی نوێنەری کرێکاران لە کۆبونەوەکەدا حوزوریان هەبووە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە لەم رۆژانەی دواییدا لە ڕاگەیەنەرەکاندا بۆ فریودانی کرێکاران دەیانوت، بەبێ هیچ چەشنە چەنەلێدانێکی تایبەت ڕەقەمی دیاریکراو لەلایەن دەوڵەت و خاوەنکارانیانەوە قەبوڵ کردوە. نوێنەرانی هەرسێ تەشەکولی دەوڵەتی، شوڕای ئیسلامی کار، ئەنجومەنە سینفیەکانی کرێکاران، کانونی باڵای نوێنەرانی کرێکاران و نوێنەرەکانیان لەم کۆبونەوەیەدا، بەرەلە بەڕێوەچونی ئاخرین جەلەسەی شوڕای باڵای کار لە کەمپەینێکی فریوکارانەی ڕەسانەییدا ئیمزا کردنی زیاد بوونی کەمتر لە ٢٥ لەسەدی موزدی پایەیان خیانەت بە کرێکاران ناوبرد. ئەوان و تەشەکولەکانیان بە ئاماژە کردن بە وەدواکەوتنی موزدی ٣٦٦ هەزار تمەنی کرێکاران سەرەتا داواکاری زیاد بوونی ئەم مەبلەغە بۆ ساڵی ٩٤ بوون. لە چەرخشێکی تردا ئەم مەبلەغە کە شاملی حەقدەستی پایە و حواشیەکانی دەبوو تا مەبلەغی ٢٦١ هەزار تمەن دابەزاند و هاتنەخوار لەم بڕەیان بە هێڵی سور دەزانی. بەڵام لە ساتەکانی ئاخردا سەنەدی هەژاری و برسیەتی کرێکارانیان بەبێ هیچ پێداگرییەک ئیمزا کرد.

ئیمزای ئەم سەنەدی کۆیلەتی کرێکارانە لەلایەن ئەم ڕەوتە دژی کرێکاریانەوە کە بەناوی کرێکارەوە قسە دەکەن، لەحاڵێکدا بەڕیوەچو کە لەماوەی مانگەکانی ڕابردودا کارناسانی ورد و درشتیان هەزینەی سەبەدی ژیانی خانەوادەیەکی کرێکاری لە تاران و باقی شارستانەکانیان ڕەقەمێکی لەنێوان ٢ تا ٣ ملیۆن پێش بینی و ڕاگەیاندبوو. هاوبیرانی ئەم کارناسانە نە دیفاعیان لە موزدی ڕاستەقینە کرد، نە لە دانیشتنەکەش هاتنەدەرێ، نە ئەوەندە بوێر بوون کە ئەم سەنەدەی ئیسارەت و بەردەگیە ئیمزا نەکەن. ئەمانە نیشانیاندا کە جیرە خۆرانی سەرمایە و سەرمایەدارانن. رۆژگارێک بە هێرش بۆسەر شوڕا کرێکاریەکان چینی کرێکاریان سەرکوت دەکرد. رۆژێک بە ڕاکێشانیان بەرەو مەیدانەکانی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاق و رۆژگارێکی تر بە سەرکوتی ناڕەزایەتیە سینفیەکانیان و ئەمرۆش بە ئیمزا کردنی سەنەدی کۆیلەئاسا نانی چینی کرێکار لە سفرەیان ئەدزن و دەیرێژنە گیرفانی سەرمایەدارانەوە. سەنەدی دیاریکردنی حەقدەستی ساڵی ٩٤ ی کرێکاران لە هەمانحاڵدا سەنەدی زیاتر ریسوا بونی خۆشیانە.

ڕاگەیەنەرەکانی سەربەم مەحفەلە دژی کرێکاریانە، چەند رۆژ لەوەپێش دوای ڕاگەندرانی زیاد بوونی ئەم ڕێژەیە لە حەقدەست و وەک ئەوەی کە ئەوان هیچ کردارێکی فریوکارانەیان سەبارەت بە چینی کرێکاری ئێران ئەنجام نەدابێ، دەستیان دایە بڵاو کردنەوەی قسەکانی وەزیری کار. عەلی ڕەبیعی دیاریکردنی ئەم ڕێژەیە لە حەقدەست کە ساڵی داهاتو دەکاتە ساڵێکی گەلێک دژوار بۆ ژیانی کرێکاران ی لێ پێرۆزبایی کردن و ئەم پەسندکراوەی بە شتێکی دەگمەن زانی. محەممەد ڕەزا بەقائیان یەکێکی تر لە نۆکەرانی سەرمایە کە بەناوی گوروپی بەناو کرێکاری شوڕای بالای کارەوە قسە دەکات، وتی”: یەکگرتنی ٣ ڕێکخراوی کرێکاری لە کۆبەندی نەزەرات و بۆچونەکاندا دەوری هەبووە و توانیمان بە پێچەوانەی ساڵی ڕابردو مادەی ٤١ ی قانونی کار ببوژێنینەوە.” دیفاع لە مادەی ٤١ ی قانونی کار لە بارودۆخێکدا دەبێتە جێی پەسندی ئەوان کە لە مانگەکانی ڕابردودا ئەم جیرەخۆرانەی سەرمایە دیاریکردنی حەقدەستی کرێکارانیان لەسەر بنەمای مادەی ٤١ بردبوە ژێر پرسیار.

دیارە چینی کرێکاری ئێران بەم حەقدەستانەوە ساڵێکی دەژواری لەبەردەمدا دەبێت. چینی کرێکار ناتوانێ بەم حەقدەستانەوە تەنانەت مانەوەی خۆشی زەمانەت بکات. تەنیا ڕێگای بەرگرتن لە ئیدامەی ئەم ژیانە دژوار و موسیبەت بارە درێژەدان بە خەباتی ڕیکخراو و یەکگرتوانەیە. زیاد کردنی حەقدەستی کرێکاران گونجاو لەگەڵ نرخی سەبەدی هەزینەکانی ژیانێکی ئینسانی تەنیا بە یەکێتی و هێزی چینایەتی، لە بزوتنەوەیەکی بەیەکەوە گرێدراو و سەرتاسەریدا دەتوانێ دابین بکرێت. هەر ئێستا خەباتی کرێکاری لە ناوەندە جۆراو جۆرەکان لە ئاستێکی تا ڕادەیەک بەریندا لە ئارادایە. بەڵام بۆچی ئەم خەباتە نابێتە ئامرازێکی گۆشاری نوێ بۆسەر سەرمایەداران و دەوڵەت؟ وڵامەکەی روونە لەبەر ئەوەی پڕژوبڵاون و یەکیان نەگرتوە. ئەگەر وەک ئەزمونێک، ناڕەزایەتی سەرتاسەری موعەلیمان دەبێتە حەرەکەتێکی جیدی بۆ ژێر گوشار خستنی دەوڵەت، تەنیا دوو هۆکاری بنەڕەتی هەیە. یەکەم سەرتاسەری بوون و دووهەم هاوئاهەنگی و یەکدەست بوونی داواکاری و دروشمەکانیانە. ڕیکخراوە سەربەخۆ کرێکاریەکان و تۆڕەکانی بەیەکەوە گرێدراوی مەحفەلە پێشڕەو و کرێکاریەکان پێویستیە کە بە پشت بەستن بە ئاوا ئەزمونێک، خەباتی یەکگرتوانە و سەرتاسەری لە دەوری دروشمی” زیاد کردنی حەقدەست گونجاو لەگەڵ نرخی سەبەدی هەزینەی ژیانێکی ئینسانی” چڕتر بکەنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-