کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئابووری لاوازی کۆماری ئیسلامی بە هەموو بایەک ئەلەرزێت

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی مانگی جۆزەردان نرخی ئەرزە دەرەکییەکان و سکەی زێڕ لە بازاڕەکانی ئێران جارێکی تر بە شێوەیەکی خێرا بەرز بۆوە و نرخی هەر دۆلارێک گەیشتە ٦ هه‌زار و ٨٥٠ تەمەن. ڕۆژی دووشەممە ٢١ی مانگی جۆزەردانیش ڕەوتی ڕوو لە بەرز بوونەوەی سکە و تەڵا و دۆلار و یۆرۆ هەروا درێژەی هەبوو. لە بازاڕی ئازاد دا دۆلار بە قیمەتی ٦٩٠٠ تمەن معامەلەی پێوەکرا و هەر سکەیەکی زێریش بە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تەمەن ئاڵوگۆر ده‌كرا. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لەم مەودایەدا نرخی زێڕ لە بازاڕانەکانی دنیادا گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.

لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا کە ئابووری لە پاوانی سپای پاسداران و دەوروبەریەکانی ڕژیم دایە، بڵاو کردنەوەی هەواڵی هەر جۆرە ناکۆکیەکی سیاسی نێوخۆیی و دەرەکی ڕژیم بەخێرایی لەسەر بازاڕی ئەرز کاریگەری دەبێت. وەک ئەوەی لە جەریانی ئاخێزی جەماوەری خەڵک لە مانگی بەفرانباری ڕابردوودا نرخی ئەرزە موعتەبەرەکان و سکەی زێڕ زیاد بوونێکی بەرچاوی هەبوو. ئەگەرچی ڕووحانی ئەوی بە بەرز بوونەوەیەکی ئاسایی و کاتی لە مانگەکانی ڕێبەندان و ڕەشەمەی هەموو ساڵێکدا وەسف کرد بەڵام دوای ئەوەش لە نرخی ئەرزەکاندا نزم بوونەوەیەک رووی نەدا. هەوڵی دەوڵەت بۆ تەک نرخی ڕاگەیاندنی دۆلاری ٤٢٠٠ تەمەنیش معامەلاتی ئەرزی لە بازاڕدا بۆ چەند رۆژێک خاو كرده‌وه‌ و دواتر ڕەوتی بەرز بوونەوەی نرخەکان سەرلەنوێ درێژەی هەبوو.

لەگەڵ بڵاو بوونەوەی زەمزەمەی کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام لە نێوەڕاستی مانگی گوڵانیشدا نرخی ئەرز لە مەودایەکی کەمدا لە ٦٨٠٠ وە بەرز بۆوە بۆ ٨٠٠٠ تمەن. ئەگەرچی لە مانگی ڕابردودا ئەم نرخە کەمێک دابەزی بەڵام نەگەڕایەوە ئاستی نرخی پێشوی. ئێستاش تەحلیل گەرانی بازاڕ و هێندێک لە ڕاگەیەنەرەکانی ئێران هۆکاری گەشەی خێرای نرخی ئەرز و تەڵا لە رۆژەکانی یەکشەممە و دووشەممەدا، نزیک بوونەوەی واده‌ی ده‌ست پێكی تەحریمەکان باس دەکەن. رۆژنامەی دنیای ئابووری هۆکاری زیاد بوونی ئەم دواییەی نرخی دۆلار و سکەی زێڕی گەڕاندۆتەتەوە بۆ وەدوا خستنی هەڵسەنگاندنی لایەحەی پەیوەست بوونی کۆماری ئیسلامی بە ” کۆنوانسیۆنی جیهانی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ دابین کردنی ماڵی تیرۆریزم”. پێڕاگەیشتن بەم لایەحەیە کە ماوەیەک لەوە پێش لە لایەن دەوڵەتەوە درابوو بە مەجلیس و ڕەسیدەگی پێنەدەکرا، رۆژی یەکشەممە لە لایەن مەجلیسی ئیسلامیەوە و لەسەر داخوازی نوێنەرانی باڵی ئەوسولگەرا دیسانیش وەدوا خرا. ئەو نوێنەرانە لە حەرەکەتێکی نمایشیدا لەبەردەم سەحنی مەجلیس کۆبوونەوە و بە ئاژاوەنانه‌وه‌ وەک کاردانەوەیەک لەبەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکادا خوازیاری هەڵپەساردنی ئەو لایەحەیە بوون تا نیشانی بدەن لە ئەگەری چالاک بوونەوەی تەحریمەکان کۆماری ئیسلامی پشتیوانی ماڵی لە حیزب اللەی لوبنان و لە جیهادی ئیسلامی فەلەستین کە لە ڕوانگەی دەوڵەتی ئەمریکاوە ڕێکخراوێکی تیرۆریستین، درێژەی پێ ئەدات. لایەحەیەک كه‌ لە لایەن روحانیەوە بە مەجلیس درابوو، یەکێک لەو کۆمەڵە مه‌رجه‌یه‌ کە یەکێتی ئوروپا لە دەستوری کاری دەڵەتی روحانیدا داناوە.

نا سەقامگیری بازار و نرخی ئەرز یەکێک لە نیشانەکانی بەرچاوی شپرزەیی سیستمی ئابووری ڕژیمە. هۆکاری بێ ئیعتیباری و بێ متمانەیی بە سیستمی بانکی کۆماری ئیسلامی لەنێو خەڵکی ئێراندا، وێڕای قەیرانی ساختاری نیزامی ئابووری سەرمایەداری، بوونی ئاستی زۆری دزی، ئیختیلاس، گەندەڵی و ڕانت خۆری نیهادینە بوو لە سەرجەم ئەرکان و ناوەندەکانی ڕژیمدایە. بێ هۆ نییە کە هەموو کردار یان هەڵوێست گرتنێکی سیاسی ڕژیم سەبارەت بە مەسایلی هەستیاری نێوخۆیی و دەرەکی، بازاڕی ئەرز توشی هەڵچوون و شپرزەیی دەکات و خەڵک بۆ پاراستنی نەغدینەیی خۆیان و کردنی بە ئەرزێکی تر یان زێڕ، به‌ لێشاو ڕوو ده‌كه‌نه‌ بانک و بازاڕەکان. سروشتیە کە بە زیاد بوونی داخوازی لەسەر زێڕ یان ئەرز، نرخی ئەوانیش بەرز دەبێتەوە.

نزیک بوونەوە بە کۆتایی مۆڵەتی ترامپ بۆ گەڕانەوەی تەحریمەکان یەکێکی تر لەو هۆکارانەیە کە بۆ بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز باس دەکرێت. لەبەر ئەوەی شیرکەت و دامەزراوەکانی دەرەوە کە لە مەودای دوو ساڵی ڕابردودا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کۆمەڵێک قەراردادیان مۆر کردوە، یەک لەدوای یەک قەراردادەکان هەڵدەوەشێننەوە و لە ئێران دەچنە دەرەوە. بەشوێن دەرچوونی شیرکەتی ماشێن سازی پژۆ، سیتروئێن، مەزدا و هیۆندا شیرکەتەکانی توتاڵ، زیمینس، جەنەڕاڵ ئیلکتریک و هیتر لە ئێران چوونه‌ده‌ره‌وه‌.” هەواڵنیریی ” رۆیتێرز” ئاماژەی بە چەند نموونه‌ی تریش کە بەم دواییانە رووی داوە کردوە. لەوانە: شیرکەتی ” نایارا ئینرژی” هولەندی کە یەکێک لە گەورە ترین مشتەریەکانی نەوتی ئێرانە، ڕایەگەیاندوە کە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە تەوافوقی بەرجام هاوردە کردنی نەوتی لە ئێران کەم کردۆتەوە بۆ نیوه‌. هەروەها شیرکەتی ئاڵمانی ” هاپاک- لوید” یەکێک لە دوو هێڵی خزمەتگوزاری گواستنەوەی بار لە کەشتیەکانەوە بۆ بەندەرەکان لە ئێران ڕادەگرێت.

بێ گومان درێژەی ڕەوتی کەم بوونەوەی نرخی تمەن لە بەرانبەر ئەرزەکانی دیکەدا کاریگەری زۆری لەسەر بارودۆخی بەڕێچوون و ژیانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش دەبێت. لەگەڵ به‌رز بوونەوەی نرخی ئەرز تەوەڕوم و ئاوسانیش زیاتر دەبێت. دەوڵەتیش نرخی کالا هاوردە کراوەکان و بەرلە هەموان گەنم و برنج و تەنانەت کالا واسیتەییەکان لە نێوخۆدا بەرز دەکاتەوە. زیاد بوونی تەوەڕوم، داخرانی زۆرێک لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان ڕکودی ئابووری بەشوێنەوە ئەبێت کە بە واتای گەشەی بێکاری و پەرەدان بە هەژارییە. لەم ڕوانگەیەوە چالاک بوونەوەی تەحریمە ئابووریەکانی ئەمریکا کە بە ئامانجی هاو جیهەت کردنی زیاتری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ خۆی بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتی زل هێزە سەرمایەداریەکانی رۆژئاوا و ئەمریکا و بەرگرتن لە زێدە خوازییەکان و دخاڵەتی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا دەسەپێندرێت، جەنایەت کارانەیە لەبەر ئەوەی دوکەڵەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە چاوی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بێبەش و هەژاری ئێرانەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە داسەپاندنی ڕیازەتی ئابووری زیاتر بەسەر خەڵکدا بە بیانوی بوونی تەحریمەکان دەرفەتی زیاتر بۆ دەرێژەدان بە حاکمیەتی جەنایەتباری بە دەست دێنێ. مانەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە واتای درێژەی هەژاری و برسیەتی و داسەپاندنی ڕیازەتی ئابووریە. بۆ ڕزگار بوون لەم بارودۆخ و ژیانە پڕ لە ئێش و ئازارە ڕێگایەک بێجگە لەویکە هەنگاوی پتەو لە مەسیری روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیدا و دامەزراندنی حاکمیەتی کرێکاری و جەماوەری خەڵک هەڵبێتەوە، نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-